كارزان گلی – ههولێر
لە هاوینی ئەمساڵدا كەشتییەكی جەنگی توركیا لە رۆژهەڵاتی لیبیا وەستا، ئاڵای هەردوو وڵاتی توركیا و لیبیای بەسەرەوە بوو، هەروەها لەلایەن سەدام حەفتەر كوڕی خەلیفە حەفتەر و جێگری سەرۆكی فەرماندەی هێزەكانی نێونەتەوەیی لیبیا (LNA) پێشوازی لەو كەشتییە كرا. ئەمەش هەنگاوی یەكەم بوو تا توركیا لە حەفتەر نزیك ببێتەوە و تەنیا هاوپەیمانیی حكوومەتی تەرابلوس نەبێت.
دوای نەمانی موعەمەر قەزافی، سەرۆكی پێشووی لیبیا، لیبیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو، بەرەیەكی حكوومەتی لیبیایان گرتە دەست و ئەورووپا و توركیا پاڵپشتیان كرد، بەڵام خەلیفە حەفتەر، كە لەسەردەمی قەزافیدا پۆستی باڵای هەبووە، توانی لەگەڵ ئەو هێزەی هەیەتی، خاكێكی زۆری لیبیا بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە و دوژمنایەتییەكی سەرسەختی توركیاشی دەكرد.
توركیا بەفەرمی حەفتەری ناساندووە و لە لیستی تیرۆر دەریهێناوە، ئێستا بووە بەهاوپەیمانیی و بەنیازە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سەربازی لەگەڵدا بكات.
توركیا زۆر هەوڵیدا لەگەڵ حكوومەتی تەڕابلوس هێزەكانی حەفتەر (LNA) لەناو ببات و پێی نەكرا، چوونكە ئەوانیش چەكی قورسیان هەبوو و سەربازەكان شەڕێكی سەختیان دەكرد، بۆیە توركیا ناچار كرا، دەست بخاتە ناو دەستی حەفتەر.
وەكوو ئەوەی ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردوەتەوە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە توركیا لە حەفتەر نزیك ببێتەوە میسرە، چوونكە تا توركیا لەگەڵ میسر ناكۆكییەكانیان وەڵا نەنا و ئاشت نەبوونەوە، توركیا دانی بە حەفتەردا نەدەنا، بەڵام میسر هۆكار بووە تا توركیا وەكوو هاوپەیمان سەیری حەفتەر بكات، چوونكە میسر پاڵپشتییەكی سەربازی گرنگی حەفتەر بووە.
لە نیسانی ٢٠٢٥، فەرماندەی (LNA) سەدام حەفتەر سەردانی توركیایی كرد و لەلایەن وەزیری بەرگری توركیاوە پێشوازی لێكرا، ئەمەش لە میدیاكانی لیبیا بەگرنگییەوە باس كرا و ئاماژەیاندا تەنیا تەڕابلوس هاوپەیمانیی توركیا نییە، ئیدی بۆغازیش هاوپەیمانییەتی.
لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا، ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا سەردانی بۆغازی كرد و لەلایەن كوڕی حەفتەرەوە پێشوازی لێكرا و كاڵنیش گوتی، پێشوازییەكی گەرم و دیدارێكی گرنگ و ستراتیژی بوو، ئیدی لەو كاتەوە پەیوەندیی نێوان حەفتەر و توركیا پێی ناوەتە قۆناغێكی تر، بەڵام نازانرێت ئاخۆ، توركیا پشت لە حكوومەتی تەڕابلوس دەكات و رێگە دەدات حەفتەر تەواوی خاكی لیبیا بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە؟
توركیا پاڵپشتییەكی تەواوی سەربازی حكوومەتی تەڕابلووسە، بەڵام وەكوو ئەوەی میدیاكانی عەرەبی باسی دەكەن، میسر كاریگەریی زۆری لەسەر توركیا هەبووە، تا روو لە حەفتەر بكات و لەڕووی سەربازییەوە پشتگیرییان بكات، هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەنێوانیاندا روو بدات.
میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، توركیا دەستبەرداری حكوومەتی تەڕابلووس نابێت، بەڵام دەیەوێت لە لیبیا پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی فراوان بكات، بۆیە رووی لە حەفتەریش كردووە، جیا لەوەش لەڕووی پەیوەندیی و ئاڵوگۆڕی وزەوە توركیا دەیەوێت رۆڵی سەرەكی هەبێت و چاوی لەوەیە، لەگەڵ حەفتەر چەند گرێبەستێكی تایبەت بە وزە ئیمزا بكات.
رۆژنامەی (یەنی شەفەقی) توركی بڵاوی كردووەتەوە، لەبارەی گەڕان بەدوای گازی سرووشتیی لە دەریای سپی ناوەڕاست، كە ماوەیەكی زۆرە بووەتە كێشەی نێوان توركیا و یۆنان، ئیدی بەنزیكبوونەوەی توركیا و حەفتەر هاوكێشەكە گۆڕانی بەسەردا دێت و بەقازانجی توركیا و لیبیا دەبێت و كارتی توركیای بەهێزتر كردووە.

