سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازیی لە فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا ، گفتوگۆ لە بارەی ڕۆڵی کارای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بواری یاسادانان و چاودێریی و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق کرا.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران وەک دەسەڵاتی یاسادانان، جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووری هەرێمی کوردستان کردەوە.

