رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی یانەی وەرزشی ئامەد سپۆر دەکا

ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی یانەی وەرزشی ئامەد (ئامەد سپۆر) بە سەرۆکایەتی ناهید ئەرەن سەرۆکی یانەکە کرد.

لە دیدارەکەدا، شاندی میوان کورتەیەکیان لە چالاکییە وەرزشییەکانی یانەی ئامەد سپۆر بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو کە یەکێکە لە یانە پێشەنگەکانی وڵاتی تورکیا. هەروەها گرنگیی و بایەخدانی هەرێمی کوردستانیان لە پەرەپێدانی بواری وەرزشی بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و ڕایگەیاند کە وەرزش ڕۆلێکی گرنگ و بەرچاوی هەیە لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی.

سەرۆك بارزانی هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆک و دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی و یاریزانان و هاندەرانی یانەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆیان خواست لە داهاتوودا.