سلێمان تاشان – ههولێر
لە بەرەبەری هاتنی ساڵی نوێی زایینی گوشارەکان بۆ سەر دەوڵەتی عێراق سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە چالاکیی گرووپە میلیشیاکان و داماڵینیان لە چەک زیاتر بووە و دواین ڕاپۆرتە ناوخۆیی و جیهانییەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەمەریکا زۆر ڕژدە لەسەر ئەوەی لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا نابێت هیچ ڕۆڵێک بە گرووپە میلیشیاکان بدرێت و لە هەمان کاتدا ئەو گرووپانە دەبێت لە چەک داماڵڕێن.
راستە ئەمساڵ عێراق هەڵبژاردنی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک کێشە و پرسی هەڵواسراو لەگەڵ خۆیدا دەباتە نێو ساڵی نوێ. دوای نزیکەی مانگ و نیوێک لە هەڵبژاردن دیار نییە کێ لەسەر کورسیی فەرمانڕەوایی دادەنیشێت، حکوومەتێک کە بڕیارە جیاواز بێت لە سەرجەم ئەو حکوومەتانەی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دامەزراون.
ئەوەی بووەتە بارێکی قورس بەسەر شانی عێراقی فیدراڵی، ئەو هێزانەن کە دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە فەتوای ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق دامەزران. ئەو هێزانە تا قۆناغێکی دیاریکراو لە پاڵ سوپای عێراق ڕۆڵیان هەبوو لە پاشەکشەپێکردنی داعش و دوورخستنەوەیان لە زۆنی شیعە و مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە.
لەگەڵ شکستپێهێنانی داعش و ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی عێراق بەسەر ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەبوایە ئەرکی هێزەکانی حەشدی شەعبیش کۆتایی پێ هێنرابا بەڵام ئەمە ڕووی نەدا، ئەو هێزانە لە جیاتی ئەوەی هەڵوەشێنرێنەوە، هەژموونی خۆیان بەسەر تەواوی دامەزراوە سەربازی و سیاسی و تەناهییەکانی عێراقدا سەپاند و ڕۆڵی زۆر خراپیان گێڕا لە بەفیڕۆدان و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی، ئەوان دەستیان بەسەر دەروازە بازرگانییەکاندا گرت، لە هەڵبژاردنەکاندا چاویان لە خەڵک سوور کردەوە و سەرەڕۆیانە هێرشیان کردە سەر دامەزراوە نێودەوڵەتی و ئابوورییەکان و بەشێکیان سیاسەتی وڵاتانی تریان جێبەجێ کرد.
ئەوان کە بەو نیازە دامەزرابوون ببن بە هۆکاری لەناوبردنی تیرۆر خۆیان بوون بە جێگرەوەی تیرۆر، خەڵکیان ڕفاند، دەستیان بە ڕەشەکوژی کرد و هەر ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارێک لەدەرەوەی ویست و بەرژەوەندیی ئەوان جووڵایەوە هەوڵی لەناوبردنیان دا و تا ئەم ساتەش لە نێو دامەزراوە یاسایی و سیاسیی و سەربازی و هەواڵگرییەکانی عێراق خۆیان حەشارداوە و دەستی باڵایان لە بڕیارەکاندا هەیە و لە هەڵبژاردنیشدا توانیان دەیان کورسیی پەرلەمان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
گرووپەکان خۆیان لق و پۆپ و باڵی جیاوازیان دروست کردووە و خاوەنی کۆگەی چەک و درۆنن، هەڵبەت ژمارەیەک لەو گرووپانە تا ڕادەیەک گوێرایەڵی حکوومەت بوون بەڵام بەشێکیان فەرمانەکانی حکوومەت جێبەجێ ناکەن و حساب بۆ فەرمانەکانی دادگا و دەوڵەت ناکەن.
رۆژنامەی شەرقولئەسەوت لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دەزگایەکی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی و وڵاتێکی عەرەبیی دۆست دوو پەیامی جیاوازیان بە بەرپرسانی عێراقی داوە. یەکێک لە پەیامەکان کۆمەڵێک زانیاریی وردی هەواڵگریی لەبارەی چالاکیی ئەو گرووپە میلیشیایانە، ژێرخانی سەربازییان، ڕۆڵیان لە کایە سیاسی، ئابووری و سەبازییەکان و کۆگەکانی چەکی و تەقەمەنی داوەتە عێراق و پێیان گوتراوە ئەگەر خۆیان ئەو دۆخە ڕاستەرێ نەکەن و کۆتایی بەو دۆخە نالەبارە نەهێنن ئەوا ئەگەری هێرش و کردەی سەربازی لە دژیان لەئارادیە.
هەمووان چاوەڕێی ئەوەیان لە عێراق هەیە لەو بوارەدا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات و چەک و دەسەڵات و پارە بگەڕێنێتەوە بۆ دامەزراوە یاساییەکانی دەوڵەت.
ئەو گرووپە میلیشیایانە ئەوەندە دزەیان کردووەتە ناو دام و دەزگا حکوومییەکانی عێراق کە تەنانەت چەککردنیان و کۆکردنەوەی کەمپ و کۆگە و حەشارگەکانیان و دوورخستنەوەی فەرماندەکانیان لە دەسەڵات و دامەزراوە فەرمییەکان کارێکی ئاسان نییە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستخۆشی لە لەو گرووپە میلیشییانە کرد کە ڕازی بوون بەوەی چەکەکانیان ڕادەست بکەن کە پێدەچێت ئەمە دەرەنجامی ئەو گوشارانە بێت کە کراوەتە سەر عێراق و دۆخی سیاسیی و داهاتووی عێراق بەوە دگرێ دراوە تا چەندە دەتوانێت لە بڕینی دەستی گرووپە میلیشیاکان لە دامەزراوەکان و دوورخستنەوەیان سەرکەوتوو بێت و داماڵینی گرووپە میلیشیاکان لە چەک بووەتە کلیلی سەقامگیریی سیاسی و سەربازی و ئابووریی عێراق

