رۆژنامەی ھەولێر

بە کورتی و بە کوردی

عارف ڕوشدی
ئەگەر وەک باس دەکرێت “بەغدا قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە” ڕاست بێت، تەنانەت دوای بڕیار و فەتوای دادگای فیدراڵی (کە نابێت بە هەر هۆیەکەوە بێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت) و ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای دامەزراوەی (سۆمۆ) و ناردنی نیوەی داهاتی نانەوتی؛ دووبارە دەپرسین: ئەگەر ئەو دەستەواژەیە ڕاست بێت، چۆن دەبێت بەغدا قووت و بژێویی خەڵکی کوردستان بە بارمتە بگرێت تا مووچەیەکیش دەنێرێت، دوور لە هەر پێوەرێکی ویژدانی، یاری بە هەست و نەست و کەسایەتیمان بکەن؟
چۆن دەبێت بەغدا پیلان بەدوای پیلان دژی هەرێمی کوردستان دابڕێژێت و تەنگ بە سەروەری و دەسەڵاتەکانی دامودەزگاکانی هەرێم هەڵچنێت؟
چۆن دەبێت بەغدا ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە گەڕاندنەوەی زەویوزاری جووتیارانی کورد لە کەرکووک -کە تەنانەت لە پەرلەمانی عێراقیش دەنگیان لەسەر دراوە- بە هێزی سوپا و حەشدی شەعبی ڕێگری بکرێت لە جێبەجێکردنیان؟
بۆیە دەڵێم:
قووڵایی ڕاستەقینە و ستراتیژیی هەرێمی کوردستان، پێش هەموو شتێکی دیکە “کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە”، ئینجا یەکڕیزیی هێزە سیاسییە بەرپرسیارەکانە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان خەمخۆرانە کار لەو پێناوەدا دەکات.