رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەند شاهین نەجمەدین: شانۆ لە كوردستان وا بەرەو نەمان دەچێت‌

كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

 

هونەرمەند (شاهین نەجمەدین)یەكێكە لە شانۆكارانی كوردستان خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندە لەو بوارەدا، ئەو لە ساڵی 1963 لە هەولێر لە گەڕەكی تەعجیل لەدایك بووە، ساڵی 1985-1986 پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی بە پلەی زۆرباشە تەواو كرددوە، ساڵی 1978 بۆ یەكەم جار هاتۆتە سەر تەختەی شانۆ. تاوەكو ئێستا لە هەولێر و لە سلێمانی وەك نواندن بەشداری لە 76 شانۆگەریی كردووە، بەشداری لە 7 كورتەفیلمی سینەمایی‌ و فیلمی درێژ كردووە، دەیان شانۆی بووكۆڵەی بۆ منداڵان دەرهێناوە كە زۆربەیان لە نووسینی خۆیەتی، چەند شانۆگەریەكی منداڵانی دەرهێناوە و كاری نواندنی تێا كردووە، دەیان خولی بۆ شانۆی بووكۆڵە لە رێكخراوی یونیسێف ورێكخراوی منداڵپارێزانی بەریتانی، لەو ڵاتی لوبنان و توركیا خولی كاركردنی لە تەلەڤیزیۆن بینیوە، لە ساڵی 2005 لەو ڵاتی ئەردەن بۆ ماوەی شەش مانگ خولی ئەنیمەیشنی بینیوە خاوەنی چەندین دەقی شانۆیی منداڵانە خاوەنی دەیان سوپاسنامەو خەڵاتی رێزلێنانیێنە.

بە باشمان زانی بە چەند پرسیارێك لە نزیكەوە بەسەری بكەینەوە.
* سەرەتا بابزانین شاهین نەجمەدین چۆن ئاشنای هونەری شانۆی بوو؟
– كەمنداڵبووم لە كۆڵانەكەی ئێمە تەنها ماڵێك تەلەڤیزیۆنێكی گەورەی رەش‌ و سپیان هەبوو زۆربەی شەوان ماڵەدراوسێكان تادرەنگانی شەو دەچوونە سەیری تەلەڤیزیۆن، كەیەكەمجار لە تەلەڤیزیۆن مرۆڤم دیت زۆرم لاسەیر بوو. ئیتر هەر پرسیارم لە خاوەن ماڵەكە دەكرد ئەویش وەڵامی دەدامەوە. دەمگوت ئەوانە چۆن چوونەتە ناو ئەوسەندوقە بچووكە كەی دەردێن؟ توخوا ئەگەر هاتنە دەرێ‌ حەز دەكەم بیانبینم. زۆر بەوردی سەیری دیمەنەكانم دەكرد هەستان‌و دانیشتن‌ و هەڵس‌ وكەوت ‌و جوڵانەوەیان ئیتر ئەوحەزە تا پۆلی دووی ناوەندی ئەوكاتە هەر لە گەڵم مایەوە. من زیاتر حەزم لە سینەما دەكرد وەك لە شانۆ. ئەوەبوو ساڵی 1978 لە قوتابخانەی ناوەندی قەندیل مامۆستا (حەمەكەریم هەورامی و مامۆستا یاسین مستەفا و وەلید مەعروف جارۆ و سەباح عەبدولڕەحمان) وەك ئەكتەر هەڵیانبژاردم لە شانۆگەریەك بە ناوی (پەیامێكی نوێ‌) لە چالاكی قوتابخانەكان. دوای ئەوەی سێی ناوەندیم تەواو كرد چوومە بەغدا بۆ ئەوەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی سینەما بخوێنم. بەڵام وەریان نەگرتم. گوتیان لە سلێمانی پەیمانگای هونەرە جوانەكان كراوەتەوە بڕۆ لەوێ بخوێنە. ئەوەبوو چوومە سلێمانی لەوێ لە بەشی شانۆ وەرگیرام بەداخەوە بەشی سینەما نەبوو. ئیتر بەو شێوەیە هاتمە بواری شانۆو دەستم بەكاری شانۆیی كرد.
