رۆژنامەی ھەولێر

لێدوانی فازڵ میرانی لەبارەی دوایین هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق

بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان زانیاری لەبارەی دوایین هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ خستەڕوو.

فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ فیونا بۆیتەرز یاریدەری نوێی كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە.

فازڵ میرانی دوای خستنەڕووی پوختەیەک لە مێژووى پارتى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستان، رایگەیاند كە دۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی بە قۆناغێکى هەستیار تێدەپەڕێت و بەرەو گۆڕانکارى نوێ دەڕوات.

سەبارەت بە هەوڵی لایەنە سیاسییەکانى عێراق و کوردستان بۆ پێکهێنانى حکوومەتى عێراقى فیدراڵ و حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی دووپاتى کردەوە كە هەوڵەکان بەردەوامن.

فازڵ میرانی جەختیشی كردەوە كە ئەوان وەك پارتی هیوایان وایە لەم نزیکانە حکوومەتى عێراقى فیدراڵ و حکوومەتى هەرێمى کوردستان پێکبهێنرێن.

وێنە: كۆبوونەوەی فازڵ میرانی و شاندەكەی كونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر:-