هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، ڕایگەیاند؛ لە ساڵی 2025دا بڕی 5 ملیۆن و 388 هەزار لیتر غازی شل بەسەر فڕنەکانی نان و سەموون لە هەولێر دابەشکراوە و 559 تۆن مەوادی ئێکسپایەریش لەناو براون.
دوێنێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2025ـی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ لە ساڵی 2025دا، تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، 14 هەزار و 20 شوێنیان بەسەرکردووەتەوە کە جوڵەی بازرگانییان تێدایە، لەوانە: مۆڵ، شوێنی سەوزە و گۆشتفرۆشتن، کۆگاکان و شوێنی نان و سەموونەکان.
هۆگر عەلی، ئەوەشی خستەڕوو؛ لەو بەسەرکردنەوانەدا، یەک هەزار و 619 شوێن بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان سزا دراون و 160 شوێنیش داخراون، هەروەها 28 کەسیش ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە کە 17 کەسیان بڕیاری کۆتاییان بۆ دەرچووە و 11 کەسیشیان کەیسەکانیان لە دادگا بەردەوامە.
هەر بەپێی ئەو ئامارانەی خستیەڕوو؛ لە ساڵی 2025دا بڕی 5 ملیۆن و 388 هەزار لیتر غازی شل بەسەر فڕنەکانی نان و سەموون لە هەولێر دابەشکراوە و 559 تۆن مەوادی ئێکسپایەریش لەناو براون.
هۆگر عەلی، ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ڕایگەیاند 21 پڕۆژەی هێلکە لە هەولێر هەن و لە ساڵی ڕابردوودا یەک ملیۆن و 724 هەزار کارتۆن هێلکە ڕەوانەی شارەکانی خوارووی عێراق کراوە، هەروەها کۆی گشتیی سزای دارایی وەرگیراویش گەیشتووەتە 358 ملیۆن و 996 هەزار دینار.

