رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێز و شکۆوە تەرمی نووسەر و تێکۆشەر (حوسێنی کوردنەژاد) بە خاک سپێردرا

دوێنێ، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و هەڤاڵانی بەش و پارێزگاری هەولێر و، ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و نووسەران، ڕۆشنبیران، دۆستان و بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو، بەڕێز و شکۆ و وەفادارییەوە تەرمی نووسەر و توێژەر و تێکۆشەری ناسراو (حوسێنی کوردنەژاد) لە گۆڕستانی ناوداران لە پیرمام بەخاک سپێردرا.

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی قووڵی خۆیان، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی کۆچکردوو کرد و گوڵی وەفای لەسەر گڵکۆی کۆچکردوو دانا.
شایانی باسە، نووسەر و تێکۆشەر حوسێنی کوردنەژاد، ڕۆژی ١٢ی ١٢ی ٢٠٢٥ کۆچی دوایی کردبوو، ئەمڕۆش لە کەشێکی ماتەمینیدا و بە ئامادەبوونی خانەوادەکەی و هاوڕێیان و دۆستانی، لە دوایین مەنزڵگەی خۆی لە پیرمام ئارامی گرت.