هاودەنگ فارووق
مەسرور بارزانی لە سەردانێکی پڕ بایەخدا، ئەمجارەیان چاوی بە سەرۆککۆماری میسر کەوت. هەڵبەت ئەگەر سەرنجی ئەو سەردانە بدەین لەڕووی پرۆتۆکۆلی و سەردانی فەرمییەوە، تێدەگەین ئاستی پێشوازییەکە پرۆتۆکۆلی و گرنگ بوو. هەروەها بەدیداری سەرۆککۆمار، گەیشتە ترۆپکی بایەخی خۆی و ئیدی سەرجەم دامەزراوەکانی بڕیار لە میسر لەبەردەمی بارزانیدا کرانەوە.
یەکێک لە دەلالەتە گرنگەکانی ئەو سەردانە، ڕەهەندە مێژووییەکەیەتی؛ چونکە میسر هەر لەسەردەمی بارزانیی نەمر و دواتریش، هەمیشە لە کۆنتاکتی ڕاستەوخۆدا بووە لەگەڵ کێشەی کورددا. هەروەک یەکەم پایتەختی عەرەبییە کە ڕۆژنامەی کوردی بەناوی «کوردستان» و یەکەم ڕادیۆی کوردیشی بەناوی «دەنگی ئێمە» لێوە لەدایک بووە.
ئەو کاتە پەخشکردنی ڕادیۆیەکی کوردی، میسری دووچاری تەنگەژەی دیپلۆماتیش کردەوە؛ باڵیۆزی تورکیا بەتوندی دژی هەنگاوەکە وەستایەوە، بەڵام حکوومەتی میسر و خودی «جەمال عەبدولناسر» گوێیان بە هیچ نەدا و ئەوەیان بۆ هاوکاریی شۆڕشی کوردستان پێشکەش کرد.
ئێستا پێشوازیکردن لە سەرۆکی حکوومەتی کوردستان لەو ئاستە باڵایەدا، نیشاندەری ئەوەیە کە بارزانی میراتگری شەرعیی ئەو پەیوەندییە مێژوویەیە. میسرییەکان بەهەموو دامەزراوەکانی بڕیارەوە، ئامادەن وەک میراتگری شەرعیی ئەو پەیوەندییە مێژووییە گرنگە بیناسن. ئەوەش گەر بەڵگە بێت لەسەر شتێک، بێگومان لای میسرییەکان بەڵگەیە لەسەر قورسایی کورد و پێگەی حکوومەتی کوردستان.
بەو بەڵگەیەی کە میسرییەکان دەیانەوێت کوردیش وەکوو ژمارەیەک لە هاوکێشەکان سەیر بکەن و هاوسەنگی لەنێوان کورد و لایەنەکانی دیکەیش دروست بکەن؛ ئەو هاوسەنگییەش، میحوەری بەرژەوەندییەکانی کوردە. چونکە بەئاشکرا پێمان دەڵێت: بڕیاردەری میسری، کورد وەکو ژمارەیەک دەبینێت و ئامادەیشە لەبەرزترین ئاستەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
لە لایەکی دیکەوە، بینیمان مەسرور بارزانی سەردانی «قەڵای سەلاحەدینی ئەیووبی»ی کرد لە قاهیرە، بەناو بەشەکانیدا گەڕا و هەموو ئەدگارە مێژووییەکانی بەسەرکردەوە. ئەوە ئەگەر بەڵگە بێت لەسەر شتێک، بێگومان ئاماژەیە لەسەر ئەوەی بارزانی بەهەموو میسرییەکانی گوت: «ئەو کەسایەتییە گەورەیە ڕۆڵەی کوردە و ئێمەش لە شکۆ مێژووییەکەی سەلاحەدینی ئەیوبین!»
بەشێکی دیکەی سەردانەکە پەیوەندی بە دۆخی ئۆقرەییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. لە لێدوانی وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری میسر، «السفیر محمد الشناوی»، لە بڵاوکراوەی فەرمیی خۆیدا لەبارەی سەردانەکە ڕایگەیاندووە: «هەردوولا کۆک بوون لەسەر پاراستنی ئۆقرەیی و ئارامی».
ئەم بابەتە هەروا سادە نییە و پێویستە وردتر سەرنجی بدەین؛ وەختێک لە پێکهاتەی شاندی هەردوولا کەسایەتیی ئەمنیی باڵا دەبینین: لە شاندی میسری «لیوا حەسەن ڕەشاد»، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر و لە شاندی کوردستانیش «ڕێبەر ئەحمەد»، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.
کەواتە بابەتەکە لەو ڕووکارە پرۆتۆکۆلییە تێدەپەڕێت بۆ بابەتی هەنووکەیی و ئیجراییی زۆر گرنگ. ئەوەش نیشانەی ڕوونە لەسەر ئەوەی: دەوڵەتی میسر گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە بابەتی ئەمنیەتی ناوچەکە و هەروەها گەشەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و وەگەڕخستنی سەرمایەی کۆمپانیا میسرییەکان، ڕۆڵی گرنگ بگێڕێت؛ بگرە وەک کۆڵەکەیەکی ئاسایشی ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

