ئازاد جندیانی
لە گەرمەی کەمپینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ( ١١ /١١ / ٢٠٢٥ ) لە چەند میتینگێکی بەرفراوانی پارتیدا بۆ ئامادەبووان دوام، لە لێدوانەکانمدا دوور و نزیک بەشان وشەوکەتی ((دیموکراسی))دا هەڵم نەدا و خەڵکم بۆ پرۆسەیەک هان نەدەدا، کە لەدیدی منەوە بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد هیچ نەبوو(نییە) جگە لە وەهمێکی هەڵخەڵەتێنەر، کە تیایدا دەستەواژە و چەمکەکانی لە بابەتی دیموکراسی و هاووڵاتیبوون و هاوشێوەکانی تریان وەک دێوجامە وان، کە لە فەزای دەوڵەتێکی داگیرکەردا کورد وەک نەتەوەو کوردستانێکی داگیرکراو، بێ ویستی ڕاستەقینەی خۆی پەلکێشی گەمەیەکی دۆڕاو دەکرێ .
لەو دیدە واقیعییەوە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەم وەک جەنگێک پێناسە دەکرد، کە لەبەر زۆر هۆی ناڕەوا لە بەرژەوەندی (ئەوانی تری نەیار) بەشێوەیەکی خولاوە بەسەر کوردستاندا دەسەپێنرێ. هەمیشە ئەو ڕاستییەم ئەوتەوە، کە دەبێ لەم هەڵبژاردنەدا بیبەینەوە تا کەرەستەو پێداویستییەکانی بردنەوەی جەنگێک وەدەست بێنین، کە گۆڕەپانەکەی پەرلەمانی عیراقە.
دواجار ئەو بۆچوونەم دروست دەرچوو و هەموومان بینیمان، کە نەیارەکان لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی پەڕلەمانەکەدا، یەکەم بۆسەی جەنگ ئاسایان بۆ فراکسیۆنی پارتی نایەوە .
ڕەنگە هەبن بڵێن جەنگ بەکەرەسەی زبر و بەڕق و سڕینەوەی فیزیکی ئەنجام دەدرێ، کوا ئەوەی لە ناو پەرلەمانی بەغدا ڕوویدا وەهابوو؟! لێرەدا نموونەیەکی وێرانکەری جەنگێک دەهێنمەوە، کە ئێستا وەک مەترسیدارترین و زیانمەندترین جەنگ ناوی دەبردرێ، کە ئەویش (جەنگی ئابووری)ە، لە کاتێکدا ئەو جۆرە جەنگە بە پێناسە باوەکەوە ناچێتە بازنەی (جەنگی زبر)ەوە.
لێرەوەیە، کە هەر هەبوونێکی کورد لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتێکدا کە داگیرکەرە، ئامادەگییە لەناو تەپ و تۆزی جەنگێکی فرەڕەنگی نەبڕاوە دژ بەکوردستان، کە لانی کەم لە دامەزرانی دەوڵەتی عیراقەوە، بۆ کورد دۆخی ئەو جەنگە بەردەوامە .

