رۆژنامەی ھەولێر

پارتی بە دوو کاندید دەچێتە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرکۆماری عێراق

کۆشکی سەلام لە چاوەڕوانی سەرۆکێکی نوێ دایە، ٨١ کاندید ناوی خۆیان تۆمار کردووە و کێبڕکێی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بە دوو کاندید دەچێتە کێبڕکێی بەدەستھێنانی ئەو پۆستە و ھەر یەکە لە فوئاد حوسێن و نەوزاد ھادی کاندیدانی پارتین بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق.

٢٩ـی مانگی ڕابردوو سەرۆک بارزانی، پەیامێکی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکردەوە و بە پێویستی دەزانێت ھەموو لایەنە کوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان ھەبێت، ئەم پۆستە پشکی کوردە و بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، دەبێ میکانیزمی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵکی تایبەتی خۆی نەزانێت.
سەرۆک بارزانی سێ پێشنیاز بۆ ھەڵبژاردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەخاتەڕوو: یان لە پەرلەمانی کوردستان کەسێک وەک نوێنەری کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری بکرێت، یان تێکڕای لایەنە کوردستانیەکان کۆببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر کەسێک ڕێکبکەون، یانیش نوێنەران و فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بکەن.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، مەرجیش نییە ئەو کەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری دەکرێت پارتی بێت یان یەکێتی بێت، دەکرێت لە لایەنێکی تر بێت یانیش بێلایەن بێت، گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ کرا، پارتی ٢٧ کورسی و یەکێتی ١٨ کورسی بەدەستھێنا، بەپێی مافی ھەڵبژاردن و خاوەن زۆرترین دەنگ و کورسی پەرلەمانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی خواستی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی ھەیە، بۆیە ھەر یەک لە دکتۆر فوئاد حوسێن و نەوزاد ھادی کاندید کردووە، پەرلەمانتارانی پارتیش دەڵێن، گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی پەرلەمانی عێراق ٨١ کەس خۆیان بەربژێر کردووە، بەگوێرەی بەدواچوونەکان ٣٣ لە بەربژێرەکان کوردن، لەو ٣٣ کوردەی بەربژێرن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، سێ کەسیان بە فەرمی بەربژێری حیزبن، ئەوانیش فوئاد حوسێن و نەوزاد ھادی، بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستانن، نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە، جیا لە لەتیف ڕەشید، کە ئێستا سەرۆککۆمارە لە پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و حیزبەکەی ڕەتیدەکاتەوە بەربژێری ئەو بێ، لەنێو ئەو کوردانەی خۆیان بەربژێر کردووە، ژمارەیەک ناوی دیار و ناسراو ھەن، وەکو خۆیان دەڵێن، بەربژێری “بێلایەن”ـن لەوانە؛ مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ئاسۆ فەرەیدوون عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، جوان محەممەد فوئاد مەعسوم، کچی فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و عەبدوڵڵا محەممەد عەلیاوایی، ڕاوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
دوای داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن بەشی ئاسایی پەرلەمانی عێراق لە ماوەی سێ ڕۆژی داھاتوودا وردبینی بۆ ناو و سیڤی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات، دواتر سێ ڕۆژی دیکە دەخاتە بەردەمیان بۆ تانە لێدان و دەبێت تا ڕۆژی ٢٩ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق ڕۆژێک دیاری بکات بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەگوێرەی دەستوور، پێویستە سەرۆک کۆمار لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێردرێت، واتە دوا وادە بۆ یەکلاکردنەوە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی ٢٩ی ئەم مانگە دەبێت، مەرجی پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرسە ڕایگەیاندووە و جەختی کردووەتەوە دەبێت ڕێککەوتن لەسەر بەربژێری پۆستەکە سەرەتا لە نێو ماڵی کورددا بێت، چ لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە بێت یان لە ڕێگەی کوتلە کوردییەکان لە بەغدا، بەو مەرجەی بەربژێرەکە ببێتە جێگەی کۆدەنگی ھێزە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: پۆستی سەرکۆماری عێراق پشکی کورد و پارتییە، پێداگریی پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕێگریکردن بووە لەو پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان گرێدراون، ھەر کاتێک پارتی و یەکێتی ڕێک بکەون، ئاسانە و دەتوانن ڕێککەوتن لەسەر بەربژێرێک بکەن و لایەنەکانی دیکەش ئاگادار بکرێنەوە، پارتی داوای لە یەکێتی کردووە چۆن دەمانەوێت سەرۆک کۆمار پێکەوە دابنێین، بەڵای ئێمە گرنگتر و ئەولەویەتر پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، فەرموو با حکوومەت پێکبھێنین، چونکە زیاتر لە ساڵێک بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە و تا ئێستا حکوومەتی ھەرێم پێکنەھاتووە، خەمان نەبێت حکوومەت پێکبھێنین، بڕۆین خەمی دامەزراوە ئیتحادییەکانمان بێت، بۆیە ئەو سینگ فراوانەی پارتی ھەیەتی و دەستکراوەی پارتی ھەبووە لە بەرامبەر یەکێتی لە بابەتی پێکھێنانی حکوومەت دەکرێت یەکێتی بقۆزێتەوە، ئەو کاتە چاوەڕێی ڕەت فەعلی ئیجابی پارتی بێت بەرامبەر بە پۆستی سەرۆک کۆمار.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: پارتی ھەمیشە باوەڕی بە ‌یەکڕیزی و پێکەوە کارکردن ھەبووە، پارتی ھێزی یەکەمی عێراقە و حیساب بۆ کراوە و کاریگەریی زۆری ھەیە لەسەر بڕیارەکان، بۆیە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ پارتی ڕێگا دروستەکەیە، پارتی چاوپۆشی لە شایستەکانی خۆی ناکات بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانی کوردستان زامن بکات، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارتی و خودی سەرۆک بارزانی ھەمیشە دەستپێشخەر و بەخشندە بوون بۆ یەکڕیزی نێوان لایەنەکان، بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەش کرد، پارتی زۆرجار لە ماف و شایستەکانی خۆی خۆش بووە تەنیا بۆ ئەوەی ناوماڵی کورد یەک بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە وەڵامی ئەو داواکارییانەیان نەداوەتەوە و ھیوای خواست لە داھاتوودا ھەموو لایەنەکان لە بەغدا یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی کورد بە بەھێزی بمێنێتەوە، وەک پارتی دەرگامان کراوەیە بۆ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ دروستکردنی ھەماھەنگی و کۆدەنگیی کورد لە ‌بەغدا، بەتایبەت لەم قۆناغەدا کە گرنگە حزبەکان واز لە شکاندنەوەی یەکتری بھێنرێت و بتوانین سەرجەم فراکسیۆنەکان بە یەکەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە‌کان ببینەوە لە ‌بەغدا.