ڕائیب جادر – هەولێر
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، دەڵێت: حکوومەتی عێراق بایەخ بە خوێندنی کوردی نادات، لە بەرامبەردا حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکوەزیران زۆر ھاوکاریی خوێندنی کوردییە و ئەوەی پێویست بێت و داوا بکەین بۆ ئێمە دابین دەکات. دەشڵێ: مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ھاوشێوەی مامۆستایانی دیکە لە پارێزگاکانی ھەرێم پارچە زەوییان پێ دەدرێت.
١٤١٣٢٢ قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە ٧٣٨ قوتابخانە لەژێر سەرپەرشتیی ١٥٩٤٣ مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنی کوردی دەخوێنن کە نزیکەی ١٠٠ ھەزاریان لە ٥٥٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی کەرکووکن.
لە کەرکووک، شنگال، خانەقین، مەخموور و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن ھەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بە پەروەردەکانی ھەرێمی کوردستانە و ھەموو شایستە و پڕۆگرامەکانیان لە ھەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کاتی بەسەرکردنەوەی قوتابخانەکانی کەرکووک، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گوتی: حکوومەتی ھەرێم ھەمیشە پاڵپشتی خوێندنی کوردییە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، بە جۆرێک یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ دابینکردنی پێداویستی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ھەروەھا ٢١٥٩ مامۆستای وانەبێژ کراونەتە گرێبەست، ھەروەھا پێشتر چەندین مامۆستا لە ھەرێمی کوردستان کرانە ھەمیشەیی، لە کەرکووکیش بە ھەمان شێوە چەندین مامۆستای گرێبەست بوونە ھەمیشەیی، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھیچ جیاوازییەک نەکراوە لە نێوان مامۆستایانی ھەرێم و مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھەروەھا دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندین قوتابخانەی لە سنوورەکە نۆژەنکردووەتەوە، لە ساڵانی داھاتووش ئەوەی پێویست بێت بۆ خوێندنی کوردی دابین دەکەین.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ڕەوشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک باشە، بە پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێم و مامۆستا دڵسۆزەکان توانیومانە ئیش و کارەکان زۆر بە باشی ڕابپەڕێنین و زۆربەی ئەو کێشانەی کە ھەن چارە بکەین، ئەگەر خوێندنی کوردی لەگەڵ خوێندنەکانی دیکە لە کەرکووک بەراورد بکەین، خوێندنی کوردی لە ھەموویان باشترە.
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، گوتیشی: وەزارەتی پەروەردەی عێراق بایەخ بە خوێندنی کوردی نادات، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە خوێندنی کوردی لەلایەن بەغداوە گرنگی پێ نادرێت، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکوەزیرانی کوردستان زۆر ھاوکاری خوێندنی کوردییە و ئەوەی پێویست بووە بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک دابینی کردووە، ھەر شتێک بۆ کەرتی پەروەردە لە دھۆک و سلێمانی کرا بێت بۆ ئێمەش کراوە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، دەشڵێ: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی دا نابێت مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بێبەش بن لە وەرگرتنی زەوی، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمەی جیا نەکردۆتەوە لەگەڵ مامۆستایانی ھەرێمی کوردستان، وەزیری پەروەردەش کاتێک کە سەردانی کەرکووکی کرد ئێمەی دڵنیا کردەوە و پشتگیری خۆشی بۆ ئێمە دەربڕی، ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێگەی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ھەماھەنگە لەگەڵ وەزیری شارەوانی و فەرمان کراوە دەبێت مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی وەکو ھەر مامۆستایەکی دیکە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە وەرگرتنی پارچە زەوی، بۆیە مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دڵنیا دەکەمەوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەبنە خاوەن پارچە زەوی خۆیان.

