پارێزگاری هەولێر: ” تائێستا لە سنووری سەرۆكایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان زیاتر لە ( 60 هەزار ) پارچە زەوی دابەشكراوە ”
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.12.24، لە ژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و شکوریە عباس، بەرێوەبەری نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر و نوێنەرانى فەرمانگە و دام و دەزگا و وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغی پێنجەم بەشێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی ( 2 هەزار ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانى فەرمانگە و دام و دەزگاکانى سەنتەری شار، ئەوانەی کارتی زانیارییان سەنتەری شاری هەولێرە.
لە رێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی ناویان لە تیروپشك گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی، تیشكی خستەسەر ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان زیاتر لە ( 60 هەزار ) پارچە زەوی دابەشكراوە و هەموو ئەو فەرمانبەرانەشی دابەشكردنی زەوی دەیانگرێتەوە دەگاتە ( 120 بۆ 125 هەزار ) فەرمانبەر.
گوتیشی، بەو شێوەیەش هەولێر دەكەوێتە قۆناغێكی دیكە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى.
هەروەها بەناوی پارێزگای هەولێر و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاكە، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و دەستبەركردنی مافەكانیان و ڕایگەیاند، دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیە کارێکی ئاسان نەبوو. كە ماوەی 15 ساڵ بوو وەستا بوو، بەڵام بە هەوڵ و پشتگیری جەنابی سەرۆک وەزیران پڕۆسەكە دووبارە دەستی پێكردەوە و لە ئێستاشدا بە شێوەیەکی خێرا و پێشکەوتوو جێبەجێ دەکرێت.
گوتیشی، لە سنووری پارێزگای هەولێر، تا ئێستا زۆرترین فەرمانبەران سوودمەند بوون لەوەرگرتنی زەوی، كە لە هیچ شارێكی دیكەی هەرێم پڕۆسەكە بەو شێوەیە نەچۆتەپێش و بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش بەردەوامە تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی، دوای ئەوانیش دەست بە دابەشكردنی زەوی دەكرێت بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی ئەو ڕێنمایی و میكانیزەمی داڕێژاوە بۆیان.
جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، تاوەكو ئێستا پێنج قۆناغ زەویی دابەشكراوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.

