شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە دوای دەیان نمایشی شانۆیی لەگەڵ گرووپی هەوار بۆ شانۆ، هونەرمەندی بواری نواندن و دەرهێنەری شانۆگەریی “سەلمە” “نەژاد نەجم” وەک یەکەم شانۆکاری کورد و عێراق دەبێتە ئەندامی ناوەندی شانۆکارانی جیهان.
سەبارەت بە دەستنیشانکردنیشی بۆ ئەو ناوەندە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند:
ئەو ناوەندە فەرمییە و دوو بارەگای سەرەکیان هەیە لە وڵاتانی ئەمریکا و فینلەندا، لەسەر بنەمای چالاکیی و کاری جۆراوجۆر لە هەر وڵاتێک کەسێک دیاری دەکەن، کە نوێنەرایەتیان بکات، بە مەرجێک خاوەن دەستکەوت و چالاکیی بەردەوام بێت، خاوەن ئەزموونێکی دیار بێت لە بواری شانۆدا، ئێمەش وەک گرووپی شانۆی هەوار و ئەندامانی ئەو گرووپە پشتیوانی سەرەکی بوون لە سەرکەوتنەکانی مندا وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی، هەڵبژاردنیشم لەم ناوەندە جیهانییەدا تەنیا بۆ ئەوەنیە، کە من نوێنەرایەتی کەرکووا. ک و کوردستان بکەم، بەڵکوو دەبمە نوێنەری گرووپی هەوار و هەموو عێراق، چونکە ئەوان بە دوای ئەو هونەرمەندانە دەگەڕێن، کە لەسەر گیرفانی خۆیاندا پەرە بە هونەری شانۆ دەدەن، نەک لەسەر بودجەی حکوومەت و کەرتی گشتیدا و هەروەها توانیوویانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لەسەر ئەستۆی خۆیان ساز بكه ن، ئێمەش لەو ڕوانگەوە خاوەنی چەند خوولێکی فێستیڤاڵی سەر شەقامین، کە دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە نێو جەماوەری شانۆدا هەیە و تا ئێستاش هیچ پشتیوانیەکی بەهێزی دارایی نەبووە، بەڵکوو ئێمە پشتمان بە تواناکانی خۆمانەوە بەستووە لەم گرووپە هونەرییەدا و تەنانەت بەرهەمە شانۆییەکانمان گەیشتن بە وڵاتانی عەرەبی و جیهان و چەندین نمایشی تایبەتمان لە وڵاتانی ئوردن و میسر و سەڵتەنەتی عەممان و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەدا پێشکەش کرد، لەو وڵاتانەشدا ئەو ناوەندە جیهانییە نوێنەری هەیە و بەرکەوتنی زۆرمان هەبووە لەگەڵیاندا و هەڵسەنگاندنیشیان بۆ کار و پڕۆژەکانی من کردووە، کە خۆشیان سەر بە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی یونسکۆن و کار لەسەر پڕۆژەی مرۆیی و هونەری و کولتووری دەکەن، بۆیە داوایان لێکردم هەر لە کەرکووكی دڵی کوردستانەوە کۆنگرەی ئەمساڵی شانۆکارانی بێ سنوور لە شارەکەی خۆمان بە بەشداری نوێنەرانی جیهان ببەستین و ڕێکارە یاساییەکانیش خۆیان جێبەجێی بکەن، کە ڤیزا و بلیتی فرۆکە و مانەوە لەخۆوە دەگرێت، منیش وەک شانۆکارێکی کورد داوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە پشتیوانم بێت بۆ ئەوەی کێشە و گرفتی شانۆکارانی کورد بگەیەنمە جیهان.
گوتیشی: دەستمان کراوە دەبێت بۆ ڕێکخستنی دیدار و بەشداری شانۆکارانی کورد لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان، هەروەها ئەو پڕۆژانەی شانۆکارانی بێ سنوور ئەنجامی دەدەن، ئێمە دەتوانین داوای ڕێژەیەک بکەین لە بەشداری و تەرخان کردنی بودجە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە شانۆییەکان، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ شانۆکارانی کورد و دەتوانێت سەدان گرفتی شانۆیی لەم ڕێگەیەوە چارەسەر بکرێت.

