ڕائیب جادر – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، ئاماری کار و پڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٥ی ڕاگەیاند، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر جێبەجێکردنی سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری، قیڕتاوکردنی شەقامەکان و دابەشکردنی ھەزاران پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دھۆک، دەڵێ، زیاتر لە ١٩٠ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری خەرجکراوە و چوار ھەزار و ١٨ پارچە زەویش بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون. دەشڵێ، لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٢٥٦ ھەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە و گوازراوەتەوە بۆ کارگەکانی ڕیساکلین بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوچەکە.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دھۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتی ساڵانەی کار و چالاکییەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ خستەڕوو و ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو ٢٨ پڕۆژەی ستراتیژی بە گوژمەی ١٥٩ ملیار دینار جێبەجێ کراون.
وردەکاریی پڕۆژەکان و بودجە
بەگوێرەی ئامارەکان، جگە لە پڕۆژە بنەڕەتییەکان، ڕەزامەندی لەسەر ٣٨ پڕۆژەی دیکە لەسەر بودجەی وەزارەتەکان دراوە بە گوژمەی ٢٩ ملیار دینار، ھەروەھا ١٠٥ پڕۆژەی بچووک لەسەر (سلفەی) شارەوانییەکان بە بڕی ٢ ملیار و ٨٦٩ ملیۆن دینار ئەنجام دراون.
دابەشکردنی زەوی
دیار بەحری، ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی ڕابردوو بە چوار قۆناغ، ٤٠١٨ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سێمێل، تەناھی، ئاکرێ و خانکێ دابەشکراون، ھەروەھا ٢٤ پارچە زەوی بۆ پڕۆژەی پیشەسازی و وەبەرھێنان تەرخان کراون و ١٢١ پارچە زەوی ڕوکن و نایابیش فرۆشراون، کە داھاتەکەیان ١٠٠% بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە سنووری ئەو شارەوانییانە خەرج دەکرێتەوە.
کەرتی ژینگە و سەوزایی
لە بواری پاراستنی ژینگەدا، سێ گرێبەستی گەورە لە شارۆچکەکانی سێمێل، ئاکرێ، شێخان و بەردەڕەش بە گوژمەی ١٨ ملیار و ٦١٥ ملیۆن دینار جێبەجێ کراون، لەو چوارچێوەیەدا، ٢٥٦,٤٩٧ تۆن زبڵ و خاشاک گوازراوەتەوە بۆ کارگەکانی ڕیساکلین، ھەروەھا ١٢٠ ھەزار مەتر دووجا زەوی سەوز کراوە و ٢٧,٣٥٦ دار چێندراون، بەوەش ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگاکە گەیشتووەتە نزیکەی %١٢.
ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، ڕوونی کردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا ٧٧١ ھەزار مەتر چوارگۆشە شەقام قیڕتاو کراوە و ٢١,٤٧٧ مەتر چوارگۆشە کۆنکرێتی کۆڵانەکان ئەنجام دراوە، سەبارەت بە مۆڵەتی بیناسازیش، ٩٨٧ مۆڵەتی باڵەخانەی نیشتەجێبوون و ٨٣ مۆڵەتی بازرگانی بە ھاووڵاتییان دراوە، لە کەرتی بەکرێدانی موڵکەکانی شارەوانی، ١٥٢٤ گرێبەست ھەبووە، کە تێیدا ٢٨٤ گرێبەست نوێکراونەتەوە و ٣٥٦ گرێبەستی نوێش واژۆ کراون.

