رۆژنامەی ھەولێر

٤٧ ساڵ بەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٤٧ ساڵ لەمەوبەر، لە ٨/١/١٩٧٩، لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی درا، لەو ڕۆژەدا سەرۆک بارزانی بەنیاز بوو لە ڤیەنناوە بەرەو پاریس بچێت، لەلایەن ھەواڵگریی عێراقییەوە لە دەرەوە ڕووبەڕووی ھەوڵێکی تیرۆریستی بووەوە.

دوژمنانی کورد ھەوڵیاندا لەڕێگەی تیرۆرەوە مێژوو ڕابگرن، بەڵام شکستیان ھێنا، ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی لە ڤیەننا، تەنھا تیرۆری جەستەیی نەبوو، بەڵکو ھەوڵێکی شکستخواردوو بوو بۆ کۆتاییھێنان بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و کوردایەتی.
ئەوکاتەی ڕژێمی بەعس لەڕێگەی دەزگا ھەواڵگرییەکانییەوە لە نەمسا ھەوڵی بێدەنگکردنی سەرۆک بارزانییان دا، نەیانزانی کە ئەو ڕێبازە بە تیرۆر ناوەستێت.
سەرۆک بارزانی لە پێناو گەلەکەیدا ھەموو مەترسییەکانی بەلاوە نا و ئەمڕۆش وەک چیاکانی کوردستان، بە پێگەیەکی مەزنتر و کاریگەرتر لە ھەمیشە ماوەتەوە، ئەم یادە نیشانەی ئەوەیە کە نەیاران ھەمیشە لە گەورەیی و کاریگەری سەرۆک بارزانی ترساون، بەڵام ھەموو پیلانەکانیان وەک ھەمیشە چووە ناو گۆڕستانی مێژووەوە.
لە دوای پیلانگێڕییەکەی ساڵی ١٩٧٥ کۆمەڵێک لە کادیرانی پارتی، شاری ڤیەننا لە نەمسا دەکەنە مەڵبەندی سەرھەڵدانەوەی شۆڕش و لەوێوە درێژە بە خەبات دژی ڕژێمی بەعس دەدەن، بەدیاریکراویش لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبێتە ناوەندێک بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوەی کورد لە پێناو درێژەدان بەو خەونە پیرۆز و نەتەوەییەی کورد ھەیەتی.
جووڵەی ناوخۆی کوردستان و پێکھێنانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی لە دەرەوەی کوردستانیش، بەتایبەتی ئەوروپا دەستی بە چالاکی کردبوو، ڤیەننا ناوەندێک بۆ کۆبوونەوەی تێکۆشەرانی پارتی پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی پارتی کە بریتی بوون لە پێشمەرگە و کادر و کۆمەڵێک قوتابی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی، لە نەمسا نیشتەجێ بوون، بیریان لەوە کردەوە درێژە بە خەبات بدەن، بۆ ئەوەی تێکۆشانی تاراوگە و ناوخۆی کوردستان بەیەکەوە گرێ بدەنەوە.
دەسەڵاتدارانی عێراق لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەترسان و لە ھەموو ڕوویەکەوە ھێرشیان دەکردە سەر سەرکردایەتیی پارتی لەو ڕۆژەدا سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە ھەڤاڵەکانی سەرقاڵی کۆبوونەوە بوون، لە ماڵێکی تایبەتی خۆیان ھاتوونەتە دەرەوە، ژمارەیەک چەکداری سەربە دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، دەستدڕێژیی گوللەیان لێ کردن، لە ئەنجامی ئەو ھێرشەدا دوو ھاوڕێی سەرۆک بارزانی بریندار بوون کە ئازاد بەرواری و دکتۆر پیرۆت ئەحمەد بوون، سەرچاوە مێژووییەکان بە بەڵگەوە سەلماندوویانە کە بەرزان تکریتی زڕبرای سەدامی دیکتاتۆر، خۆی لەودەمەدا لە نەمسا بووە و ھەرخۆیشی داڕێژەر و سەرپەرشتیی ئەو کارەی کردووە، چونکە کاتێک سەرۆک بارزانی و ھاوڕێکانی لە نەمساوە گەڕاونەتەوە، لە فڕۆکەخانەی ئەسینا خۆیان بەرزان تکریتی و شەش لە پیاوانی ھەواڵگریی عێراقیان بینیوە کە جانتایەکیشیان پێ بووە، گومانی ئەوەیان لێ کراوە چەکەکانیان تێدا شاردبێتەوە، ئەوکات ئەوانیش پاش ئەوەی تاوانەکەیان بێ ئەنجام بووە، لە ڤیەنناوە بۆ عێراق گەڕاونەتەوە.
ھەوڵەکانی ڕژێمی بەعس بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پارتی لە سەردەمی شۆڕشدا پێشینەی ھەبووە، پێشتر ڕژێمی بەعس لە حاجی ئۆمەران لەڕێگەی بۆمبڕێژکردنی شاندێک لە پیاوانی ئایینی ھەوڵی تیرۆکردنی بارزانیی نەمر ڕابەری شۆڕشی ئەیلوولی دا و ھەوڵەکەیان شکستی ھێنا، پێشتریش لە بەغدا ھەوڵی تیرۆرکردنی ئیدریس بارزانی درابوو، کە بۆ بەدواداچوونی ئیشوکاری گفتوگۆی نێوان شۆڕشی کوردستان و حکوومەتی بەغدا چووبووە بەغدا.
شارەزایانی سیاسی و مێژوویی دەڵێن، ئەوکات ڤیەننای پایتەختی نەمسا ناوەندێک بوو بۆ چالاکییە سیاسییەکانی پارتی و خۆڕێکخستنەوەی، بەتایبەت دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ھاوکات ناوەندێکی گرنگ بوو بۆ قوتابییان و تێکۆشەرانی پارتی. دەشڵێن، ڕژێم وای زانی ئامانجەکەیان پێکاوە و سەرۆک بارزانی تیرۆر کراوە، بەڵام نەیانزانی پیلانەکەیان سەری نەگرتووە. ئاماژە بەوەش دەدەن، چوونی سەرۆک بارزانی بۆ ڤیەننا پایتەختی نەمسا، بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێکخستنەوەی پارتی بوو. عەبدولسەلام بەرواری، پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، کە یەکێک بووە لەو کەسانەی ئەو کاتە لە ڤیەننا بووە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستیپێکردبوو، ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون کە ڕژێمی شا کۆتایی پێدێت، سەرۆک بارزانی بە یاوەری شاندێک لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بوو، ئەو کاتیش ئەو وڵاتە ببووە سەنتەرێک بۆ جموجۆڵی سیخوڕانی ڕژێمی بەعسی عێراقی، بۆیە ھەوڵیاندا سەرۆک بارزانی تیرۆر بکەن، بەڵام ھەوڵەکە سەری نەگرت و لە ئەنجامدا ئازاد بەرواری و دکتۆر پیرۆت بریندار دەبن، بەڵام ھەوڵی تیرۆرکردنەکە پووچەڵ دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی، لە میدیای نەمسا دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، دوای ئەو ڕووداوەش، لە کاتی ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ نەمسا، بەردەوام ڕێوشوێنی ئەمنی توند دەگیرایەبەر بۆ پاراستنی.