هەفتەی ڕابردوو لەسەر داوای هاوڕێیەک کە ناوە ناوە فیلمم بۆ پێشنیار دەکات سەیری فیلمی “ژوور”م کرد، فیلمێک کە چیرۆکەکەی هەم لە ڕاستییەوە وەرگیراوە و هەم لە ڕۆمانێکی بەناوبانگەوە کراوەتە فیلم. فیلمەکە لە نیگای یەکەمدا پێماندەڵێت مرۆڤ دەتوانێت تا دواسنوور دڕەندەبێت لە پێناو بەدیهێنانی ئارەزووەکانی خۆیدا، ئیدی وێرانکردنی ژیانی ئەوانی تری بۆ گرنگ نییە. فیلمەکە چیرۆکی ژنێکی گەنج دەگێڕێتەوە کە ماوەی حەوت ساڵە بە دیل گیراوە و کوڕە پێنج ساڵانەکەی (جاکۆب ترێمبلای) لە دیلدا لەدایک بووە. ئەمەش کاریگەرییەکی دەروونی سەختی بۆ ژن و کوڕەکە دروست کردووە. ژنەکە لەڕێی ڕەخساندنی دەرفەتی دەرچوون لە ژوورەکەوە دەرفەتی ڕزگاریی خۆیشی دەدۆزێتەوە و دەبێتە هۆی ڕزگاری خۆیشی.
لە فیلمەکەدا دیمەنێک هەیە باس لە کاریگەریی میدیا دەکات لەسەر تاکەکان و ئەوەی مەبەستی سەرەکی منیش ئەم بەشەی فیلمەکەیە، بۆیە نامەوێت زیاتر سەبارەت بە ناوەرۆکی فیلمە قسە بکەم.
میدیا لە فیلمەکەدا (وەک لە ڕووکەشدا دەردەکەوێت) دەیەوێت چیرۆکی ئەم ژنە بێتوانانەی کە بۆ ماوەی حەوت ساڵ دیل بووە بە هەموان بگەیەنێت و بەو بیانوەوە دەیانەوێت چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ژنە دیلەکەدا بکەن (دوای ئازادبوونی)، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەدا نەک هاوسۆز نین لەگەڵ چیرۆکەکەی، کە چیرۆکی غەدر و قوربانیبوونە، بەڵکو بەجۆرێک لە جۆرەکان سەرکۆنەی ژنەکە دەکەن و لەسەر ژیانی کوڕەکەی جۆرێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. واتە میدیا لەبری ئەوەی ڕۆڵی پیشاندان و لایەنگیریی قوربانیان ببینێت، دەبێتە دادگا و لێپێچینەوە لە ژنێکی قوربانی دەکات کە حەوت ساڵ تەمەنی لە تەنها ژوورێکی بێپەنجەرەدا بەسەر بردووە. لە دواتردا ژنەکە پەنا بۆ خۆکوژی دەبات و سەرکەوتوو نابێت ئەویش بەهۆی ئەوەی “کوڕەکەی” لە دواساتدا دەگاتە سەر لاشەی دایکی و ڕزگاریی دەکات.
فیلمەکە دەیەوێت باس لەو ڕۆڵە نەرێنییەی میدیا بکات کاتێک دەبێتە کەرەستەیەکی ئازاردەر. میدیا لەبری ئەوەی چاوی سێیەمی مرۆڤەکان و دەسەڵاتی چوارەم بێت لەدوای دەسەڵاتەکانی دیکەوە. بەڵکو لە زۆر جێگەدا دەبێتە لایەنگر و ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی دەبینێت، یان دەبێتە لایەنگر و بنەمە ئیتیکییەکانی خۆی ون دەکات. ئەم فیلمە پێماندەڵێت میدیا چۆن دەتوانێت ببێتە ماشێنێکی ئازاردەر و قوربانییەکان بکاتەوە بە قوربانی، لەکاتێکدا میدیا دەبێت هاوسۆزی قوربانییەکان بێت، یان خۆ ئەگەر هاوسۆزیش نەبێت ناکرێت لێپێچینەوە لە قوربانیان بکات.
لەم فیلمەوە کەوتمە بیرکردنەوە لە میدیای کوردی کە زۆربەیجار لە ڕاستەڕێی کارکردن لادەدەن و هیچ ئیتیکێکی ڕۆژنامەوانییانە پەیڕەو ناکەن و دەبنە نەیار و ڕۆڵی لێپێچینەوەکار دەبینن لەبری ئەوەی ڕۆڵی چاوی سێیەم هاوڵاتی و دەسەڵاتی چوارەم بگێڕن. هیچ کاتێک هێندەی ئێستا دۆخی ئیتیکی میدیای کوردی لەژێر پرسیاردا نەبووە، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا سەروەری هاوڵاتی و سنوورە تایبەتەکانیان لەنێو میدیادا پێشێل نەکراوە. بێگومان ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاریی زۆری هەیە لەوانە:
یەکەم: دروستبوونی لێشاوێک لە مایکبەدەستی بێ مەعریفە، کە هیچ پاشخانێکی مەعریفی و میدیاییان نییە و ئاگاداری ئەلف و بێی کاری میدیایی نین.
دووەم: نەبوونی پەیمانگایەکی پێگەیاندنی کادیری میدیایی لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی خولی تایبەتی و بەردەوام بۆ میدیاکاران، چونکە هەمیشە کارکردنی میدیایی لە نوێبوونەوە و گۆڕانکارییدایە.
سێیەم: نەبوونی پەیمانگای چاودێری میدیایی، کە هەڵسەنگاندن بۆ میدیاکاران و دەزگا میدیاییەکان بکات، کە پێموایە ئەمە دەبێتە جۆرێک لە کێبرکێی باشتربوونی کاری میدیایی.
چوارەم: تا ئێستا ڕۆڵی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێکی کارا نەبووە، گرنگە ڕۆڵی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کاراتر بکرێت و ناسنامەی ڕۆژنامەوانی بە هەموو ڕۆژنامەوانێک نەدات و ئەو ڕۆژنامەوانەشی دژ بە پرەنسیپە میدیاییەکان کاری کرد لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت.
جگە لنم خاڵانە دەشێ چەندین هەنگاوی دیکەش هەبێت تا میدیا لە دەسەڵاتی چوارەم و چاوی سێیەمی هاوڵاتیانەوە نەبێتە کەرەستەیەکی ئازاردەر و تاکەکانی کۆمەڵگە وشیار بکاتەوە نەوەکو ببێتە ماشێنی گەمژاندنی بینەر و بیسەران و خوێنەرانی، چونکە بەشێک لە میدیاکان لەبری ئامێری وشیاریی بوونەتە ئامێری گەمژاندن.

