رۆژنامەی ھەولێر

زمان و زمانەوانی لە سۆنگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە

پرشنگ توانــا
بێگومان میدیا و سۆشیال میدیا لەهەموو بوارێکدا ڕۆڵی کاریگەریان لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا هەیە، ئەوەی لێرەدا من بەگرنگی دەزانم و دەمەوێ لەسەری بدوێم، بواری زمان و زمانەوانییە کە بەڕاستی پێویستە گرنگییەکی زۆری پێ بدرێ، تەلەفزیۆن لەهەموو ماڵێکدا هەیە و بەگەورە و بچووکەوە تەماشای پڕۆگرامەکانی دەکرێ بەتایبەتیش دەنگوباس و پێشکەشکردنی هەواڵەکان، بۆیە پێویستە ئەوانەی لەو بوارانەدا کاردەکەن شارەزاییەکی تەواویان لەڕووی زمان و زمانەوانیەوە هەبێ، بەداخەوە لەهەندێ تەلەفزیۆن و بەتایبەتیش ئەوانەی کە خەڵکی زۆر تەماشای دەکەن و گوێی لێدەگرن، گەلێ هەڵەی زمانی و زمانەوانی دەکرێ کە کاردانەوەی نەرێنیان لەسەر بینەران ئەبێ بەتایبەتی لاوان و هەرزەکاران.
زمانی کوردی خاوەن چەندین شێوە و زاراوەیە ( دیالێکت ) و مخابن بەهۆی باری سیاسی و نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی، کورد زمانێکی ستانداری نییە کە هەموو کورد پێی بنووسێ و پێی بخوێنێتەوە، ئێستا دوو دیالێکتی سەرەکی ( کرمانجی و سۆرانی ) و دوو ئەلفابێتی کوردیش هەیە ( لاتینی و ئەوەی لە عەرەبیەکەوە وەرگیراوە ) کەچی زۆر جار لەلایەن هەندێ لە پێشکەشکارەکان دیالێکتەکان وەک زمان ناودەبەن و ئەڵێن زمانی سۆرانی و بادینی و هەورامی، ئەوەش هەڵەیەکی گەورەیە چونکە هەر میللەتێک خاوەن یەک زمانە، بەواتا کاتێ دەگوترێ زمانی بادینی و سۆرانی و هەورامی ئەوە یەکسەر کورد دەکات بە سێ میللەت، بۆیە پێویستە بە شێوەزار بێتە ناساندن .
لەبەر ئەوەی عەرەب پیتەکانی ( پ ڤ ژ گ ) نیە بۆیە پەرلەمان دەکەن بە بەرلەمان و هەنگاریا دەکەن بە هەنغاریا، بەداخەوە هەندێ لە تەلەفزیۆنەکانیش بەهەمان شێوەی عەرەبی ئەو پیتانە بەکار دەهێنن .
وشەی ( بریار و بڕیار ) کە دوو وشەی جوودان و هەریەکەشیان واتایەکی تایبەتیان هەیە، بریار بەواتا (قەرار )بەڵام بڕیار لەبڕینەوە هاتوە، بەواتا ئەوەی کە شتێک دەبڕێ، کەچی لەهەندێ تەلەفزیۆن بڕیار بۆ( قەرار) بەکار دەهێنرێت کەبەڕاستی زۆر هەڵەیە، لەلایەکی تریشەوە وشەی فەرمی بەواتای (ڕەسمی ) دێت کەچی دەگوترێت فەڕمی، نازانم بۆچی پیتی ( ر ) قەڵەو دەکەن، بۆیە یەکێک لەو مەرجانەی کە دەبێ بۆ کارمەندانی میدیا و سۆسیال میدیاکان دابنرێ، شارەزاییە لە زمانی کوردی .
مەرج نیە گەلی کورد هەمووی هەر ئیسلام بێت و ئەوەش ناگەیەنێ هەر پێکهاتەیەکی ئەو میللەتە گەر ئیسلام نەبێ ئیتر کورد نین، بەڵکو ئێزیدی کوردی ڕەسەنن و پێهاتەکانی تریش بەشێکی دانەبڕاوی گەلەکەمانن، کەچی مخابن لەملا و لەولا و لەهەندێ کەناڵە تەلەفزیۆنەکانیش دەگوترێ ئێزیدی و کورد یان فەیلی و کورد .. هتد بەمەش ڕەسەنایەتی کورد ناهێڵن و هەریەک لەو پێکهاتانەش دەکەن بە میللەتێک، جگە لەمانەش هەمووی هەندێ لە پڕۆگرامە تەلەفزیۆنەکان وشەی عەرەبی زۆر بەکار دەهێنن کە بەرامبەرەکەیان وشەی پەتی کوردی جوان هەن و باشتر و ڕاستترە کە لەبری وشە عەرەبیەکان بەکار بهێنرێن، هیچ یەک لەمانەی کە لەسەرەوە باسمان لێوە کردوون خزمەت بە گەلەکەمان ناکات، بەڵکو خزمەت بە دوژمنانی گەلەکەمان دەکات، بۆیە دووبارەی دەکەمەوە پێویستە میدیا و سۆشیال میدیا هەموو ئەو بابەتانە ڕەچاو بکات و کارمەندەکانیشیان شارەزایی تەواویان لەسەر زمان و مێژووی گەلەکەمان هەبێت .