فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاری پشک و مافی هەرێمی کوردستانی لە ٣ ساڵی ڕابردوودا بە پێی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی خستووەتەڕوو و تیایدا ئەوە هاتووە؛ کۆی گشتی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ سێ ساڵی ڕابردوو 58.3 تریلیۆن دینار بووە؛ بەڵام لە بەرانبەردا، حکوومەتی فیدراڵی تەنیا 24.3 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە.
پشک و ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی
لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق لە 21ی حوزەیرانی ساڵی 2023 کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) لەخۆ گرتبوو، تێیدا پشکی هەرێمی کوردستان دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، پەسەند کرا.
لە یاساکەدا پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە بە مەرجی ناردنی داهاتی نانەوتی بە گوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و پێدانی نەوتی بەرهەمهێنراو بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یاخود وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ، لەبەرانبەر ئەمەشدا حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان خەرج بکات بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، بەڵام لە تەواوی ئەو سێ ساڵەدا ئەو بڕەپارەیە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە کە لە یاسای بودجە دیاری کرابوو.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا، کۆی بودجەی فیدراڵیی عێراق 622 ترلیۆن و 632 ملیار و 967 ملیۆن دینار بووە. بەپێی ئەو داتایانەی لە ڕاپۆرتەکەدا خراونەتەڕوو، کۆی گشتی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ئەو سێ ساڵە 58.3 تریلیۆن دینار بووە؛ بەڵام لە بەرانبەردا، حکوومەتی فیدراڵی تەنیا 24.3 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە، کە ئەمەش دەکاتە:
– تەنها 41%ی کۆی مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
– تەنها 3.9%ی کۆی گشتی بودجەی عێراق لەو سێ ساڵەدا.
بودجەی وەبەرهێنان
یەکێک لە خاڵە سەرنجەکان لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەیە، حکوومەتی فیدراڵ لە ماوەی سێ ساڵدا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ بودجەی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە، واتا (0 دینار) لە کاتێکدا دەبوو بڕی 12.5 تریلیۆن دینار بۆ ئەم مەبەستە خەرج بکرایە. ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ژێرخانی هەرێم.
بیانووەکانی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان:
ساڵی 2024
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای بودجە و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەردەوام بوو لە دۆزینەوەی بیانوو بۆ نەناردنی پشکی کوردستان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ حکوومەت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لێرە بیانووەکانی حکوومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە خراونەتە ڕوو:
1. کێشەی لیستی مووچە
لە ساڵی 2024 حکوومەتی فیدراڵی کۆمەڵێک بیانووی هەبوو لەبارەی لیستی مووچە و داوای دەکرد لیستەکە بە زمانی عەرەبی بۆ بەغدا بنێردرێت و دواتر داوای ناوی چواریی مووچەخۆران و ناوی دایکی مووچەخۆرانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، سەرجەم ئەم بیانووانە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەهێڵدران و داواکارییەکانی بەغدا چارەسەر کران.
2. کێشەی UPN و بایۆمەتری
دوای ئەوەی بەغدا داوای گۆڕانکاریی لە لیستی مووچە کرد و بەوجۆرەی کە لە خاڵی (کێشەی لیستی مووچە) هاتووە، ئەمجارە داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد دەبێت کۆدی تایبەت بە زانیاریی فەرمانبەران UPN و بایۆمەتریی مووچەخۆرانیان بۆ بنێرین، ئەمەش بیانوویەکی دیکە بوو بۆ دواخستن و نەناردنی مووچە دروست کرابوو، وەزارەتی دارایی بە چەند قۆناغێک و لە ماوەیەکی دیاریکراودا کۆدی UPN و بایۆمەتریی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ نارد، لە ئێستادا نزیکەی 600 فەرمانبەر و مووچەخۆر UPN و بایۆمەترییان نەکردووە، بەوهۆیەوە مووچەکانیان ڕاگیراوە، ئەمەش ئەو کەسانەن کە مۆڵەتی بێمووچەی درێژخایەنیان هەیە و بەشی زۆریان دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن.
3. ڕاپۆرتی دارایی تەرازوی پێداچوونەوە
دوای هەردوو بابەتی لیستی مووچە و کێشەی UPN و بایۆمەتری، ئەمجارە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، داوای ناردنی ڕاپۆرتی دارایی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگانەی کرد، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ ناردووە و سەرجەم داتا و زانیاریی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتووە، هەموو وەرزێکیش لەلایەن تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، بەشێوەی مەیدانی وردبینی بۆ کراوە.
4. ناردنی تیمەکانی چاودێریی دارایی عێراق
دوای هەر یەک لە بابەتەکانی لیستی مووچە، کێشەی UPN، بایۆمەتری و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە، ئەمجارە حکوومەتی عێراق داوای کرد تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، بێنە هەولێر و بە مەبەستی وردبینیکردن لە ڕاپۆرتەکانی تەرازوی پێداچوونەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەرگای بۆ کردنەوە و ئاسانکاریی تەواوی بۆ کردن، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
5. کێشەی تەرخان (سیولە)
دوای هەموو ئەم بیانوو و داواکارییانەی بەغدا، لە بابەتی کێشەی تەرخان لە ساڵی 2024، جارێکی تر وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدراڵ، کێشەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست کرد و لە سێ مانگی کۆتایی ساڵدا تەمویلی مووچەی بەتەواوی نەنارد و بە کۆی ساڵەکەش، تەنها 10 مووچەی بەتەواوی نارد؛ حکوومەتی هەرێم لەو ساڵەدا 11 مووچەی دابەش کرد کە مووچەیەکیان لە سەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو.
