رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی نوێی پۆلەندا لە هەولێر دەکات

ئه‌مرۆ چوارشەممە، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماچیج زایدڵ کونسوڵی گشتی نوێی پۆلەندا لە هەولێر کرد.

لەدیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی پۆلەندا لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە دیداری سەرۆک بارزانی و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پۆلەندا لە هەموو بوارەکاندا.

هەروەها کونسوڵی گشتیی پۆلەندا دڵخۆشیی خۆی نیشاندا بۆ ئەو پێشڤەچوونانەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە بینیوە و ستایشی ڕۆل و پێگەی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

هەروەها ستایشی خۆڕاگری و تێکوشانی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و نەهامەتیانەی لە ڕابردوودا بەسەریاندا هاتووە.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی پۆلەندا لە هەولێر کرد و پشتیوانیی خۆی و هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی پەیوەندی دوولایەنە.

هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لەو نەهامەتیانە کرد کە لە ڕابردوودا بەسەر گەلی پۆلەندا دا هاتوون، بەڵام بە یەکگرتوویی و تێکۆشانیان توانیان بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بن و بگەن بە ئەمڕۆ کە پۆلەندا بوەتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوڕووپا و جیهان.

دۆخی ناوچەکە و عێراق بە گشتی و مێژوو و خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان و باسکردن لە سروشت و دیمەنی جوانی ناوچەکانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.