رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆك بارزانی سەنتەری بڕیاری دۆزی كورد

‎هاودەنگ فارووق
كێشەی كوردانی ڕۆژئاوا لەم هەفتەیەدا گەیشتە لووتكە، هەستیاری و دەستوەردانی لایەنەكان تا دەهات توندتر دەبوو، دواجار بە پێكدادانی سەربازی لە هەردوو تاخی “ئەشرەفیە” و “شێخ مەقسوود”ی زۆرینە كوردنشینەكەی شاری حەلەب كۆتایی هات. وەك لە زاری شارەزا سەربازییەكانەوە دیار بوو، ئەو دوو گەڕەكە لەبەر چەندین هۆكاری گرنگ، مەحكووم بوون بە كەوتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆڵەكانمان لەم نەبەردییەدا، توانییان بەرخودانێكی ئەفسانەیی بكەن و مانایەكی نوێ بدەن بە گیانفیدایی و گیانبازی كوردبوون، بەڵام وەك ئاشكرا بوو، لەو بابەتەدا تەنیا گیانبازی بەس نەبوو، بەڵكو هاوكێشەیەكی ئاڵۆز لە ئارادایە كە پێویستە كورد بە وردی سەرنجی بدات.
كاریگەریی ئەو بابەتە لەسەر كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان زۆر بە قووڵی دەركەوت، هەمووان هاوسۆزی و پشتیوانیی بێقەید و شەرتیان بۆ كوردانی ڕۆژئاوا پیشان دا. لە شارەكانی كوردستان، پشتیوانی پیشان درا، خەڵكی كوردستان بۆ ڕاگرتنی كۆمەڵكوژی و داگیركاری و ئارامی بۆ كوردانی حەلەب درێغییان نەكرد.
سەرۆك بارزانی، وەك هەمیشە لە هەڵوێستی پایەبڵندی سەنگەری پێشەوەی كوردایەتیدا دەبینرا. پارتی و بارزانی بە هەموو توانای سیاسی و میدیایی و دیپلۆماتییەوە، هەوڵیان دا بۆ ئەوەی شكۆی كورد پارێزراو بێت، دەنگی مەزڵوومیەتی كورد نەكرێتە كارتی سیاسی.
سەرۆك بارزانی لە یەكەم چركەكانی شۆڕشی سووریاوە لە دژی بەشار ئەسەد، هەمیشە هەوڵی داوە كوردەكانی سووریا لە دەوری ستراتیژێكی نەتەوەیی و نیشتمانی یەكگرتوودا كۆ ببنەوە، چەندین جار دەستپێشخەریی كردووە بۆ لایەنە كوردییەكان، پشتیوانیی كردوون بۆ تێپەڕاندنی كێشەكانیان و گەیشتن بە دیدگەی هاوبەش.
لە كاتی پێكدادانەكانی حەلەبیشدا، سەرۆك بارزانی، وەكو مەرجەعی باڵای نەتەوەی كورد، هاتە سەرخەت و پەیامی سەنگینی خۆی بڵاو كردەوە، بەدوای ئەویشدا، سەرۆكی حكوومەتی كوردستان پەیامی خۆی بڵاو كردەوە. لە هەردوو پەیامەكەدا جەخت لە بڕگەیەكی جەوهەری كرایەوە: كە ئەویش هۆشداری درا كە “جینۆسایدی كورد” ڕێگەپێدراو نییە و ناكرێت جارێكی دی كورد قڕ بكرێتەوەو لە جێگەی باوبایرانی خۆی دەربكرێت،
بە تێگەیشتن لە هاوكێشە سیاسییەكان و بەرژەوەندیی زلهێزەكان و پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، سەرۆك بارزانی، لەوپەڕی هەڵوێستی بەرزیی گیانی كوردایەتی و پراگماتیكی سیاسییەوە، وەك ڕابەرێكی مەزنی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت تەخالەتی كردو پەیامێكی گرنگی گەیاندە هەمووان.
لێرەدا ئیدی دۆخەكە دەگۆڕێت، خودی سەرۆك كۆماری سووریا و بەدوای ئەویشدا “تۆم باراك” نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا، پەیوەندییان بە سەرۆك بارزانییەوە كرد و پەیامەكەی بارزانییان بەهەند وەرگرت. نەتوانرا دید و سەرنج و تێڕوانینی سەرۆك بارزانی، وەك سەنتەری دۆزی كورد لە ناوچەكە، تەجاوز بكرێت. كە ئەوەش جارێكی دی سەلماندییەوە كە كێشەی كورد بێ خاوەن نییە؛ سەرۆك بارزانی سەنتەری مەرجەع و موخاتەبەیە لە هەر جومگەیەكی سیاسی و مێژوویی گەلی كوردستاندا.