رۆژنامەی ھەولێر

هۆشیاری و بەشداریی ئافرەتان لە بوارەکانی زیرەکیی دەستکرددا

نیگار نەجات مەلا

 

زیرەکیی دەستکرد لە ڕووی زانستی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی هێناوەتە ئاراوە؛ بەڵام پێویستە بە بەرپرسیارییەوە بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنی دادپەروەری، تایبەتمەندی و مافە مرۆییەکان. زیرەکیی دەستکرد لقێکی زانستی کۆمپیوتەرە و ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە بەرهەمهێنانی ئامێری زیرەک کە توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەیان هەبێت کە پێویستییان بە زیرەکیی مرۆڤە. لە ڕاستیدا زیرەکیی دەستکرد جۆرێکە لە هاوشێوەکردنی زیرەکیی مرۆڤ بۆ کۆمپیوتەر.

ئەحمەد بەکر، نووسەر و چاودێری سیاسی، بۆ (هێلین میدیا) باس لە گرنگی، مەترسییەکان، سوود و زیانەکانی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد دەکات لە ژیانی ڕۆژانەماندا:
زیرەکیی دەستکرد وەشانێکی (ڤێرژنێکی) نوێ و پێشکەوتووی تەکنەلۆژیایە کە خراوەتە خزمەت مرۆڤایەتییەوە و ئاسانکاریی زۆر بۆ کاروباری ڕۆژانە دەکات. مرۆڤ دەتوانێت سوودێکی زۆری لێ وەربگرێت بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی لە کایە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانەدا دێنە پێشەوە.
لە بەرامبەر سوودەکانیدا، بێگومان زیرەکیی دەستکرد وەک هەر ئامرازێکی تری بەردەست، زیان و لایەنی نەرێنیشی هەیە؛ بۆیە پێویستە ئافرەتان بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن تا بتوانن زۆرترین سوودی لێ وەربگرن و لە زیانەکانیشی پارێزراو بن.
ئافرەتانی خاوەنکار و خاوەن پڕۆژە و بیرۆکە، لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە دەتوانن سوودی زۆر بەدەستبهێنن بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانیان و پەرەپێدانی پڕۆژە و بیرۆکەکانیان، بەڵام نابێت وەک جێگرەوەی زیرەکیی سروشتیی مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت یان لە هەموو وردودرشتێکدا پشتی پێ ببەسترێت؛ چونکە زیرەکیی دەستکرد نابێتە ئەلتەرناتیڤی زیرەکیی خودی مرۆڤ و پشتبەستنی زۆر پێی، لەوانەیە ببێتە هۆکارێک بۆ تەمبەڵبوونی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان. دەبێت ئەوەمان بیر بێت کە زیرەکیی دەستکرد بەرهەمی زیرەکیی خودی مرۆڤ خۆیەتی و بەتاڵە لەو هەست و سۆز و کاریگەرییە ژینگەییانەی مرۆڤ هەیەتی، کە ڕۆڵێکی زۆر لە ئاست و شێوازی بیرکردنەوەدا دەگێڕن.
لە لایەکی ترەوە، زیرەکیی دەستکرد وەک هەر ئامرازێکی تری تەکنەلۆژیا، دەکرێت لە هەندێک باردا ببێتە مەترسی بۆ سەر مرۆڤەکان بە گشتی و ئافرەتان بە تایبەتی؛ بەتایبەت لە کۆمەڵگە داخراو یان نیمچەداخراوەکاندا، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی وێنە و ڕووخساریان و دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی دوور لە بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەوەش زۆرجار دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئافرەتان. بۆیە پێویستە ئافرەتان لە ئاستێکی بەرزی ئاگاییدا مامەڵە لەگەڵ زیرەکیی دەستکرددا بکەن، بە جۆرێک کە زۆرترین سوودی لێ وەربگرن و لە زیانەکانی پارێزراو بن.

ڕێزان محەمەد مەلا، چالاکوان، بۆ (هێلین میدیا):
بەشداریی ئافرەتان لەم بوارەدا هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئافرەتان دەستیان کردووە بە کاریگەریی نواندن لە پەرەپێدان، بەکارهێنان و دامەزراندنی ئەم تەکنەلۆژیایەدا، کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ توانادارسازی و بەشداریی زیاتر دەخوڵقێنێت. لە چەند ساڵی داهاتوودا ژیانی مرۆڤ گۆڕانکاریی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و مرۆڤایەتی ناچار دەبێت سەرلەنوێ پێناسەی خۆی و ژیان و بوار و بابەت و پێداویستییەکانی بکاتەوە.
مرۆڤ لە بوونەوەرێکی ماندووەوە دەبێتە بوونەوەرێک کە ئەوەندە پێویستی بە ماندووبوون و هەوڵدان نەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان؛ ڕەنگە ئیتر مرۆڤ ناچار نەبێت خۆی ئەرکە قورسەکان ڕاپەڕێنێت، یان لانی کەم زیرەکیی دەستکرد دەبێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی لە کاروبارەکانیدا. بەشداریکردنی ئافرەتان لە بوار و هۆشیاریی زیرەکیی دەستکرددا، ڕێگەیەکی نوێیە بۆ بەهێزکردنی تواناسازییان، لە ڕێگەی کردنەوەی دەرگا بۆ پەرەپێدانی زانست، ئابووری و بەرەوپێشبردنی مافەکانیان.
زیرەکیی دەستکرد وەک یەکێک لە گەشە نوێیەکانی تەکنەلۆژیا، دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ دروستکردنی داهات و بەرزکردنەوەی ئابووری؛ دەکرێت ببێتە پلەیەکی نوێ بۆ ئافرەتان بۆ بەدەستهێنانی داهات، بە تایبەتی لە کۆمەڵگە کەمداهاتەکاندا. بۆ خۆپاراستنیش نابێت تەواو پشتی پێ ببەستین و هەمیشە دەبێت بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەکار بهێنین. پێویستە زانیارییە کەسییەکانمان بپارێزین و لە بەکارهێنانی ئەپەکاندا وردبین بین. فێربوونی بەردەوام لە تەکنەلۆژیادا پێویستە و دەبێت بە زیرەکی و وردی بەکاری بهێنین، هەمیشە سەرچاوەکان بپشکنین، سنوور بۆ بەکارهێنانی دابنێین و پاراستنی بەها مرۆییەکان بە گرنگ بزانین. دەبێت فێر بین زانیاریی دروست لە زانیاریی هەڵە جیا بکەینەوە.