ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسی سەفەر و کۆچکردن تەنها پرسێکی ڕاگوزەر نییە لە ژیانی مرۆڤەکاندا، خۆ ئەگەر کەسانێ: وەک پرسێکی ڕاگوزەر سەیری بکەن، ئەوە دیارە لە جەوهەری پرسەکە تێنەگەیشتوون، چونکە ئەم بابەتە پێویستی بە بیرلێکردنەوە و تێڕامانی ورد هەیە، چونکە سەفەر و کۆچکردن تەنها شوێنگۆڕین نییە (وەک ئەوەی لە ڕووکەشدا دیارە)، بەڵکو جۆرێک لە بەرکەوتن و نیگاکردنی جیهانی نوێ و شوێن و ئایدیای نوێیە. سەفەرکردن ئەگەر نیگاکردنێکی نوێ و ڕامانی تێدا نەبێت لەو جێگەی نوێیەی موسافیر بۆی دەچێت سەفەرکردن نییە، بەڵکو تەنها گۆڕانە لە شوێندا، بەڵام سەفەری ڕاستەقینە گۆڕانە لە نیگا و فیکر و دونیابینیدا. ئەوەی بە نیگایەکی نوێوە سەفەر نەکات، ناتوانێت نیگایەکی نوێش لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە و جۆرێک لە دونیابینی و نیگای نوێ لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت.
لەم گەشتە خێرایەی سەرەوەوە دەمەوێت پرسیاری ئەوە بخەمەڕوو ئایا ئێمە تەنها کۆچ لەپێناو گۆڕینی شوێن دەکەین، یان دەمانەوێت خۆمان و نیگا و دیدگامان بگۆڕین؟
بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گەلێک سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە، بەو ئەزموونەی لەگەڵ بەشێک لە نووسەرانی نیشتەجێی ئەوروپا هەمە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەکە دەدەم، بێگومان نامەوێت ئەو بڕە پەیوەندییە بگشتێنم، بەڵام دەشێ ئەمە نموونەیەک بێت و دەروازەیەک بکاتەوە بۆ تێگەیشتنێکی فراوانتر و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی دیکە تا وردتر لەمبارەیەوە قسەی لەبارەوە بکرێت.
یەکێک لە کێشەکانی بەشی هەرە زۆری پەنابەرە کوردەکانی ئەوروپا ئەوەیە، کە توانای گۆڕانیان لە خۆیاندا کوشتووە و بەهەمان عەقڵیەت و ڕوانینی ئێرەوە نیشتەجێی وڵاتێکی دیکەبوون. ئیدی دەرفەتی ئەوەش نادەن بە خۆیان تێکەڵی کولتوور و ئەو شارستانییەتە بن، کە تێیدا نیشتەجێن. بۆیە دەستیان بەو باوەڕە جێگیرانەوە گرتووە، کە نزیکەی نیو سەدە پێشتر لە کوردستان فێری بوون. بەشی زۆری ئەوانەشی ئاییندارن، لەوێ هەستی ئاییندارییان تۆختر و بەرەو دۆگماتر دەکشێن و لە ئایندارێکی هێمنەوە دەبنە ئایندارێکی توندڕەوی داعشسیفەت، کە ئەمەش نیشانەی داخستنی عەقڵ و توانای گۆڕانە. واتە لەبری ئەوەی وەکو ئایندارێکی هێمن و لێبوردە بمێنێتەوە و لە هەوڵی قەبوڵکردنی جیاواز و گەورەکردنی ڕۆحیەتی پێکەوە ژیان بێت بەرەو پەڕگیریی زیاتر هەنگاو دەنێت.
لێرەوە دەپرسین ئایا ئێمە کە کۆچ دەکەین ئامادەیی ئەوەمان هەیە بچینە نێو جیهانەوە، یان تەنها شوێن دەگۆڕین؟ ئەم نووسەرە بەڕێزە و دەیان نووسەری تر، کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا مامەڵەم لەگەڵ کردوون لەڕیزی ئەو نووسەرانەن، کە تەنها شوێنیان گۆڕیوە و توانای تێکەڵبوون بە جیهانە نوێیەکە و تێپەڕاندنی کۆڵانە پەراوێزی و گەڕەکە میللیەکەی خۆی نەبووە. کۆچکردن تەنها گۆڕینی شوێن نییە، بەڵکو گۆڕینی دیدگاشە، گۆڕینی نیگایە بۆ هەموو ئەو لێکەوتانەی ڕۆژانە لە کۆمەڵگە و لە کارەکەتدا ڕووبەڕووی دەبیتەوە. بەبێ ئەمە کۆچکردن لە ئارادا نییە.
ئینسان پێویستی تەنها پێویستی بە شوێنگۆڕین نییە، بەڵکو پێویستی بە فیکرنوێکردنەوە و خۆگونجاندن هەیە بەو ژینگە نوێیانەی تێیدا نیشتەجێ دەبێت. مرۆڤی ڕاستەقینە هەرگیز وەفادار نییە بۆ دۆگماکانی، بەڵکو ئەو هەمیشە دژی ئەو دۆگمایانە دەجەنگێت کە کۆمەڵگە و کولتوور و ئایین و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان دەیکەمە بوونییەوە.
گۆڕانی شوێن یەکسان نییە بە گۆڕانی فیکر، بەڵام گۆڕانی فیکر یەکسانە بە گۆڕانی شوێن.
ئەگەر ئەم هاوکێشەیە ڕوونتر بکەمەوە من ئێستا لە سلێمانی دادەنیشم، لە شارێکی پەراوێزی نێو ئەم جیهانە گەورەیەدام، بەڵام خۆم بە دانیشتوویەکی تەواوی سەر ئەم گەردوونە دەزانم و ئەوکاتەی داستانەکانی بەڕازیل، یان ئیسپانیا سووتان زیان بەر سییەکانی منیش کەوت. ئەوکاتەی منداڵێک لە ئۆکرانیا و یەکێکی دیکە لە غەززە و دانەیەکی دیکە لە ئەفریقا بە ناهەق دەکوژرێن خورپە بەر دڵی منیش دەکەوێت. بۆیە من لە شوێندام، بەڵام شوێن داگیریی نەکردووم، من شوێنەکان دەگۆڕم و گەورەتر لە شارەکەم و لە هەموو جێگایەکی دیاریکراو بیر دەکەمەوە، چونکە من تەنها خەڵکی شارێکی دیاریکراو نیم، من نیشتەجێی گەردوونم.

