رۆژنامەی ھەولێر

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی دژ بە ئافرەتان، واتە پاراستنی ژینگەیەکی سەلامەتی ئۆنلاین

شوعلە رەسول
لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی هەموو کەسێک، جیهانی دیجیتاڵی بووەتە ڕێگایەکی خێرا و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ پەیوەندی و گەشەکردن. بەداخەوە هاوشانی ئەم پێشکەوتنە، دیاردەیەکی مەترسیدار سەری هەڵداوە؛ ئەویش توندوتیژیی دیجیتاڵییە دژ بە ئافرەتان. سنووری نێوان جیهانی ئۆنلاین و ئۆفلاینی شکاندووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی قوربانییەکان دروست دەکات. توندوتیژیی دیجیتاڵی جۆر و شێوازی زۆری هەیە و بەردەوامیش لە گۆڕاندایە.
توندوتیژیی دیجیتاڵی تەنها لەسەر شاشەی تەلەفۆن و لاپتۆپەکان نامێنێتەوە، بەڵکو ڕۆدەچێتە ژیانی ڕاستەقینە و دەبێتە هۆی دروستبوونی کاریگەریی دەروونی و سۆزداری، وەک: ترس، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و کەمبوونەوەی متمانەبەخۆبوون.
بێدەنگکردن و پاشەکشە: ئافرەتان بەناچاری لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دوور دەکەونەوە یان چالاکییەکانیان کەم دەکەنەوە، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا و لە بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتییان دەبێت؛ هەروەها دەبێتە هۆی لەدەستدانی کار، تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دوورکەوتنەوە لە ژیانی گشتی.
زۆر جار دەبێتە هۆکاری توندوتیژیی جەستەیی؛ لە هەندێک حاڵەتدا توندوتیژیی دیجیتاڵی دەبێتە هۆکاری توندوتیژیی جەستەیی و زۆر جاریش کوشتنی ئافرەتانی لێ دەکەوێتەوە.
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، پێویستە یاسای تایبەت بە تاوانە دیجیتاڵییەکان و توندوتیژیی ئۆنلاین دژ بە ئافرەتان دابنرێت و هەوڵ بدرێت ژینگەیەکی دیجیتاڵیی سەلامەت و پارێزراو (سنوورنەبەزاندن) بڕەخسێنرێت.
سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا، دەبێت ڕێوشوێنی توندتر بگرنە بەر بۆ سڕینەوەی ناوەڕۆکی توندوتیژ و هەراسانکەر، و خێراتر وەڵامی سکاڵاکان بدەنەوە.
هۆشیارکردنەوە و پەروەردەی دیجیتاڵی خاڵێکی دیکەی گرنگە، کە دەبێت لە قوتابخانەکاندا گرنگیی پێ بدرێت. هەروەها ئەنجامدانی کەمپەینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هۆشیاریی چالاکوانان بۆ ناساندنی شێوازەکانی توندوتیژیی دیجیتاڵی و چۆنیەتیی پاراستنی خود. خاڵێکی تر کە گرنگە، بەکارهێنانی وشەی نهێنییە کە پێویستە بۆ پاراستنی زانیاری و بەڵگەنامەکان.
توندوتیژیی دیجیتاڵی دژ بە ئافرەتان کێشەیەکی جیهانییە و پێویستی بە چارەسەریی گشتگیر هەیە. بە تێکەڵکردنی یاسای بەهێز، بەرپرسیارێتیی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، دەتوانرێت ژینگەیەکی دیجیتاڵی دروست بکرێت کە تێیدا ئافرەتان و کۆی مرۆڤایەتی بتوانن بە ئازادی و سەلامەتی بەشداری بکەن. پاراستنی ئازادیی دیجیتاڵیی ئافرەتان، پاراستنی ئازادیی کۆمەڵگەیە بە گشتی