* باشە لە ئێستادا شانۆی لە كوردستان چۆن دەبینیت؟
– شانۆ ئێستا لە كوردستان وا بەرە و نەمان‌ و فەنا دەچێ‌. كێشەی تازە و ئاستەنگی زۆری بۆ پەیدابووە. لە سەرووی هەمویانەوە نەبوونی بودجەیە، نەبوونی هۆڵێكی ستانداردی شانۆ نەماوە نمایشی تێدا بكرێ‌، لە لایەكی ترەوە هەندێ‌ شانۆكار خۆی ئاستی رۆشنبیری ‌و ئەو توانایەی نییە وەكو جاران بە گوڕ و تینەوە بەردەوام پەرە بە پێشوەچوونی خۆی بدات‌ و لە كاروانەكە دانەبڕێ‌. نەبوونی دەقی باشی كوردی‌ و نەبوونی ئامێری هونەری تەكنیكی شانۆ‌، ئەمەو زۆر كێشەی تر وای کردووە شانۆ لە كوردستان بەرەو فەنابوون بچێت‌.
* هەندێ لە شانۆكاران دەڵێن درامای تەلەڤیزیۆنی بینەرانی لە شانۆدا دوور خستۆتەوە تۆ دەڵێت چی؟
– بەڕای من ئەو بۆچوونە وانییە. چونكە بینەری درامای تیڤی جیاوازە لە بینەری شانۆ. هەردووكیان دوو هونەری جیاوازن لە شێوەی كاركردن تیایدا. كاری شانۆیی زەحمەت ‌و قورسترە وەك لە تەلەڤیزیۆن. لە شانۆدا توانای راستەقینەی ئەكتەر بەدیار دەكەوێت، چونكە ئەكتەر راستەوخۆ بەرامبەر بینەر رۆڵی كاراكتەرەكە دەبینێ‌. بەڵام لە شاشەی تیڤیەكاندا بوار هەیە چەند جارێك جووڵانەوەیەك یان دیالۆژێك دەیان جار دووبارە بكرێتەوە تائەوكاتەی دەرهێنەر قبوڵی دەبێت. پاشان كەرەستە و پێداویستیەكانی دراما بەردەستترە وەك لە شانۆدا. خاڵێكی تری زۆر گرنگ درامای تیڤپەكان زۆربەیان وەك پێویست كاری هونەری تێدا نەكراوە واتە زنجیرە دراماكانیش زۆربەیان لاواز و لەو ئاستەدا نین بینەران پێشوازی لێ بكەن.
*ئێوە لە شانۆی منداڵان چ لە بواری نووسین بێت یان دەرهێنان بێت خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندن، تاچەند لە كوردستان گرنگی بە شانۆی منداڵان دراوە؟
– زۆرم پێ‌ سەیرە تاوەكو ئێستا وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی رۆشنبیری بەفەرمی دانیان بەوە نەناوە كەهونەرێكی گرنگە ئەویش هونەری منداڵانە فەرامۆشیان كردووە و خەمی لێ‌ ناخۆن!! كاتی خۆی دوو سێ‌ پرۆژەو بەرنامەی خوێندنم پێشكەش بەوەزارەتی پەروەردە كرد گوتیان زۆر چاكە ئێمە دیراسەی دەكەین‌ و وەڵامت دەدەینەوە. كەچی تا خانەنشینیش بووم هەر وەڵامیان نەدامەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیریش بەهەمان شێوە. كێشەكە ئەوەیە گرنگی ئەو هونەرە بەهەند هەڵناگیرێ‌، لە كاتێكدا لەو رێیەوە دەكرا بەهرەی دەیان منداڵی بەتوانا بدۆزرێتەوە چونكە منداڵ مافی خۆیەتی لە قوتابخانە بەشداری لە كاری هونەری بكات. ئەمە یەكێكە لە بەندەكانی مافی منداڵان. حكومەتی هەرێم: وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی رۆشنبیری لە دوو كاتی جیاوازدا منداڵانیان بەبیر دێتەوە یەكەمیان لە مانگی یازدە بەبۆنەی جاڕی مافی منداڵان دووەمیشیان لە 1/6 هەموو ساڵێك كەپێی دەڵێن جەژنی جیهانی منداڵان. لە كاتیكدا دەبوو چالاكی قوتابخانەكان مانگانە بەردەوام كاری شانۆیی بۆ منداڵان بكەن‌و قوتابیانی قوتابخانەكان ببەن بۆ بینیی ئەو شانۆگەریانە. لە باخچەی ساوایاندا گرنگترین وانە پێویستە هەبێت ئەویش شانۆی بوكۆڵەیە كەچی باخچەیەكی ساوایان نییە شانۆی بوكۆڵە بۆ منداڵان ئەنجام بدەن. ئەوانە گەورەترین كەمتەر خەمیەكانی حكومەتی هەرێمن. لێرەولەوێ‌ تیپی شانۆی منداڵان هەیە بەڵام داخەكەم ئەوانیش لە رووی بودجەوە دەستكورت و هەژارن، شانۆی منداڵان پێویستی بە پارەیەكی زۆرە لە رووی جل‌و بەرگ ‌و دیكۆر و گواستنەوەی منداڵان و هتد.
