د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی*
هێرشەکانی سەر حەلەب بەتایبەت دوو گەڕەکی کوردنیش، شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، خۆ هەر رووداوێکی سیاسی و کاتی نیە، بەڵکو دیوێکی تر و دیرۆکێکی قووڵتری هەیە و پەیوەندی بە برینی ساڕێژنەبوو و قەیرانێکی ڕیشەدارەوە هەیە، کە بەستراوەتەوە بە میراتی ئەقڵیەت و تێڕوانینی رەوت و رژێمە خۆپەرستەکانەوە، بەشێکیان بە ناوی عروبە و بەشێکیان بە ناوی ئیسلامەوە قەت ئامادە نین دوور و نزیک دان بە کورد و مافە رەواکانیدا بنێن.
ئەوەی بەرامبەر کورد کراوە و دەکرێت، بەهەموو پێوەرە ئەخلاقی و ئینسانیەکان پێشێلکاری و زوڵمێکی گەورەیە، ئامانجی هەرە سەرەکییش سەرکوتکردن و شکاندنی ئیرادەی کورد و شێواندنی شوناس و دیمۆگرافیایە، هاوکات بەو هەموو نەهامەتیەی بەسەر کورد هێنراوە و دێت، کورد وەک گەلێکی خۆڕاگر و بەئیرادە لەسەر خاک و ناسنامەی خۆی ماوەتەوە و سازشی نەکردووە، لە مێژووشدا وابووە ئەوەی ستەمی کردووە و مافی کوردی پێشێل کردووە شەرمەزاریی بۆ ماوەتەوە، ئەوەشی بەرگری لە ماف و مانەوە و کەرامەتی کورد کردووە بۆتە رەمزی شانازیی کورد و مرۆڤایەتی.
کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ و کولتووری لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی، هەمیشە ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە، ئیسلام نەکاتە ئامراز بۆ ئەجێندای سیاسی و ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی تایبەتی، بەڵکو لە ئایینەوە ئەو تێگەیشتنەی لا گەڵاڵە بووە، کە مرۆڤایەتی بەو هەموو تیرە و هۆز و گەل و نەتەوەیە، ئیرادە و ویستی خوای پەروەردگارە لەپێناو ئامانجێکی گەورە، کە خۆی لە چوارچێوەی مرۆڤایەتی و یەکتر قەبووڵکردن و ئاشنایەتی و پێکەوەژیان دەبینێتەوە، خوای گەورە دەفەرمێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا..) الحجرات:13.
لەگەڵ ئەمەدا بەدرێژایی مێژوو کورد ستەمی لێ کراوەو خاکی پارچە و داگیرکراوە و مافی خوراوە یان نەدراوە، وەلێ لە جیهانی ئیسلامی کەسێکمان نەبینی پاڵپشتی قەزیەی کورد بکات و ئەوەی ئیسلام پێی بە ڕەوا دەبینێ قسەی لەسەر بکات، رۆژێک هەڵوێستێکی وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبی ئیسلامیمان نەبیست، بڵێ بەپێی ئایینی ئیسلام، کوردیش هەمان ئەو مافەی هەیە کە گەلانی تر هەیانە، لەوەش زیاتر سیاسیەکانیان وەک دروشم جاری وا هەیە موجامەلەی کورد دەکەن، بەڵام لە رووی پراکتیکیەوە تا سەر ئێسقان دژن و قسەو بڕیاریان بستێک لە خۆیان تێپەڕ نابێت! دوا نموونە دۆخی رۆژئاوایە؛ کە هەمووان چاوەڕوانی زۆرمان لە سووریای نوێ هەبوو، بەتایبەت لێکتێگەیشتن و پێنگاڤی گرنگ و ستراتیژی نرا لەپێناو سەروەریی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری و مافی پێکهاتەکان لە بنیادنانەوەی وڵاتدا، بەڵام بەداخەوە نەک گرێنتی پاراستنی مافی کورد نەدرا، بگرە هەوڵێک هەیە بۆ لەباربردنی خەونی کورد و شکاندنی ئیرادەی ئەو نەتەوەیەی پتر لە هەشت سەدەیە مێژووی هەیە و خاوەنی ئەو خاکەیە، قەڵای دیمەشق و قوتابخانە و شوێنەواری ئەو شارە و بوونی سووریا وەک ناوەندی بڕیار لە سەردەمی سوڵتان سەلاحەدین ناوچەکە، هێمای ئەو راستیە دەردەخات کورد پێکهاتەیەکی نامۆ و میوان نیە، بەڵکو نەتەوەیەکی خاوەن ماڵی سەر خاکی خۆیەتی دەیەوێ بە ئازادی و کەرامەتەوە بژێت و شوناسی خۆی بپارێزێت، چونکە ئەم دیرۆکە لە چوارچێوە مێژوودا تەنیا چالاکیەکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو گوزارشتە لە ڕەسەنایەتی نەتەوەیەک کە مێژووی ناوچەکەی نەخشاندووە.
