دوایین رۆژی ئۆڵمپیكی زستانه‌ی په‌كین هه‌وادارانی ئه‌ڵمانیا، ژاپۆن و رووسیای دڵخۆش كرد

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، له‌ راپۆرته‌كه‌ی ئه‌مجاره‌دا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیان رووداوه‌كانی یاریی باسكه‌، تێنس و ركابه‌رییه‌كانی ئۆڵمپیكی زستانه‌ی په‌كین ده‌كه‌ین.

یوتاجاز ده‌بێته‌ ئه‌سپه‌ڕه‌شه‌كه‌ی باسكه‌ی ئه‌مریكا
لە خولی باسکەی ئەمریکا، یوتاجاز پێنجەم بردنەوەی لەسەر یەکی بەدەستهێنا.
لە کۆمەڵەی خۆرهەڵاتی خولی باسکەی ئەمریکا، یوتاجاز چوارەمی کۆمەڵەکە دوای چوار بردنەوەی لەسەر یەک، ئەمجارەیان پێشوازی لە ئۆرلاندۆ ماجیک کرد و، یارییەکەشیان بە ئەنجامی 114 خاڵ بەرامبەر 99 خاڵ بردەوە و، 35ـه‌مین بردنەوەی ئەم وەرزەشیان بەدەستهێنا.
لەم یارییەدا دۆنۆڤان میچێل بە تەنها 24 خاڵی بۆ یانەکەی تۆمار کرد و، سەرکردایەتی بردنەوەی یوتاجازی کرد.

چارلۆت دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی خراپه‌ به‌هێزه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌
هەر لە خولی تۆپی باسکەی ئەمریکا. چارلۆت هۆرنێتس لە دەرەوەی یاریگای خۆی بردنەوەی بەدەستهێنا.
چارلۆت هۆرنێتس دوای زنجیرەیەک ئەنجامی لاواز و شەش دۆڕانی لەسەر یەک، ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی دیترۆیت پیستۆنزی خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی کۆمەڵەی خۆرئاوا، یارییەکەشیان بە ئەنجامی 141 خاڵ بەرامبەر 119 خاڵ بردەوە و گەورەترین بردنەوەی ئەم وەرزەشیان تۆمار کرد.
لامیلۆ بال لەم یارییەدا 31 خاڵی تۆمار کرد و، سەرکردایەتی بیست و نۆیەمین بردنەوەی ئەم وەرزەی چارلۆتی کرد.

رۆبلێڤ گه‌یشته‌ قۆناخی پێشكۆتایی
ئاندرێ روبلێڤ گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانییەتی تێنسی رۆتێردامی 500 خاڵی.
ئاندرێ روبلێڤ تێنسزانی رووسی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانییەتی تێنسی رۆتێردامی هۆڵەندا رووبەرووی مارتۆن تێنسزانی هەنگاری بووە و توانی یارییەکە بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش چوار و شەش سێ بوون.
بەم بردنەوەیە روبلێڤ خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی و لەم قۆناخەش رووبەڕووی فلیکس ئۆگێی تێنسزانی کەنەدی دەبێتەوە.

ركابه‌رییه‌كانی ئۆڵمپیكی زستانه‌ تا دێت گه‌رمتر ده‌بێت
رکابەرییەکانی ئۆڵمپیکی زستانەی پەکین بەردەوامن و لە رۆژی هەشتەمدا وەرزشوانانی ژاپۆن ریکۆردێکی نوێیان لە خلیسکانی خێرا تۆمار کرد، رووسیاش لە خلیسکانی ماوە درێژ مێدالیای زێڕی بردەوە و لە یاریی هۆکیشدا ئەمریکا دوای هەشت ساڵ تۆڵەی لە کەنەدا کردەوە.
لە قۆناغی چارەکی کۆتایی خلیسکانی خێرا ژاپۆنییەکانی رکابەرییەکی بەهێزیان کرد و دواجار مەوداکەیان بە دوو خولەک و 53 چرکە و 61 لە سەدای چرکە بڕی و جگە لە گەیشتنیان بە قۆناغی پێش کۆتایی، ریکۆردێکی نوێیان تۆمار کرد، لە قۆناغی داهاتووشدا ژاپۆن لە دژی رووسیا یاریی دەکات و کەنەدا و هۆڵەنداش رووبەڕووی دەبنەوە.
لەلایەکی دیکە رووسیا یەکەمین مێدالیای زێڕی لە خلیسکانی ماوە درێژ و چوار جار پێنج کیلۆمەتری تێکەڵاو بەدەستهێنا.
هەریەکە لە یۆلیا ستۆباک و ناتالیا و تاتیانا سۆرینا و ڤیرۆنیکا سەرکردایەتی رووسیایان کرد و مەودای پێشبرکێیەکەیان بە 53 خولەک و 41 چرکە تەواو کرد و پلەی یەکەم و مێدالیای زێڕیان بردە.
خلسیکێنەرانی ئەڵمانیاش بە بردنەوەی پلەی دووەم مێدالیای زیویان دەستخست و مێدالیای برۆنزیش بووە بەشی سویدیەکان.
لە رکابەرییەکانی هۆکی سەر شەختە، هەڵبژاردەکانی ئەمریکا و کەنەدا بەیەک گەیشتن.
له‌م یارییە ئەمریکا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد لەپێناو گەیشتن بە چارەکی کۆتایی کە یەکەمین یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە بوو لەوەتەی یارییەکانی سۆچی 2014، دواجار ئەمریکا یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و تۆڵەی شکستەکەی 2014یان لە کەندا کردەوە.

ھەواڵی زیاتر