رۆژنامەی ھەولێر

لە چوارقوڕنە وەک وەفایەک بۆ بەڕێوەبەری کۆچکردووی ناحیەکە هەڵمەتێکی نەمام ناشتن بەڕێوەچوو

لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای ڕانیە، هەڵمەتێکی فراوانی نەمام ناشتن وەک وەفایەک بۆ گیانی کۆچکردو (نەهرۆ سەردار)، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەکە بەڕێوەچوو.

هەڵمەتەکە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانی چوارقوڕنەوە ڕێکخرابوو، بە ئامادەبوونی حوسێن مەحمود، قائیمقامی قەزای ڕانیە و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حیزبی دەڤەرەکە ئەنجامدرا.
ئەم هەڵمەتە ژینگەییە وەک ڕێزێک بوو بۆ ساڵانی خزمەت و وەفایەک بۆ ڕۆحی نەهرۆ سەردار، کە بەهۆی نەخۆشییەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆچی دوایی کردبوو.
لەم بارەیەوە قائیمقامی قەزای ڕانیە، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ لەدەستدانی بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەکە، جەختی لە گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە و ڕایگەیاند: “ئەم هەڵمەتانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر باشترکردنی ژینگەی دەڤەرەکەمان دەبێت و پێویستە هەموومان لەلای خۆمانەوە بایەخی زیاتر بە پاراستن و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی بدەین.”
شایەنی باسە، ئەم هەڵمەتە بووە هۆی زیادکردنی ڕووبەرێکی باشی سەوزایی لە سنووری ناحیەکەدا و بەشێکە لە پلانی فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین.
شایەنی باسە، لەم هەڵمەتەدا ژمارەیەکی بەرچاو نەمام چێندران وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و زیندووڕاگرتنی ناوی بەڕێوەبەری کۆچکردووی ناحیەکە.