لەسەر ئاستی ئایینیەکەش کورد نمونەیەکی سەرکەوتوو بووە لە خزمەتکردنی ئیسلام و توراسی ئیسلامی، خشتێکی جوانی هەیکەلی دینداری راستەقینە و جیهانی ئیسلامی بووە، لە گەشەپێدانی شارستانیەت و هەڵکەوتەی هەزارەها سەرکردە و زانای پایەبەرزی ئایینی و پاڵپشتی رێبازی زانستی و تەبلیغ و پەیڕەوی ئایینی و گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان، قەت نەبووە کورد بە ناوی ئایین و نەتەوەوە ستەمی لە کەسێک کردبێ یان هەڕەشە و مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایش و کیانی لایەنێک و دەوڵەتێک، هەزار ساڵ پترە رۆڵی زانایانی کورد لە خزمەتی دین و ژینی گەلەکەمان ئەرێنی بووە و هەوڵی تەواویان داوە رەحمەتی ئیسلام پیشان بدەن و چوارچێوەیەکی دروست و زانستی دنیابینی و دینداری نەتەوەی کورد بگوازنەوە بۆ جیهانی ئیسلامی، کە لەناو کورددا ئایین نەک تەنها فاکتەری یەکڕیزی نەتەوەیی، بگرە هۆکاری ئاشتیخوازی بووە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
کەچی گەل و وڵاتی تر بەناوی ئیسلامەوە زڵمی گەورەیان لە کورد کردووە و دەکەن و زیانی گەورەشیان پێ گەیاندووە، وێڕای پارچە پارچەکردنی کوردستان لەلایەن زلهێزانەوە، پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و تەهجیر و تەعریب و تەرحیل و کوشتوبڕی زۆرو دروستکردنی لەمپەرو مەینەتی جۆراوجۆر لە وێڕانکردنی شار و دێهات و گۆڕینی دیمۆگرافیا و سەپاندنی هێز و رێگەنەدان بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و دەیان بەربەستی تر! بەشێکی ئەو مێژووە تاڵەیە کورد لەگەڵی ژیاوە، بە مانایەکی تر کورد بەس بۆ ئەوەی بژیێت دەریایەک خوێنی بۆ مافی خۆی و پارێزگاری لە بوونی خۆی رشتووە و هەزارەها رۆڵەی ئەو میللەتە بۆتە قوربانی رێی رزگاری کوردستان، کەچی نەک کەس بە ناوی ئیسلامەوە بەجواب نەهات! بگرە زۆربەشیان رەوایەتییان دەدا بەو کردە وێرانکەر و شۆڤێنی و پاکتاویانەی بەرامبەر کورد کراوە و دەکرێت، خۆ ئەگەر چەند وڵات و لایەن و گروپێک هەڵوێستی جوان و موسڵمانەیان پیشان دابایە و بە ویژدانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردبا، ئێستا دەمانگوت بێ کەس نین و ویژدانی مرۆڤایەتی بەرامبەرمان زیندووە و ئەوانە بە چاوی ئیسلامەوە سەیری میللەتان دەکەن و ئەوەی بۆ خۆیان پێیان خۆشە بۆ برای موسڵمانی خۆیان هەمان شتیان دەوێت! وەلێ بەداخەوە…
ئێستا لە ئاست ئەو هێرشانەی سەر کورد لە حەلەب بەشێکی زانا و کەسایەتی ئایینی و بانگخواز و موسڵمانی سووریا، بەری چاویان لێڵ بووە و جاڕی جیهاد بەرامبەر کورد لێ دەدەن و بە وتنی (الله أکبر) پاڵپشتی دەکەن لە کومەڵکوژکرانی کورد و ئەو ستەمە گەورەیە دەشەرعێنن بەرامبەر کوردانی رۆژئاڤا، وەک بڵێی کورد هەر موسڵمان نەبێت بەلایانەوە وا دەهۆڵی شەڕی بۆ دەژەنن! چ عەجەب ئەوانە چۆن لە ئیسلام حاڵی بوونە و بە چ ویژدانێکەوە رێگە بە ماڵوێرانی و دەربەدەری و کوشتن و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدەن؟ مەگەر کورد موسڵمان نینە؟ پێکهاتەیەکی رەسەن و خاوەن مێژووی خۆی نیە لەم وڵاتە؟ لانیکەم مرۆڤ نیە و مافی ژیانی نیە؟ ئەی ئەو هەموو ئایەت و فەرمودانەی باس لە ماف و برایەتی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و پاراستنی کەرامەت و گیان و ماڵ و سامان و نەژاد دەکەن چ لێ دەکەن؟ چۆن وڵامی خوا دەدەنەوە تا فەتوای لەناوبردنی کورد دەربکەن؟ چۆن بە ناوی سیاسەت و بەرژەوەندی، پاساو بۆ ستەم دەهێنرێتەوە و، چاوپۆشی لێ دەکرێت؟ لە کاتێکدا لە ڕووی شەرع و ئەخلاق و مرۆییەوە کارێکی رەتکراوە و ناپەسند و تاوانە و بەدڵنیاییەوە ئیسلام بەرییە لەو هەڵسوکەوت و هەڵوێستە نادروستانە.
بۆ کەسێک کە بانگەشەی دیکتاتۆری و بێ دینی و هەڵپەرستی بکات، لێی چاوەڕوان دەکرێت ستەم و تاوانکاری ئەنجام بدات، بەڵام کەسێک خۆی بە خەلیفەی موسڵمانان و میراتگری پێغەمبەری رەحمەت بزانێ و نازناوی (شەرع) لە خۆی بنێت، نەک نەنگی و شوم و شەرمەزاری وپەڵەیەکی رەشە، بگرە کارەساتێکی مرۆیی هەرە مەزنە بێویژدانانە بەر بیتە گیانی نەتەوەیەکی موسڵمان، کە داوای ژیان و ماف و کیان و خاکی خۆی دەکات و خوای باڵادەست ئەو مافەی پێ داوە.
لەنێوان ئەو (شەرع)ـەی لە بەرگی ئایینی خۆی نمایش دەکات و عاتیفەی دینی بەکار دێنێت بۆ لێدان و کوشتن و هێرشکاری و نەهێشتنی کورد، لەگەڵ (شەرع)ی خوا – جل جلاله – کە هەموو ئەمانەی حەرام و مرۆڤەکانی بە یەکسانی خەلق کردووە و دادپەروەریی کردووەتە بنەمای حوکمڕانی و ستەمی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە قەدەغە کردووە و ڕێزی لە مرۆڤ گرتووە و مافی هەمووانی پاراستووە، نێوانیان ئەرزو ئاسمانە! ئەگەر ریش و دینداری ئەو رووکەش و نمایش نیە، بۆ لەجیاتی شەڕ؛ بژاردەی ئاشتی پەیڕەو ناکات و بە یەک چاو سەیری هاوڵاتیانی ناکات و پاڵپشتی لە داوا و مافی کوردی موسڵمان ناکات؟ ئەگەریش ئامانج دەوڵەتی خیلافەت و پابەندی دیندارییە چما لە (جبل الشیخ) کە خاکی سووریایە و ئیسرائیل داگیری کردووە نوقەی لێوە نایەت!؟
ئەوەی روو دەدات لە حەلەب تەنها پاککردنەوەی چەند گەڕەکێک نیە وەک دەڵێن، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەمارۆی ناوچەکە و شەڕی کورد و تێکشکاندنی ئیرادەیە، لەبەر ئەوە بە نیسبەت کورد ویژدانی مرۆڤایەتی بە گشتی و وڵاتانی ئیسلامی و ئیقلیمی بەتایبەتی لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، لەوەی پاڵپشتیکردنی کورد تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نیە، بەڵکو بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری دەکەن.
* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژ و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

