رۆژنامەی ھەولێر

ئایە توركیا پشتی لە فەنزوێاڵ كرد؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوای ئەوەی نیكۆلاس مادورۆ، لەلایەن هێزی دەلتای ئەمریكاوە دەستگیر كرا، چاوەكان چوونە سەر توركیا، بەوەی هەڵوێستی چی دەبێت و ئایە ئیدانەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە دەكات، بەتایبەت رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرككۆماری توركیا.

ئەردۆغان و مادورۆ، پەیوەندییەكی زۆر بەهێز لە نێوانیاندا هەبوو، تەنانەت زۆرجار ئەردۆغان بە مادورۆی دەگوت برا و دۆست، ئەویش بەهەمان شێوە، بەڵام دوای دەستگیركردنی هەڵوێستی توركیا و خودی ئەردۆغان، بەگوێرەی بۆچوونەكان وەكوو پێویست نەبووە.
ئەردۆغان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی “ئێمە هەر دۆستی فەنزوێلاین و مادورۆش سەلماندوویەتی كە دۆستی توركیایە. ئەوەی روویدا دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و دژی دەوەستینەوە”
بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە لە وتارێكدا هێرشی كردە سەر ئەردۆغان و گوتی “ئەوەی دوێنی دۆستت بوو ئێستا لە زیندانە و بۆچی دەنگت نییە، دیارە دۆستایەتی لای تؤ هەر تا ئێرەیە و بەس.”
لیندسەی گراهام، سیناتۆرە بەناوبانگەكەی ئەمریكا و نزیك لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دوای دەستگیركردنی نیكۆلاس مادورۆ، سەرۆكی فەنزوێلا گوتی :“دەكرا ئەمڕۆ مادورۆ لە توركیا بێت، بەڵام لە نیۆيؤركە“. ئەم گوتانەی گراهام، بەو مانایە دێت، كە پێشتر داوایان لە مادورۆ كردبوو، وڵات بەجێبهێڵێت و بچێتە توركیا و لەوێ نیشتەجێ بێت، بەڵام رەتی كردەوە.
سەرۆكی فەنزوێلا بۆچی رەتی كردەوە، بچێتە توركیا و لەوێ نیشتەجێ بێت، لە كاتێكدا دۆستی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرككۆماری توركیایە و رێككەوتنێكی گەورەیان لە بواری كانزایەكانی فەنزوێلا هەبوو؟
دكتۆر ئێرتان ئێرۆل، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێت: ”لەبەر ئەوەی توركیا ئەندامی ناتۆیە، بۆیە نەدەكرا لەوێ نیشتەجێ بێت“
ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆن دۆستی ئەمریكان، بۆیە هەركاتێك ئەمریكا داوای بكردایە مادورۆی رادەست بكرێت، توركیا ناچاربوو رادەستی بكات، بۆیە رەنگە یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بووبێت بۆیە رەتی كردەوە.
پێشتر میدیاكانی ئەمریكا باسیان لەوە كردبوو، ئەمریكا داوای لە مادورۆ كردووە بچێتە توركیا و وڵات بەجێبهێڵێت، بەڵام رەتی كردوەتەوە. دوای دەستگیركردنی، گراهام ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردەوە كاتێك گوتی، دەكرا مادورۆ ئێستا لە توركیا بوایە.
ئاژانسی (DW)ی توركی باس لەوە دەكات، ئەگەر مادورۆ بهاتایەتە توركیا، رەنگە دادگایی نەكرابايە، بەڵام ئێستا لە ئەمریكا دادگایەكەی دوور و درێژ دەبێت و رەنگە دوو تا سێ ساڵ بخایەنێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دۆسییەی مادورۆ زۆر قورس نابێت لە دادگای ئەمریكا، بەتایبەت ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی لەبارەی بازرگانی بەمادەی هۆشبەر، چوونكە دۆسییەكەی گەورە نییە.
پێشتر سەرۆكی پاناما، لە ١٩٨٩ بەهەمان تۆمەت ئەمریكا دەستگیری كرد، بەڵام دوای ئەوەی ساڵانێكی زۆر لە بەندیخانەكانی ئەمریكا مایەوە و ئازاد كرا و لەسەر داوای خۆی رەوانەی پاریس كرا، بۆیە رەنگە ئەگەر مادورۆ، دوای چەند ساڵێك ئازاد بكرێت، توركیا هەڵبژێرێت بۆ ژیان.
پێدەچێت توركیا هەموو هەوڵێكی خۆی بدات، تا پەیوەندییەكان و ئەو گرێبەستە ئابوورییەی لەسەردەمی مادورۆدا ئەنجامیدا هەر بمێنێت، بەڵام بە پاڵپشتی ئەمریكا.