رۆژنامەی ھەولێر

پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

وا بڕیارە ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی دەست پێ بکاتەوە و هەردوولا بە پێی ڕێککەوتن و بە لێکتێگەیشتنەکانی ڕابردوو باس لە چەند تەوەرێکی گرنگ بکەن لەوانیش پرسی هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق و پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانە.

بەپێی زانیارییەکان، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جگە لە پرسی پۆستی سەرکۆماری عێراق کە پێویستە لەماوەی دیاریکراوی یاساییدا دەست نیشان بکرێت، هاوکات پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ دەکەن، کە دواکەوتنەکەی چاوەڕواننەکراوبوو تا ئەمڕۆ.
لە ڕابردوودا چەندین جاری تر، شاندی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و پارتی هەوڵی ئەوەی دا بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز کۆبوونەوەکان نەگەیشتنە ئەنجام و دوای هەڵبژاردنی عێراقیش ئێستا هەست بە تێکەڵبوونی هاوکێشەی جیاواز دەکرێت بە تایبەت دوای ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەکەدا بووە براوەیەکی ڕەهای هەڵبژاردنەکە و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا.