رۆژنامەی ھەولێر

پێویستە سیستەمی خێزان، سیستەمێکی هاوبەشی و لێکتێگەیشتن بێت

فەزیلە شۆرش
نهێنیی سەرکەوتنی ئافرەت لە ژیانی خێزانی، کۆمەڵایەتی و کاری ڕۆژانەیدا، هێز و ئیرادەیەتی؛ ئەم هێز و ئیرادەیەش بناغەی هاوسەنگییە لە سەرکەوتن و خولقاندنی بەهای زیاتر بۆ پێگەکەی. گرنگە ئافرەت بڕوای بە خۆی و بەم هێز و ئیرادەیەی هەبێت، خاوەن کەسایەتیی خۆی بێت و قسە و هەڵسوکەوتی کەس نیگەرانی نەکات؛ چونکە بڕوابەخۆبوون قەڵغانێکە بۆ پاراستنی مرۆڤ و دووربوون لە کێشە لاوەکییەکان. ئەگەر هەر بەربەست و ئاستەنگێکیش بێتە پێش، بە ورەیەکی بەرزەوە توانای بەرەنگاربوونەوەی دەبێت.

بەداخەوە لە دەرئەنجامی نەبوونی کولتووری گفتوگۆیەکی لۆژیکی و بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی، لە پاڵ ئەمانەشدا بوونی پەیوەندییەکی ڕووکەشی لە نێو خێزاندا، بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەت، زۆرجار وا دەکات کە گرفتەکانی خێزان تەشەنە بکەن و لە چوارچێوەی خێزان دەربچن. لە دەرئەنجامدا ئافرەت باجە قورسەکە دەدات؛ هەندێک ئافرەت زوو هێز و توانا و متمانەیان سست دەبێت و لە ئاکامدا بە ناچاری لە ژیانێکی گۆشەگیریدا دەژین. هەڵبەتە نەبوونی باوەشێکی گەرمیش لە خێزاندا، وادەکات هەندێک ئافرەت تووشی خەمۆکی یان ئالوودەی هەندێک شتی نەخوازیار یاخود سۆشیال میدیا بن، کە لە زۆر حاڵەتدا چەندەها کێشەی بەدوادا دێت و ئاسایشی خێزان و خودی ئافرەتەکە دەخاتە مەترسییەوە.

بەڵام کاتێک ئافرەت لە خێزانێکدا پەروەردە بکرێت کە تیایدا پیادەکردنی دەسەڵات تەنیا لای دایک و باوک و برا نەبێت، بەڵکو سیستەمی خێزان سیستەمێکی هاوبەشی و لێکتێگەیشتن بێت، ئەو کات ئافرەتێکی متمانەبەخۆ و بەتوانا لە گفتوگۆ و خاوەن پێگە دەخولقێت. بێگومان ئەگەر پێگەکەشی لەناو خێزانێکی پتەو و جێگای ڕێزدا بێت، ئەوا نکۆڵی لەوە ناکرێت پانتایییەکی فراوانی بۆ دەڕەخسێت لەناو خێزان و دەرەوەی خێزان، کە تیایدا توانای گفتوگۆ، هەستی هاوبەشی و گوێبیستنی تێڕوانینەکان لەگەڵ خۆی و دەوروبەری سەرکەوتووتر دەبێت. بۆیە پێویستە سیستەمی خێزان سیستەمێکی هاوبەشی و لێکتێگەیشتن بێت و هەموو تاکەکانی خێزان بەشدار بن تێیدا. ئەگەر ئەم هاوبەشی و لێکتێگەیشتنە لەناو خێزاندا هەبێت، ئەوا پەیوەندییەکی گەرموگوڕ وەک پردێک تاکەکان بە یەکتر دەبەستێتەوە و خێزان دەبێتە چەترێک بۆ ئاسایشی تاکەکانی.

ئەوەی گرنگە، ئافرەت بۆ پاراستنی خۆی و کەسایەتییەکەی پێویستە بەرپرسانە بیر بکاتەوە، دوور بێت لە خۆشباوەڕی، پانتاییی بیرکردنەوەی فراوان بێت و دووربین بێت؛ بەتایبەتی لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دەوروبەریدا، تاوەکو نەبێتە قوربانیی تاکی نادروست.