رۆژنامەی ھەولێر

شێخ مەقسوود کوردی هەر چوار پارچەی کوردستانی لە دەوری یەکتر کۆ کردەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پرسی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شيخ مەقسوود و ئەشرەفیە و دیمەنی ئاوارەبوونی زیاتر لە سەد هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە لە لایەک و بێرێزیکردن بە گەنجان و هاووڵاتییانی سڤیلی کورد و شێواندنی تەرمی ئەو کچە شەڕڤانە کوردەی لە لە شەڕەلەدا گیانی بەخت کردبوو، ناخی هەموو کوردێکی لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەژاند و ڕووداوی شێخ مەقسوود، سەرەڕای تۆمارکردنی داستانێکی پڕ لە سەروەری و قارەمانێتی، مێژووی پڕ لە تراژیدیای کوردی بە کورد ئاشنا کردەوە.

هێرشی بەرفراوانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر دوو گەڕەکە کوردنشینەکە لە شەشی مانگ دەستی پێ کرد، دوای پێنج ڕۆژ جەنگێکی ناهاوسەنگ لە چوارچيوەی ڕێککەوتنێکدا بە کشانەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئەو گەڕەکانە بۆ ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی پێهات، هەسەدە بڵاوی کردەوە بەم هەنگاوەیان ڕێگرییان لە کۆمەڵکوژی کردووە و بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی ئەو بڕیارەیان داوە.
هيزە چەکدارەکانی دەوڵەتی سووریا بە هەمان سیمای ڕیشی شێواو و جلی شۆڕیان لە شاشەی میدیاکان دەرچوون بەو جیاوازییەی تەنیا لۆگۆی ڕەشی سەرشانیان لە دەوڵەتی ئیسلامی و قاعیدە و بەرەی نوسڕە و تەحریر شامەوە بۆ دەوڵەتی نوێی عەرەبیی سووریا گۆڕدرابوو، چل و سێ هەزار چەکدار زۆر بێبەزەییانە بە تانک و تۆپ و درۆن پەلاماری گەڕەکەکانیان دا و شەڕی چەند سەد کەس لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانیان کرد، ئەوان هەمان دروشمی سەردەمی دەوڵەتی ئیسلامییان لە کاتی هێرشەکانیاندا بەرز کردەوە و هەمان کردار و ڕەفتاری داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانیان دووپات کردەوە.
جەوهەری هێرشەکان سەلماندی خەمی گەورەی دەوڵەتی دیمەشق کيشەی ئەمنی و بەڕێوەبردنی ئاسایشی گەڕەکێک نییە ئەوەندەی کێشەیان بوونی بوونەوەری کوردە لە ناو جەرگەی عەرەب. کوردیان نەک وەک و هاوبەش و برا ناوێت بەڵکوو بە مرۆڤیش قبوڵیان نییە، تینووی خوێنی کوردن، لە هەر بەرگێکدابێت دەیناسنەوە ئەگەر ئیسلامی بێت یان عەلمانی، چەپ بێت یان ڕاست، ناسیۆنالیستی بێت یان سۆسیالیستی، کاکەیی بێت یان ئێزدی، جوو بێت یان کریستیان، چارەی کوردیان ناوێ و حەز بە فڕکردنی خوێنی دەکەن.
هیچ تاکێکی کورد دیمەنی ئەو کچە کوردەی بیر ناچێت بوێرانە تا دواین دڵۆپی خوێن بەرگریی لە خەڵک و کەسوکاری خۆی کرد، دەنیز داستانی قارەمانێتی تۆمار کرد و دوای ئەوەی هەموو فیشەکەکانی لێ دەبڕێت و گورزی کاریگەر دەوەشێنێت بە دواین فیشێک کۆتایی بە گیانی خۆی دەهێنێت و رێگە نادات بە زیندوویی بکەوێتە دەستی ئەو توندڕەوانە و دواتر چەکدارانی سوپای سووریا بە گوتنی اللە اکبر تەرمەکەیان لە سەر باڵەخانەکە فڕێدایە خوارەوە و بەم کردارەیان شاگەشکە بوون و شارستانییەتی ڕەشی خۆیان پێشانی هەموو جیهان دا. یەکێک لەو چەکدارانە کە رۆڵی سەرەکی هەبوو لە بێڕێزیکردن بە تەرمی دەنیز کەسێکی بیانیی بوو بە ناوی ئەحمەد کە لە میسرەوە چەند ساڵێکە هاتووەتە پاڵ گرووپە توندڕەوەکانی سووریا.
ئەو هێرشەی کرایە سەر ئەو گەڕەکە کوردییانە هەر چەندە ناخۆش و کارەساتبار بوو بەڵام جارێکی تر لە هەر چوار پارچەی کوردستان کوردی لە خەو ڕاچڵەکاند .خەڵکی کوردستان بە چەپ و ڕاست و بە هەموو ئایین و ئایینزاکان و لە سەر مینبەر و لە خوارەوەی مینبەر بە سەرۆک و هاووڵاتیی ئاساییەوە نەفرەتیان لەو کردەوەیەی چەکدارانی سووریا کرد و بە توندی سەرکۆنەیان کرد. جگە لەمە میدیاکانی کوردستان بە یەکدەنگی رووماڵی رووداوەکانیان کرد و کوردانە دەنگ و رەنگی ستەمليکراویان بە جیهانیان گەیاند، هاوکات گوتاری بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی هەستێکی گەرمی مرۆیی و کوردانەی لە ناو دڵ و دەروونی هەر تاکێکی کورددا چاند.
گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان جارێکی تر دەستیان بۆ گوتاری نەتەوەیی بردەوە و بەیەکەوە هاواریان کرد ئەوەی ڕزگارکەری کوردە لەو نەهامەتی و ئەنفال و کۆمەڵکوژی و کارەساتانە، یەکيتیی و یەکگرتوویی ناوماڵەکەی و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەیەتی و بەدەر لەم یەکڕیزییە هیچ شتێکی تر فریای ناکەوێت.