رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەت؛ ئاڵای پیرۆزی کوردستان هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە

سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا کە بە بەشداریی نوێنەران و کەسایەتییەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان  بەڕێوە چوو ڕایگەیاند ئاڵای پیرۆزی کوردستان هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/17، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەڵای هەولێر، ڕێورەسمێکی تایبەت بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە نوێنەران و کەسایەتییەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون، سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا ، وێڕای پیرۆزباییکردنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، دووپاتیشی کردەوە کە ئاڵای کوردستان، هێما و سیمبولی گەلەكەمانە، هێما و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچانی گەلەكەمان و هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە، هێمای بەردەوامیی ژیان و هێمای وزە و هێزە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە ئەم ئاڵایە بە درێژایی مێژوو و هەر لە وەختی دروستبوونیەوە تاكوو ئێستا، چەندین جار بووەتە دوا بەرگی جەستەی گیانی هەزاران شەهید لە كوردستاندا. هەروەها لە پێناوی بەرزڕاگرتنی ئەم ئاڵایە، هەزاران تێكۆشەری تر لە زیندانەکان گیانیان سپاردووە یان بەرەو پەتی سێدارە ڕۆیشتوون، یان لە لوتكەی چیاكان و پانتایی دەشتەكان گیانیان سپاردووە. بۆیە ئەركی هەموومانە ئەو ئاڵایە بەرز رابگرین.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها گوتی ئێستاش لەژێر سایەی ئەم ئاڵایە پیرۆزە بەرەو كوردستانێكی ئاوەدان و ئارام و سەقامگیر، دەست لەناو دەستی یەكتر، هەنگاو دەنێین ، بۆیە بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.