* هەندێك لە شانۆكاران زۆری پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەكارێكی نەرێنی دەبینن روانگەی تۆ لەم بارییەوە چییە؟
– سەرەتای دروستبوونی پەیمانگەی هونەرەجوانەكان چەند قوتابیەكی زیرەك‌ و بەهرەمەند تیایدا دەرچوون و تا ئەمڕۆش هونەرمەندی چاكیان لێ‌ دەرچوو. بەڵام دوای ئەوان پەیمانگا بۆ هەندێ‌ قوتابی بووە شوێنی بەدەستهێنانی بڕوانامە بە زووترین كات و دامەزراندنیان لە قوتابخانە دوورەدەستەكان ئەمە وای كرد بە لێشاو قوتابی بەهۆی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و بە خاترانە وەربگیرێن. لە كۆتاییدا لە جیاتی ببنە هونەرمەند بوونە مامۆستای هونەری لە قوتابخانەكان. بۆیە ئێستاش من پێم باشە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بكرێتە پەیمانگای ئامادەكردنی مامۆستای هونەر. چونكە وەزارەتی پەروەردە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەچاوی قوتابخانە دەبینێ‌ نەك پەیمانگای هونەرە جوانەكان. دڵنیام پەیمانگای ئێستا ئەوانیش دەیان كێشەیان هەیە بۆ خوێندن‌و رێنیشاندەری قوتابیەكانیان. .
* نمایشی باش رەخنەگری باش دەردەكەوێت چۆن دەڕوانیتە ئاستی ڕەخنە لە كوردستان؟
– رەخنەگرو شانۆكار دوو هێڵی هاوتەریبن وەك یەك بە یەك رێگادا دەڕۆن. بە ڕای من دەبێ‌ رەخنە بەشێك بیت لە پێشكەوتنی بەرهەمە شانۆییەكە، ئێستا رەخنەگریش بەشێكە لە كێشەكانی شانۆمان. ئەوانیش پسپۆریان نییە لەو بوارە. تەنیا چەند رەخنەگرێكن ئارەزوومەندانە هاتوونەتە مەیدانەكەو كاری رەخنەیی دەكەن. من پێم وایە هەر لە سەرەتای دەست بە پرۆڤەكردنی شانۆگەریەك پێویستە رەخنەگرەكەش ئامادەی رۆژانی پرۆڤەكە بێت تا رۆژی نمایش. پاشان رەخنە لە شانۆگەریەكە بگرێت جا چ بە ئەرێنی بێت یا نەرێنی. بەڵام رەخنەگر لای ئێمە هەندێجار بە هەوا و هەوەسی خۆی دەنووسێت. لە كۆتاییدا پێم وایە رەخنە بۆچوونی رەخنەگر خۆیەتی، هەموو دەرهێنەرێكیش مافی خۆیەتی پابەندی بۆچوون‌ و رەخنەكە نەبێت، هەروەك یەكێك لە بینەران ئەوانیش رەخنەیان دەبێت. لە هونەردا هیچ یاسایەك نییە هونەرمەند پێیەوە پابەند بێ‌. چونكە كارە شانۆییەكە كاری هەست‌ و بۆچوونە هەر كەسێك لە دیدی خۆیەوە هەڵیدەسەنگێنێ‌.
* سازدانی فیستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتی لە كوردستان تا چەند بەگرنگی دەزانیت؟
– بە ڕای من سازدانی فێستیڤاڵ كارێكی زۆرباشە. چونكە فێستیڤاڵ هونەرمەندە بیانییەكان بەیەكتر ئاشنا دەكات بۆ كاری هونەری یا گۆڕینەوەی بیروڕا هەروەها شارەزابوون لە هونەری وڵاتان. ساڵانێكە فێستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتی لە هەولێر ساز دەكرێت كەچی لەو فێستیڤاڵەدا شانۆكارانی هەولێر بەرهەمێكی شانۆگەرییان نییە. ئەوە كارێكی باش نییە ناكرێت تۆ فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەیت كەچی خۆت تیایدا بەشدار نەبیت. كێشەكانیش زۆربەیان پەیوەندییان بە نەبوونی بودجەوە هەیە.