ڕائیب جادر – هەولێر
نزیکەی ٥ مانگ دەبێت دووبارە نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییانی سنووری ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ کراوەتەوە، دەست بە قۆناغی دووەمی قەرەبووکردنەوەی چەکی پارەی ھاووڵاتییانی ئەو سنوورە دەکرێت و بە دە ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەوانەش خەڵکی شنگالن تا دەگاتە مەخموور لە قۆناغی یەکەم زیاتر لە ١٧٥ خێزان قەرەبوو کراونەتەوە، لە قۆناغی دووەمیش ٤٩١ خێزانی دیکە قەرەبوو دەکرێنەوە.
ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەند ناوچەیەک کە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان ناسراوە دانرا، دەبوایە بە سێ قۆناغ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێ بکرایە، ئەوانیش ئاساییکردنەوە و سەرژمێریی دانیشتووان و ڕاپرسی بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، بەڵام بە ھۆکاری سیاسی لەو ساتەوە تا ئێستا جێبەجێکردنی دواخراوە.
لە کابینەکانی دیکەی حکوومەتی عێراق، ھەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کردووەتەوە، لەپێناو یەکلایی کردنەوەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لەم کابینەی حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، جارێکی دیکە لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ پێکھێنرایەوە، بەڵام تائێستا ھەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ تا ساڵی ٢٠٠٣ پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس تەعریب کردنی ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام بوو، ھەزاران ھاووڵاتی کورد لە ناوچەکانی خۆیان ڕاگوێزران و عەرەب لە شوێنی ئەوان نیشتەجێکران، ھەروەھا زەوی و موڵکی ھاووڵاتییانی کورد دەستی بەسەردا گیرا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.
دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، لە دەستووری عێراق ھەردوو ماددەی ٥٣ و ٥٨ جێگیرکران، لە ماددەی ٥٣ ئاماژە بە جێبەجێکردنی خاڵی ١٤٣ کردووە کە تێیدا ھاتووە، ئەو ناوچە کوردستانیانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس داگیرکراون بگەڕێندرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، لە ماددەی ٥٨ باس لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەکات کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ھەردی خدر، بەرپرسی نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی ماددەی ١٤٠ لە نەینەوا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە بوودجەی ٢٠٢٥ تا ئێستا توانیومانە بە دوو قۆناغ ٦٦٦ چەکی قەرەبوو بەسەر ئاوارەکان دابەش بکەین، لە قۆناغی یەکەم ١٧٥ چەک دابەشی سەر خێزانە ئاوارە بووەکان کران، ئێستاش ٤٩١ـی چەکی دیکە گەیشتوونەتە نووسینگەکەمان و بەسەر ئاوارەکان دابەش دەکەین.
بەرپرسی نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی ماددەی ١٤٠ لە نەینەوا، دەشڵێ: ھەر خێزانێک مامەڵەی کرد بێت و لە ٢٠١٣ تا ئێستا قەرەبوو نەکرابێتەوە قەرەبوو دەکرێتەوە، ئەوانەش قۆناغ بە قۆناغ دەبێت دوای بەرزکردنەوەی ناوەکانیان بۆ بەغدا و وردبینی کردنی ناوەکان چەکیان بۆ دەکرێت و بەسەریاندا دابەش دەکەین.
ھەردی خدر، بەرپرسی نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی ماددەی ١٤٠ لە نەینەوا، ئاشکراشی کرد: لەگەڵ دابەشکردنی چەکی قەرەبوو ھەر کەسێک بکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ پارچە زەوییەکی پێ دەدرێت کە ژمارەیان ٥٢ ھەزار خێزان دەبن، کە تا ئێستا نزیکەی ٣٠ ھەزار خێزان قەرەبوو کراونەتەوە، ئەوانەش کوردن، لەبەر ئەوەی لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو دەربەدەر کرابوون و ئاوارە بوون و عەرەبی ھاوردە لە شوێنیان نیشتەجێ کرا بوون.

