رۆژنامەی ھەولێر

رەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی سەلاحەدین ئەیوبی

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

 

سەید مەحمود سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەلئەهرام و ڕەخنەگری فیلمی میسری لە تازەترین تویژینەوەیدا لە خانمە پارێزەرێكی كورد نووسیویەتی كە دەیان ساڵە یادەوەری میدیای میسری ناوی موفیدە عەبدولڕەحمانی وەك یەكەمین پارێزەری ژن لە میسردا چەسپاندووە، تا ئەو ڕادەیەی كە ئەم باوەڕە بووەتە ڕاستییەكی نزیك لە حاشاهەڵنەگر. بەڵام گەڕانەوە بۆ بەڵگەنامە و شایەتحاڵە مێژووییەكان و بۆ ئەرشیفی چاپەمەنی میسری، چیرۆكێكی تەواو جیاواز ئاشكرا دەكات؛ چیرۆكێك كە پشتڕاستی دەكاتەوە كە پێشەنگە ڕاستەقینەكە هی ژنێكی ترە كە ئەو ناسنامەیەی وەرنەگرتووە كە شایەنیەتی، ژنێك كە هەڵگری میراتێكی ڕاستەقینەی كوردی بووە و دەستكەوتێكی ناوازەی بەدەست هێناوە كە ماوەیەكی زۆرە لە ڕووناكی شاراوەیی ماوەتەوە.

ئەو كچە پارێزەری كورد – میسری نەعیمە ئەلئەیوبی كچی مێژوونووسی كورد ئەلیاس ئەلئەیوبییە، یەكەم ژنە كە عەبای پارێزەری لە میسر و جیهانی عەرەبی لەبەر بكات، هەروەها یەكەم ژنە كە بە فەرمی لە سەندیكای پارێزەران تۆمار كراوە. ئەمڕۆ توێژەران و مێژوونووسان و دامەزراوە فەرمییەكان- لەوانەش ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ژنان- دان بەم كەسایەتییە پێشەنگەدا دەنێن.
ڕەگ و ڕیشەی كورد.. و شوناسێكی ڕوون
نەعیمە ئەلئەیوبی لە ساڵی ١٩٠٩ لە بنەماڵەیەك لەدایك بووە كە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی كوردەواری دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی ئەیوبیەكان كە سەركردەی بەناوبانگی سەلاحەدین سەر بەو بنەماڵەیە بووە. باوكی، ئیلیا ئەلئەیوبی- مێژوونووس و ڕۆژنامەنووسێكی ناسراو- لە هۆزی كوردی ڕەوادییە. ژیانێكی كۆچەری ژیاوە، لە نێوان ئاكرێ و لوبنان و میسردا دەجووڵایەوە و جێپەنجەیەكی بەرچاوی لەسەر مێژوو و ئەدەبیاتی عەرەبی بەجێ هێشتووە. ئەم ڕەگانە تەنیا ڕەچەڵەكی تێپەڕ نەبوون، بەڵكو بەشێكی دانەبڕاو بوون لە ناسنامەی نەعیمە، مانەوە لە ژیان و كەسایەتی و هۆشیاری كولتووریدا. هەرچەندە لە ژینگەیەكی تەنیا میسریدا گەورە بووە، بەڵام لە بەڵگەنامە فەرمییەكان و لە نووسینی مێژوونووسان و لە شایەتحاڵی ڕاوێژكاران و توێژەراندا بە بەردەوامی باس لە بنەچەی كوردایەتی دەكرا، كە دووپاتیان كردەوە كە نەعیمە ئەلئەیوبی تەنیا یەكەم ژنە پارێزەری میسر نەبووە، بەڵكو یەكەم ژنە پارێزەری كورد بووە لە مێژووی جیهانی عەرەبیدا. نەعیمە لە شاری ئەسكەندەریە لەدایك بووە و خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی موحەڕەم بەی بنەڕەتی وەرگرتووە. پاشان ڕووی لە قاهیرە كردووە بۆ درێژەدان بە خوێندنی ناوەندی لە قوتابخانەی كچان لە شاری حلمیە ئەلگەدیدە. ئەو لە تەمەنێكی گەنجیەوە زۆر حەزی لە فێربوون بوو و لە سەرەتاوە ئاواتەكانی پیشەیی خۆی پێكهێنا. ئاماژەی بەوەشكردووە، لەوەتەی مامی پارێزەرم بینیوە لە هەموو شتێك لە ژیاندا شانازی بە جلوبەرگی پارێزەرەكەیەوە دەكات، زانیم كە دەمەوێت وەك ئەو بم. لە سەردەمێكدا كە خوێندنی كچان سنووردار بوو و زانكۆ بە كردەوە بۆیان قەدەغە بوو، نەعیمە خاوەنی بوێرییەكی ناوازە بوو. لە ساڵی ١٩٢٩ لەگەڵ چوار كچی دیكەدا داواكارییان پێشكەش كرد بۆ زانكۆی فوئاد یەكەم (ئێستا زانكۆی قاهیرە). لە بەرامبەر دژایەتییەكی سەرسەختی كۆمەڵایەتیدا، كچەكان بانگەوازیان لە وەزیری پەروەردەی ئەوكاتە، ڕاگری ئەدەبی عەرەبی، دكتۆر تەها حسێن كرد، كە پشتگیریان كرد و مەرجی بێدەنگی تەواویان دانا بۆ ئەوەی ڕای گشتی دەستوەردان نەكات و ڕێگری لە وەرگرتنیان بكات. لەڕاستیدا قبوڵكردنیان ڕانەگەیێندرا تاوەكو بە فەرمی و بە شێوەیەكی نەگۆڕ پشتڕاست نەكرایەوە، هەنگاوێك كە نەعیمە بە “پیلانێكی سەركەوتوو لە پێناو زانیاریدا” وەسفی كرد.