رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژی ئاڵا لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەرزڕاگیرا

دوێنێ لە ھەرێمی کوردستان بە ڕۆژی ئاڵا ناسراو بوو، ڕۆژێک کە بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردستانی تێدا ھەڵکرا بوو، دام و دەزگاکانی حکوومەت و ڕێکخراوەکان بەشێوەی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژەیان کردەوە و بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەو ڕۆژە بەرز ڕاگیرا.

ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی ١٧/١٢ بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر یادی یەکەم ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگیرێت، بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ لە فەرمانگەکانی حکوومەت و زۆربەی قوتابخانە و شوێنەکانی دیکە بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەو یادە پیرۆزە بەرز ڕاگیرا و ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەکان و دامودەزگاکانی دیکەی حکومی بەرز کرایەوە.
ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، کە دەکاتەی ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ی زاینی بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان لە مەھاباد بە ئامادەبوونی ھەزاران کەس لە ھەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕێورەسمێکدا ھەڵدرا، بۆیە ساڵانە لەم ڕۆژەدا چەندین مەڕاسیم و چالاکی جۆراوجۆر بەتایبەتی لە ناوەندەکانی خوێندن ڕێکدەخرێن و ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە.
ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٧/١٢ی ھەموو ساڵێکی بە ڕۆژی ئاڵا دەستنیشان کرد کە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی داگرتنی ئاڵای کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٥.
گەلی کوردستان قوربانی زۆری داوە لە پێناو پیرۆز ڕاگرتنی ئاڵاکەی، کە بە درێژایی مێژوو لە سەرانسەری کوردستان بە چەندین قۆناغی جیاواز تێپەڕیوە.
ئەم ئاڵایە سیمبولی بەرخودان و خەبات و تێکۆشانی میللەتێکە کە ساڵەھای ساڵە خەبات دەکات بۆ ئازادی، سەربەخۆیی و یەکسانی و بۆ ئەوەی مافەکانی بەدەستبھێنێت. لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان، کوردستانیان بەیەکەوە بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان خەباتیان کردووە. ھەر لە شۆڕشی ئەیلوول و دوای شۆڕشی ئەیلوولیش ھەموو پێکەوە خەباتیان کردووە بۆ یەک ئامانج بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان بە تێکڕای پێکھاتەکانیانەوە.
ئاڵا کە یەکێکە لە ھێماکانی ناسینی نەتەوەکان و پیرۆز ڕاگرتنی سامانێکی سروشتیی گەلانی جیھانە، ھەمان ئەو ئاڵایە لە ساڵی ١٩١٩ کۆمەڵەی ڕێکخراوی “جڤاکا کوردستانێ” لە ئیستەنبوڵ لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارەوە بەرزکرابووەوە.
لەکاتی ڕاگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ لە شاری مھاباد، ھەمان ئەو ئاڵایە بە ھەندێک گۆڕانکاری بچووکەوە ھەڵکرا، دواتر قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان ئەو ئاڵایەی وەک ئەمانەت بە بارزانیی نەمر داو ڕێبازی ئەو ئاڵایە تا ئەم ڕۆژگارە بەردەوامە.
گەلی کوردستان قوربانی زۆری داوە لە پێناو پیرۆز ڕاگرتنی ئاڵاکەی، کە بە درێژایی مێژوو لە سەرانسەری کوردستان بە چەندین قۆناغی جیاواز تێپەڕیوە.
نیشانە و ڕەنگەکانیشی دیاریکراوە، ھەروەک لە بڕیارەکەدا ھاتووە، ئاڵای کوردستان لاکێشەیە و پانییەکەی دوو لەسەر سێی درێژییەکەیەتی و دابەشکراوە بەسەر سێ لاکێشەی یەکسان، لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە و ھێمایە بۆ شەھیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، لاکێشەی ناوەڕاست سپییە و ھێمایە بۆ ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان و ئازادیی و لێبووردن، ھەروەھا لاکێشەی خوارەوە سەوزە و ھێمایە بۆ کشتوکاڵ و ژینگەی کوردستان، خۆرێک کە بە یاسا دیاریکراوە، لە ناوەڕاستی ئاڵاکەیە و ھێمایە بۆ بەردەوامیی ژیان و جەژنی نەورۆز، بەپێی یاساکە، جگە لەو ڕەنگ و ھێمایانە نابێ ھیچ نووسین یان ڕەنگ و وێنەیەکی دیکە بخرێتە سەر ئاڵای کوردستان.