ساڵی 2025
لەدوای نەهێشتن و چارەسەرکردنی سەرجەم بیانووەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2024، هەر لە دەستپێکی ساڵی 2025دا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ کرد کە کێشەی تەرخان دووبارە نەبێتەوە، داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق کرا، لە خشتەکانی بودجە، تەرخانی پێویستی بۆ جێگیر بکرێت، دوای ئەمەش بڕی 13,334,587,000,000 دیناری لە خشتەکانی بودجە وەک تەرخانی دارایی بۆ مووچە جێگیر کرا.
بەپێی کۆنووسی نێوان وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدراڵ و نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە 1ی شوباتی 2025 کۆنووسەکە لەلایەن خودی وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ پەسەند کراوە، بەپێی ئەو کۆنووسە، هەردوولا ڕێککەوتن مووچەی هەر 12 مانگ، تەرخانی پێویستی هەیە و کێشەی تەرخان چارەسەر کرا، بەڵام لە ساڵی 2025، دووبارە گەڕێکی دیکەی بیانووەکانی بەغدا بۆ پرسی مووچە دەستی پێکردەوە، کە ئەمانە بوون:
١- جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو
وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو جێبەجێ دەکەن و دەبێت وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، پابەندی ئەم جێبەجێکردنە بێت، بەهۆی ئەم هەنگاوە، مووچەخۆرانی لەدایکبووی ساڵەکانی 1962-1963-1964 کە ژمارەیان 30 هەزار فەرمانبەر بوو، پێكەوە خانەنشین کران.
٢- ڕاگرتنی سەرەمووچە، گواستنەوە و دامەزراندن
هەرچەندە لە ساڵی 2013ەوە، حکوومەتی فیدراڵی یەک فەرمانبەریشی بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە، ئەویش ستەمێکە لە هەرێمی کوردستان کراوە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ، لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا، سەدان هەزار فەرمانبەری نوێی دامەزراندووە، بەڵام میلاکی هەرێمی کوردستان لە 2013وە پەسەند کراوە و هیچ گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە، لە سەرەتای ساڵی 2025یش، بە بیانووی دروستنەبوونی پابەندیی دارایی، وەزارەتی دارایی عێراق، گواستنەوە و سەرەمووچە و هەموو جۆرە دامەزراندنێکی ڕاگرت، تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2026.
٣- نەمانی تەرخانی دارایی
لە مانگی ئایار 2025، جارێکی دیکە حکوومەتی عێراق، بە بیانووی فرۆشتنی نەوت و نەمانی تەرخانی دارایی، گرفتی بۆ ناردنی مووچە دروست کرد و دواتر بە ڕێککەوتنێک ئەم بابەتەش چارەسەر کرا.
٤- داهاتی نانەوتی
لە دوای نەهێشتن و چارەسەرکردنی سەرجەم بیانووەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمجارە پرسی داهاتی ناوخۆ خرایەوە بەرباس و بەغدا داوای 100%ی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد و کردی بە مەرجێک بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێشتر لە ساڵی 2024ەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی داراییی عێراق، پشکی حکوومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانی دەخستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام لە دوای ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی نەمانی تەرخانی دارایی، لە ناوەڕاستی ساڵی 2025، بابەتی داهاتی نانەوتییان وەک کێشەیەکی نوێ هێنایەوە بەرباس.
هەرچەندە هیچ بنەمایەکی یاساییی نەبوو، بەڵام حکوومەتی هەرێم لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران کە قووتی خەڵکە، لەو پێناوەدا نەرمیی زیاتری نواند و ڕەزامەندیی دا مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بکات. هەرچەندە ئەو پابەندبوونە فشارێکی زۆری لەسەر خەرجیی بەکارخستن و پارەدارکردنی پڕۆژەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
٥- هەناردەی نەوت
لە دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی داهاتی ناوخۆ، ئەمجارە پرسی نەوت جوڵێندرا و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە دەبێت سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتوو ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بکرێت، دوای ڕێککەوتن لەنێوان هەر سێ لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، دوای دوو ساڵ لە ڕاگرتنی، هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستی پێکردەوە و پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کرا.
٦- پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
یەکێکی تر لە کێشە و بیانووەکانی حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی داراییی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پرسی بەبانکیکردنی مووچە بوو، هەرچەندە ساڵێک پێش ئەو داواکارییە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە دەستی بە پرۆسەکە کردبوو، دوای گفتوگۆ و خستنەڕووی وردەکاریی پڕۆژەکە بۆ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ کە خزمەتگوزارییەکانی بەراورد بە پرۆسەی تەوتین زۆر زیاتر و پێشکەوتووترە و تێچووی مانگانەشی زۆر لەو سیستەمەی عێراق کەمترە، ئەو بیانووەش نەما و لە ئێستادا زیاتر لە 90%ی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکە تۆمار کراون و لە قۆناغی کۆتاییدایە.

