ئەمشەو هەینی رێکەوتی 26.12.2025 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، و سەید زەمان ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە شێخانی تەریقەت، زاناو مامۆستایەنی ئاینی و مامۆستایانی زانکۆ و ئەکادیمیستان، لە مزگەوت و تەکیەی شێخ پیر خدری شاهۆی، بەشدار بوون لە دووەم دیداری زانستی و عیرفانی پێشەوا شێخ عەبدولقادری گەیلانی.
تەوەری سەرەکی ئەو دیدارە بریتی بوو لە گەنگەشکردنی فیکری سۆفیگەری لە سایەی میانرەوی و رووبەروو بوونەوەی لادانە فیکرییەکان.
لە گفتوگۆیەکاندا تاکید لەسەر ئەوە کرایەوە کەوا سۆفیگەری هەر لە سەرەتاوە دەستی بە گەشەسەندن و دواتر “دامەزراوەیی” کردووە.
تەریقەتە سۆفیگەرییەکان لەسەر دەستی شێخ عەبدولقادر گەیلانی بناغەی داکوتاوە ، شوێنکەوتوانی لە ڕێبازو بیروباوەڕ و ڕەفتارەکانی ئەو لایان نەدا، بۆیە شێخ گەیلانی وەک کاریگەرترین کەسایەتی شەقامی بەغدا مایەوە، لە کاتی وەفاتیدا، هەموو بەغدا هاتنە دەرەوە بۆ ناشتنی.
پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەو دیدارە گرنگە کردو هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن ..

