رۆژنامەی ھەولێر

دەستگیركردنی مادۆرۆ توركیای بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەستگیركردنی نیكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكی فەنزوێلا لەلایەن هێزی دەلتای ئەمریكاوە، توركیای بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە، بەرەیەك پشتگیریی ئەو دەستگیركردنە دەكەن، بەرەكەی تریش دژایەتی دەكەن، بەتایبەت لایەنگران و میدیاكانی سەر بە ئاكەپە.

ماوەیەكی زۆرە، نێوانی رەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرۆكی فەنزوێلا زۆر باش بوو، تەنانەت چەند جارێك ئەردۆغان بە مادۆرۆی دەگوت برام و لە ٢٠١٩ كاتێك ویستیان كودەتا بەسەر مادۆرۆدا بكەن، ئەردۆغان پێی گوت، ئێمەت لە پشتە. جیا لەوەی پەیوەندییەكی باشی ئابووریی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەبوو و توركیا لەرێگەی چەند كۆمپانیایەكی خۆیەوە، كاری لەسەر كانزاكانی ئەو وڵاتە دەكرد، بەڵام هیچ سوودێكی بۆ گەلی فەنزوێلا نەبووە.
كاتێك مادۆرۆ دەستگیر كرا، میدیاكانی سەر بە جەهەپە و ئۆپۆزسیۆنی توركیا، وەكوو تانەیەك لە ئەردۆغان دەیانگوت، ئەوە براكەتیان دەستگیر كرد، بۆچی ناچیت ئازادی بكەیت؟
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە هەژماری خۆی لە (X) وێنەیەكی ئەردۆغان و مادۆرۆی بڵاوكردەوە و نووسیویەتی: ”دیموكراتی تۆ و دۆستایەتی تۆ و برایەتی تۆ تا ئێرەیە و بەس. جوان سەیری ئەو وێنەیە بكە بەڕێز ئەردۆغان، دەتگوت لە هەوڵی كودەتای ١٥ی تەممووز ئەوەی یەكەم كەس پەیوەندی پێوە كردم مادۆرۆ بوو، گوتت مادۆرۆ سەرت بەرز بكە و ئێمەت لە پشتە. ئەو سەرۆكەی لە هەڵبژاردندا ساختەكاری كرد و بەشێوەیەكی ناعادیلانە لەگەڵ گەلەكەی خۆیدا هەڵسوكەوتی دەكرد، تۆ پێت گوت برام، ئایە ئەوكات هەڵەت كردووە؟“
بورهانەدین دوران، وەزیری گەیاندنی توركیا، رەخنەی لەو هەڵوێستەی ئۆزەل گرتووە و دەڵێت دوورە لە هەموو نەزاكەتێك.
ئەو وەزیرە ئاماژەی داوە، رۆژێك بەر لە ئێستا ئۆزەل باسی لەوە دەكرد، نابێت كۆمەڵگە بەرەو دابەشبوون ببەین، كەچی بەو لێدوانەی لەبارەی ئەردۆغان، زمانەكەی راستەقینە نییە، بەڵكوو قین و چەواشەكاری تێدایە.
چەپەكانی توركیا هاوهەڵوێستن لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپەییەكان، ئەوان پێیانوایە ئەوەی ئەمریكا كردوویەتی پێشێلكارییە، بەتایبەت پێشێلی دەستووری نەتەوە یەكگرتوەكانی كردووە، چوونكە لە مادەی ٤ و بڕگەی٢ی نەتەوە یەكگرتوەكاندا هاتووە، هەر وڵاتێك پێشێلی سەروەری وڵاتێكی تر بكات و هێزی بۆ بەكاربهێنێت، قبوڵكراو نییە.
بەهۆی ئەوەی فەنزوێلا دژی نیولیبڕالیزم و سیستەمی سەرمایەداری بوو، بۆیە چەپەكان پشتگیریی دەكەن و وەكوو دكتاتۆر و گەندەڵیش ناوی نابەن، بەڵكوو پێیانوایە ئەمریكا بۆ بەرژەوەندی خۆی و بردنی نەوت و ئاڵتوونی فەنزوێلا پەلاماری ئەو وڵاتەی داوە و سەرۆكەكەشی دەستگیر كردووە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە نووسینێكدا ئیدانەی ئەو هەوڵەی ئەمریكای كردووە، بە هەوڵی كودەتای ١٥ی تەممووزی توركیا دەچوێنێت و دەڵێت هیچ جیاوازییەكی نییە.
باخچەلی باسی لەوەش كردووە، ئەوانەی لە رێگەی نووسین و وتارەوە رەخنە لە ئەردۆغان دەگرن و سووكایەتی پێدەكەن، بەهۆی ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ مادۆرۆدا هەبووە، هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەوانەی مادۆرۆیان دەستگیر كرد و پێشێلی سەروەری وڵاتەكەیان كرد.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا وای نیشان دەدات، مادۆرۆ نزیكترین هاوڕێی ئەردۆغان بووە، هەروەها رای گشتی توركیا بۆ ئەوە دەبەن، دكتاتۆرێك و گەندەڵێكی وەكوو مادۆرۆ، چۆن دەبێت ببێتە هاوڕێی ئەردۆغان و پشتگیریی بكات؟ بەڵام ئاكەپەییەكان هەموو پەیوەندیی و دۆستایەتییەكی مادۆرۆ و ئەردۆغان دەبەستنەوە بە پەیوەندیی دیبلۆماسی دوو وڵات، نەك پەیوەندیی دوو سەرۆك.