كارزان گلی – ههولێر
پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە، راپۆرتێكی ١٢٠ لاپەڕیی ئامادە كردووە لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد و چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە و راپۆرتەكەشی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا كردووە.
مەهەپە، لەو راپۆرتەدا چەندین خاڵی باس كردووە و چەندین پێشنیاریشی بۆ پرسی چارەسەری كردووە، كە بەشێكی زۆری ئەو پێشنیارانە بە مەرجێكەوە بەستراوەتەوە.
لەچوارچێوەی كۆمیسیۆنی (پالپشتی میللی و دیموكراتی و برایەتی)، لەناو پەرلەمانی توركیا دروست بووە، تایبەت بە ئامادەكردنی راپۆرتێكی كۆتایی لەبارەی پرسی چارەسەری كورد و پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە و ئەندامی زۆربەی پارتە سیاسییەكانی تێدایە، بۆیە مەهەپە لە رێگەی ئەو كۆمیسیۆنەوە پێشنیار و تێبینی و بۆچوونی خۆیان خستووەتە و پاشان لە چوارچێوەی راپۆرتێكی ١٢٠ لاپەڕەیی پێشكەشی پەرلەمانیان كردووە.
فەتحی یڵدز، جێگری سەرۆكی مەهەپە، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان كرد و گوتی: ”لەو راپۆرتەدا باسی زۆر شت كراوە، بۆ نموونە باس لەوە كراوە، ئەو چەكدارانەی پەكەكە كە دەستیان لە تاواندا نەبووە، لێبوردنیان بۆ دەربچێت، هەروەها باسمان لەوە كردووە، یاسایەكی تایبەت بۆ چەكدارانی پەكەكە دەربچێت و بەیاسا بپارێزرێن، بەو مەرجەی پەكەكە بە كردار چەك دابنێت، واتە ئەگەر بەتەواوی چەك دانەنێن، ئەو پێشنیارە نەچیتە واری جێبەجێ كردنەوە.“
هەر لە راپۆرتی مەهەپەدا هاتووە، بەهیچ شێوەیەك نابێت دەستكاری مادەی ٦٦ی دەستووری توركیا بكرێت، كە بەوێدا پێناسەی هاووڵاتی توركیا كراوە و دەڵێت هەموو هاووڵاتییەك كە لە توركیا دەژیت توركە.
جیا لەوەش، مەهەپە لە راپۆرتەكەیدا بەهەموو شێوەیەك دژی ئەوەیە، لە توركیا كورد بەزمانی دایك بخوێنێت و دەڵێن پێویستە خوێندن تەنیا بەزمانی توركی بێت.
بەڵام بۆچوونی دەم پارتی، بەتەواوی جیاوازە لەگەڵ ئەو راپۆرتەی مەهەپە، ئەوان داوا دەكەن مادەی ٦٦ی دەستووری توركیا گۆڕانی بەسەردا بێت، هەروەها دەبێت كورد بەزمانی دایك بخوێنێت و بۆ ئەمەشیان دەبێت یاسای بۆ دەربكرێت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
دەم پارتی، لە راپۆرتی خۆیدا داوای كردووە، هەموو چەكدارانی پەكەكە، ئەوانەی تاوانیان كردووە و یان نەیانكردووە، دەبێت بە یاسا لێبوردنی گشتیان بۆ دەربچێت.
ئاكەپەش بەهەمان شێوە، لەگەڵ ئەوەدایە چەكدارانی پەكەكە لێبوردنیان بۆ دەربچێت، ئەوانەی تاوانیان نەكردووە، بەڵام ئەوانەی تاوانیان كردووە، دەبێت سزایەكی سووك بدرێن، نەك سزایەكی قورس.
لە راپۆرتی ئاكەپە و مەهەپەدا، بەهیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە، دەبێت سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ ئازاد بكرێن، بەڵام دەم پارتی داوای كردووە، دەمیرتاش و یوكسەكداغ ئازاد بكرێن و نابێت لەوە زیاتر لە زیندان بمێننەوە.
راپۆرتی هەموو پارتە سیاسییەكان دەخوێندرێتەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن، پاشان هەموو پارتەكان دەبێت لەسەر یەك راپۆرت رێكبكەون و ئەو راپۆرتە لەناو پەرلەمانی توركیا جێبەجێ بكرێت و حكوومەتیش پابەند دەكرێت بە جێبەجێ كردنی.
بەڵام روون نییە، ئاخۆ پارتەكان دەگەنە رێككەوتن لەسەر راپۆرتێك و كاری لەسەر بكرێت، چوونكە لەسەر بابەتی زۆر گرنگ ناكۆكن، بەتایبەت مەهەپە و دەم پارتی.

