رۆژنامەی ھەولێر

لە شارۆچکەی سێمێل بەردی بناغەی مۆنۆمێنتی یادەوەریی شەهیدانی ئاشووری دانرا

لە شارۆچکەی سێمێل، بە چاودێریی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی قەداسەتی مار ئەوا سێیەم، پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی و سەربازی و پەرلەمانتاران، بەردی بناغەی مۆنۆمێنتی یادەوەریی شەهیدانی ئاشووری دانرا.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردەی بناغەی مۆنۆمێنتی یادەوەریی شەهیدانی ئاشووری، وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر چارەنووسی هاوبەش و مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلانی کوردستان کردەوە.
د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕووداوەکانی ساڵی 1933ی خستە چوارچێوەیەکی مێژوویی فراوانترەوە و باسی لە فەرمانی دەرکراو دژی خەڵکی بادینان لە ساڵی 1914 لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی کرد، کە تەنها دوای پێنج مانگ کۆمەڵکوژیی ئاشووری و ئەرمەنەکانیش ئەنجام درا. هەروەها ئاماژەی بە فەرمانی دژی بارزانییەکان لە ساڵانی 1931 و 1932 کرد و گوتی: “پاش تێپەڕبوونی ساڵێک، جارێکی تر فەرمانی ئاشوورییەکان دەرکرا.” جەختیشی کردەوە، هەمان عەقڵییەتی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستانە لە پشت ئەم تاوانانەوە بووە.
ئاماژەی بە ڕۆڵی بەکر سدقی کرد کە فەرماندەیی هەمان ئەو لەشکرەی عێراقی دەکرد کە هەم فەرمانی دژی بارزانییەکانی جێبەجێ کرد و هەم ساڵێک دواتر کۆمەڵکوژیی ئاشوورییەکانی لە سێمێل ئەنجامدا. پارێزگار گوتی: “ئەو تاوانبارانەی ئەو سەردەمە، لە ڕەشید عالی گەیلانییەوە بگرە هەتا خوارەوە، فەرمان لەدوای فەرمانیان لەسەر گەلانی ڕەسەنی ئەم دەڤەرە جێبەجێ دەکرد و ئەو سیاسەتە هەتا کۆتایی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال بەردەوام بوو.”
ڕایگەیاند؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان قوربانیانی ئاشووری بە شەهیدی خۆیان دەزانن. دووپاتیشی کردەوە “ڕاستە ئەوان شەهیدی گەلی ئاشوورین، بەڵام لەسەر ئەم خاکەن و ئێمە وەک بەشێکی ڕەسەن لە شەهیدەکانمان سەیریان دەکەین.”
هەروەها دانانی بەردی بناغەی ئەم مۆنۆمێنتەی بە درێژەپێدەری “برایەتیی دێرین و کۆنی نێوان گەلی ئاشووری و گەلی کورد” ناوبرد و جەختی لە سووربوونی حکوومەت و گەلی کوردستان کردەوە لەسەر پاراستن و بەردەوامیدان بە کولتوری پێکەوەژیان، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ تێکدانی.
لە کۆتاییدا، پارێزگاری دهۆک داوای یەکڕیزیی گەلانی ڕەسەنی ناوچەکەی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک کە هەڕەشە لەسەر پێکەوەژیان و مانەوەیان لەسەر خاکی خۆیان دروست دەکات.