سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا کرد
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمڕۆ ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە جەنەڕاڵ لوتشیانۆ پۆرتۆلانۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا و بەڕێز، نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا، باس لە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرا. تەرکیز خرایە سەر پەرەپێدانی پرۆسەی چاکسازی و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە بوارەکانی راوێژکاری و مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی.
سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی جەنەڕاڵ لوتشیانۆ و دوپاتی کردەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە بە سوپاس و ڕێزەوە لە هاوئاهەنگیەکانی راوێژکارانی ئیتاڵیا دەڕوانێت و هیوای خواست کە ئەو پەیوەندییانە لەسەر ئاستێکی بەرزتر بەردەوام بن. سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەش کرد کە بەدواداچوون لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەرکەکانیان لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیاوە، مایەی پێزانینی ئێمەیە، بەتایبەت کە ئیتاڵیا وڵاتێکی گرنگی ناو هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی و شەڕی دژی تیرۆرە. لە ڕابردوودا لە بوارەکانی دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی سەربازی و مەشق و راهێنان، هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە و لە ئێستاشدا لە بواری راوێژ و چاکسازیدا هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا.
هەر لەو سەردانەیدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەسەرکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ تیمەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، جەنەڕاڵ لوتشیانۆ پۆرتۆلانۆ دەستخۆشی لە راوێژکارانی سەربازی سوپای وڵاتەکەی کرد و ستایشی ئەو ئاستە پێشکەوتووەی کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە پێی گەیشتوون، بەتایبەت لە بواری مەشق و راهێنان و پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، هەروەها ڕۆڵی پیشەیی پێشمەرگە لە پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئارامی بەرز نرخاند.







