به‌پێی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان، ئه‌مساڵ تا ناوه‌ڕاستی كانوونی دووم، زیادتر له سه‌د و بیست ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵان‌دا دابه‌شكردووه، كه زیادتر له شه‌ش سه‌د هه‌زار خێزان لێی سودمه‌ند بوونه و دابه‌شكردنیش به‌رده‌وامه، كه بڕی پێویست بۆ دابه‌شكردنی به‌رمیلێك نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، زیادتر له دوو سه‌د و حه‌فتا ملیۆن لیتره.
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێt، بۆ ئه‌مساڵ زستان و تا ئه‌م به‌رواره، له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان بڕی سه‌د و بیست ملیۆن و دوو سه‌د و نه‌وه‌ت و چوار هه‌زار و دوو سه‌د لیتر نه‌وتی سپییان به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شكردووه.
ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ڕایگه‌یاندووه، به‌سه‌ر شه‌ش سه‌د و یه‌ك هه‌زار و چوار سه‌دو حه‌فتا و یه‌ك خێزاندا دابه‌شكراوه و لێی سودمه‌ند بوونه.
دابه‌شكردنه‌كه به‌جۆرێكه، له ناوچه شاخاویی و سارده‌كان زۆرتر و زووتر ده‌ستی پێكراوه، كه له پارێزگای سلێمانی دوو سه‌د و چل و پێنج هه‌زار خێزان نه‌وتیان وه‌رگرتووه، ده‌كاته ٩٣%ی بڕی پێویست.
دوای ئه‌ویش ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران دێت كه تێیدا هه‌شتا و یه‌ك هه‌زار خێزان به‌شه نه‌وتی ساڵانه‌یان وه‌رگرتووه و ده‌كاته ٩٢%ی بڕی پێویست.
پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌دووی ئه‌وان دێت كه ڕێژه‌ی دابه‌شكردن تێیدا ٨٥،٥%ه و بیست و شه‌ش هه‌زار خێزان به‌شه نه‌وتی ساڵانه‌یان وه‌رگرتووه.
له پارێزگای هه‌ولێر سه‌د و په‌نج و حه‌وت هه‌زار خێزان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه، كه ده‌كاته ٨٣%ی بڕی پێویست، له پارێزگای دهۆكیش تا ئێستا ته‌نیا ٣٥%ی بڕی پێویست دابه‌شكراوه و به‌هۆیه‌وه حه‌فتا و هه‌شت هه‌زار خێزان لێی سود مه‌ند بوونه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، یازده هه‌زار خێزان به‌شه نه‌وتی ساڵانه‌یان وه‌رگرتووه، به‌ڵام تا ئێستا ته‌نیا ١٨%ی بڕی پێویست نه‌وت دابه‌شكراوه.
پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به نرخی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه و به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هێشتا چوار سه‌دو هه‌شتا و هه‌شت هه‌زار و دوو سه‌د و په‌نجا و دوو خێزان له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ماوه نه‌وتی سپی وه‌ربگرێت، كه زۆرینه‌یان له پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆكه.
له هه‌رێمی كوردستان زیادتر له ملیۆنێك و دوو سه‌د و هه‌شتا و پێنج هه‌زار خێزان هه‌ن، بڕی پێویست بۆ دابه‌شكردنی به‌رمیلێك نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هه‌موو خێزانێكی هه‌رێمی كوردستان، زیادتر له دوو سه‌د و شه‌ست و پێنج ملیۆن لیتر نه‌وته، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه نه‌یتوانی نه‌وتی سپی له‌نێو شاره‌كان دابه‌ش بكات و ته‌نیا له ناوچه شاخاوییه‌كان دابه‌شی ده‌كرد، به‌ڵام دواجار دابه‌شكردنی به‌شه نه‌وت له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرده‌وه.
دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به نرخی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جیا له سودی وه‌رگرتنی بۆ هاووڵاتیان، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نرخ له بازاڕه‌كاندا ده‌بێت و نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێنێت و تا ڕاده‌یه‌ك له بازاڕه‌كاندا جێگیری ده‌كات، كه ساڵانه له وه‌رزی زستاندا نرخی نه‌وتی سپی له بازاڕه‌كاندا بۆ سه‌رووی دوو سه‌د هه‌زار دیناری عێراقی به‌رز ده‌بێته‌وه.

