رۆژنامەی ھەولێر

توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و کاریگەرییە دەروونییەکانی

زەنوێر ئەحمەد محەمەد
توندوتیژی دژ بە ئافرەتان یەکێکە لە گەورەترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کە کاریگەرییەکی قووڵ و درێژخایەن لەسەر تەندروستیی دەروونیی تاک و کۆمەڵگە جێدەهێڵێت. ئەو ئافرەتانەی دەبنە قوربانیی توندوتیژی، تووشی چەندین کێشەی دەروونیی جیاواز دەبن، لەوانە:
دڵەڕاوکێ و ترسی بەردەوام: هەستێکی توندی نیگەرانی لە هەموو کاتێکدا دەیانگرێتەوە. متمانە بەخۆبوونیان لەدەست دەدەن و هەست بە بێهیوایی و کەمبایی دەکەن.
خەمۆکیی قووڵ: تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی توند دەبن، کە ژیانیان لێ تاڵ دەکات.
شۆکی دوای کارەسات (PTSD): شۆکێکی دەروونیی بەردەوامیان دەبێت؛ کابووسی شەوانە و بیرکردنەوە لەو توندوتیژی و کارەساتانەی بەسەریاندا هاتووە، بەردەوام ئازاریان دەدات. هەروەها کێشەی خەو و تێکچوونی توانای بیرکردنەوەیان بۆ دروست دەبێت. لە دۆخە هەرە سەختەکاندا، ڕەنگە خەیاڵی خۆکوشتن یان هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ژیان سەرهەڵبدات.
کاریگەرییەکان لەسەر ژیانی ڕۆژانە
ئەم کێشە دەروونییانە شێوازی ژیانی قوربانییان بە تەواوی دەگۆڕن. توانای کارکردن و خوێندنیان کەم دەبێتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لاواز دەبن. زۆرجار پەنا بۆ گۆشەگیری دەبەن و هەست بە بێهیوایی دەکەن لە کۆنترۆڵکردنی ژیانیاندا. جگە لەمانە، کێشەی تەندروستیی جەستەیی وەک ئازاری درێژخایەن و نەخۆشییە بەردەوامەکانیش زیاد دەکەن.

هەنگاوە پێویستەکان بۆ یارمەتیدانی قوربانییان:
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، چەندین هەنگاوی بنەڕەتی پێویستن:
چارەسەری دەروونیی پسپۆڕانە: دابینکردنی چارەسەری دەروونی و ڕاوێژکاریی تایبەت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان زۆر گرنگە.
دابینکردنی ژینگەی ئارام: دروستکردنی ژینگەیەکی پارێزراو، گوێگرتن لە کێشەکانیان و دەربڕینی هاوخەمی بۆیان پێویستییەکی سەرەکییە.
پشتیوانیی یاسایی: هاوکاریی یاسایی بۆ پاراستنیان لە توندوتیژیی زیاتر و گەرانتی کردنی مافەکانیان.
هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە: پەروەردەکردنی کۆمەڵگە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و چەسپاندنی کلتووری ڕێزگرتن لە ئافرەتان.
توندوتیژی دژ بە ئافرەتان تەنیا کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بریندارکردنی جەستەی هەموو کۆمەڵگەیە. پێویستە هەموومان ڕۆڵی خۆمان ببینین لە ڕێگریکردن لەم دیاردەیە و پشتگیریکردنی ئافرەتان؛ چونکە کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پارێزراو، پێویستی بە پاراستن و ڕێزگرتن لە هەموو ئەندامەکانی هەیە.