رۆژنامەی ھەولێر

راپۆرتی كۆتایی پرسی چارەسەری دەدرێتە ئەردۆغان

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتە سیاسییەكانی توركیا، جگە لە چەند پارتێكی ئۆپۆزسیۆن، راپۆرتی تایبەت بە پرسی چارەسەری كورد و چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە، پێشكەشی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەكەن و پاشان لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی كۆتایی لەسەر دەكەن.

كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و دیموكراتی و برایەتی) لەناو پەرلەمانی توركیا، كە لە ٥١ ئەندام پێكهاتوون، راپۆرتی تایبەت بە پارتەكانی خۆیان ئامادە كردووە و بڕیارە پێشكەشی ئەردۆغانی بكەن و بۆچوونی ئەوی لەسەر وەربگیرێت.
دەم پارتی راپۆرتەكەی تەواو كردووە و رادەستی ئۆفیسی سەركۆماری توركیای كردووە، ئاكەپە و مەهەپەش بەهەمان شیوە راپۆرتی خۆیان تەواو كردووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا رادەستی سەركۆماری توركیایان نەكردووە و بریارە لە ماوەیەكی نزیكدا رادەستی بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، ئەردۆغان راپۆرتەكان دەخوێنێتەوە و بۆچوونی خۆی لەسەر دەدات و بڕیاری كۆتایی راپۆرتەكان لای ئەوە، پاشان راپۆرتەكان دەدرێتەوە بە پەرلەمان و كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و دیموكراتی و برایەتی)، گفتوگۆی لەبارەوە دەكات.
لە راپۆرتی ئاكەپەدا هاتووە، پێویستە هەموو ئەو چەكدارانەی پەكەكە، كە دەستیان لە تاوان نەبووە لێبوردنی گشتیان بۆ دەربكرێت، ئەوانەشی تاوانیان كردووە، لەبەردەم دادگا سزا بدرێن، بەڵام سزای قورس نەدرێن و سزایەكی سووك بدرێن.
بەڵام دەم پارتی، لە راپۆرتی خۆیدا داوای كردووە، هەموو چەكدارانی پەكەكە، بەبێ جیاوازی لێبوردنی گشتیان بۆ دەربكرێت و ژیانی ئاسایی خۆیان بژین. هەر لە راپۆرتی دەم پارتیدا هاتووە، پێویستە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە ئازاد بكرێت و سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووتری هەدەپەش ئازاد بكرێن.
ئاژانسی (T24) توركی بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە دوای ئەوەی راپۆرتی پارتەكان لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەسەر كرا، لە هەنگاوی دووەمدا یەك راپۆرت ئامادە بكەن، واتە هەموو پارتەكان یەك راپۆرتیان دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەموو راپۆرتەكان دەخوێندرێتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و لەسەر رۆشنایی راپۆرتی پارتەكان، یەك راپۆرت ئامادە دەكرێت و كاری لەسەر دەكرێت.
لەبارەی دەرچوونی یاساییەكی تایبەتیش لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ چەكدارانی پەكەكە و هەروەها زیندانیانی سیاسی، باس لەوە كراوە، لەناو پەرلەمانی توركیا یاسایەك بۆ چەكدارانی پەكەكە و زیندانیان سیاسی دەردەچێت، بەڵام یاسایەكە ئەوكات جێبەجێ دەكرێت، پەكەكە بە كردار چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، ئەگەرچی لە كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و دیموكراتی و برایەتی) ئەندامی هەیە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ پەرلەمانتارێك بۆ ئیمیڕاڵی بنێرێت تا ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەو كۆمیسیۆنە لەگەڵ ئۆجەلاندا باس بكەن و بۆچوونی ئەوی لەسەر وەربگرن، ئەمەش كوردی نیگەران كرد و هەروەها جەهەپەی لە پڕۆسەی پرسی چارەسەری كورد دوور خستەوە، بەڵام دەم پارتی و خودی ئۆجەلان، داكۆكی دەكەن، بەبێ جەهەپە ناكرێت ئەم پڕۆسەیە بەردەوامی هەبێت و پێویستە جەهەپە رۆڵی كاریگەری پێبدرێت.
لە دەرچوونی هەر یاسایەكی تایبەت بە پرسی چارەسەری كورد، پێویستە جەهەپە بەبەڵێ دەنگ بدات، چوونكە ئەگەر جەهەپە رەتی بكاتەوە، رەنگە لە ئاییندەدا ئەگەر دەسەڵاتی گرتە دەست، هەموو یاسایەكان هەڵوەشێنێتەوە و چەكدارانی پەكەكە بخرێنە زیندان و ئاشتی كۆتایی پێبێت و شەڕ هەڵگیرسێتەوە، بۆیە بوونی جەهەپە لەناو پڕۆسەی چارەسەری بەلای دەم پارت زۆر گرنگە.