رۆژنامەی ھەولێر

ئایا شەڕی ئێسکشکاندن لە نێون ئەلۆنسۆ و ڤینیسیۆس دەستی پێ کرد؟

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ئەستێرەی بەڕازیلیی یانەی ریاڵ مەدرید ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە خراپترین کاتەکانیدایە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکە، چووە نێو خاڵێکی ڕەشەوە دوای ئەوەی چەند هەڵوێست و حاڵەتێکی گرژی لە نێوانیان لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕووی دا.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی باسی لەوە کردووە، کە بە نێوەندگریی هەندێ لایەن، شەڕی نێوانیان دامراکابووەوە لە رووکەشدا، بەڵام ئێستە باس لەوە دەکرێ سەرلەنوێ ئەو شەڕە سەر هەڵدەداتەوە.
هاوکات ئەو یاریزانە مەدریدی لەنێو فیکەی ناڕەزایی بەشێکی هاندەرانی ریاڵ بەرەو دوبەی بۆ پشووی سەری ساڵ جێ هێشت.
لەو کاتەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە راهێنەرایەتیی یانەی ریاڵ مەدرید نەماوە، دۆخی ئەو یاریزانە بەڕازیلییە گرێی تێکەوتووە و لە هەڵبەزودابەزدایە، بە هۆی داشکانی ئاستی و هەندێ هەڵسوکەوت و مامەڵەوە، جێی گلەیی یانەی ریاڵ مەدرید و هاندەران و کارگێڕی و راهێنەرەکەشیەتی.
ڤینیسیۆس جۆنیۆرهەوڵی دا فیکەی ناڕەزایی هاندەران قبووڵ بکا ئەو کاتەی ١٠ خولەک پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بەرانبەر سڤیلیە گۆڕانکاریی پێ کرا، هەرچەندە لەو یارییەدا نیشانەی کاپتنیی بەستبوو.
دەمودەست دوای ئەو یارییە، وێنەی خۆی لە پڕۆفایلی ئینستاگرام گۆڕی و وێنەیەکی بە درێسی بەڕازیلەوە دانا.
ئەوەش بە هەڵگەڕانەوە لە دژی ئەلۆنسۆ لێک درایەوە، کە لە کلاسیکۆش ئەوە رووی دا و گۆڕانکاریی پێ کرا و جۆنیۆ لە گۆڕانکاریپێکردنی تووڕە بوو، بەڵام دواتر داوای لێبوردنی کرد بێ ئەوەی ناوی ئەلۆنسۆ بە هیچ جۆرێک بهینێت.
لە شەوی یارییەکەی سڤیلیەدا، ئەلۆنسۆ، جۆنیۆری خستە ژێر حوکمی هاندەرانیەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریپێکردنەیەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، چابی ئەلۆنسۆ کاتێک پرسیاری لەبارەی ئەو فیکە ناڕەزایەتییانەوە لەسەر جۆنیۆر لێ کرا، بەڵام هەمووانی شۆک کرد بەهۆی ئەوەی رەتی کردەوە بەرگری لەو یاریزانەی بکات. لە کاتێکدا دەیتوانی بەرگری لێ بکا و ئارامی بکاتەوە. بەڵام وتی هاندەران سەروەری بڕیاردانن، دواتر چووە سەر بابەتێکی تر.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، ئەستێرە بەڕازیلییەکە دەیەوێ ئارام ببێتەوە لە مۆڵەتی ئەم جارەیدا، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ خۆی ڕێک بخاتەوە و فشاری نیوەی یەکەمی وەرز لەسەر خۆی لا بدا، بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی مۆندیال، کە دەزانێ دەبێ زۆر بە باشی خۆی ئامادە بکات.