ماكوان عيززهت – هەولێر
کەشوهەوای سارد کار دەکاتە سەر تەندروستیی ئەندامە جیاوازەکانی جەستە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی چەندین کێشەی تەندروستی.
بەڵام دەتوانرێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوای سارد لە ڕێگەی چەند ڕێگەیەکەوە کەم بکرێتەوە.
زستان بە کەشوهەوای ساردی دەناسرێتەوە و کاردانەوەی جەستە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بەپێی دەستووری تاک و بەرگەگرتنی سەرما. کەشوهەوای سارد کار دەکاتە سەر بەشە جیاوازەکانی جەستە.
لەو بارەیەوە د. بێریڤان محەمەد پسپۆڕی پێست دەڵێت: کەشوهەوای سارد ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر تەندروستیی پێست، بەو پێیەی کەمبوونەوەی شێ لە هەوادا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاو و پاسرکانی پێست. ئەو وشکبوونەوەیە دەبێتە هۆی هەستکردن و دروستبوونی چرچ و لۆچ لە پێستدا.
د. بێریڤان محەمەد ئاماژە بەوەش دەدات كە سەرما بەربەستی پاراستنی پێست لاواز دەکات، هەستیاری زیاد دەکات و زیاتر تووشی سووربوونەوە و خوران و قلیشان دەبێت، بەتایبەتی دەوری دەمولێو و دەستوپل. لە هەوڵێکدا بۆ قەرەبووکردنەوەی وشکبوونەوەکە، ڕەنگە بەرهەمهێنانی چەوری تێک بچێت، ئەمەش هەندێک جار دەبێتە هۆی گیرانی کونیلەکان و دەرکەوتنی زیپکە. د. بێریڤان ئامۆژگاریی خەڵك دەكات كە بۆ پاراستنی تەندروستی پێست لە وەرزی زستاندا، باشتر وایە شێدارکەرەوەی دەوڵەمەند بەکار بهێنرێت، دوور بکەوەرەوە لە ئاوی گەرم، بە بەردەوامی دژەخۆر بەکاربهێنە، لەگەڵ تەقشیرەکی نەرم هەروەها خواردنەوەی ئاوی زۆر.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە
وشکبوونەوەی پێست و لەدەستدانی شێ کێشەی باون لە مانگە ساردەکاندا و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، دیارترینیان:
گۆڕانکاری لە ئاستی شێی هەوادا دەتوانێت شێی پێست و بەرهەمهێنانی چەوری کەم بکاتەوە، ئەمەش بەشدارە لە وشکبوونەوە و خوران.
بەکارهێنانی گەرمکەرەوە: كارپێكردنی گەرمکەرەوە لە ماڵ و باڵەخانەکان لە کاتی کەشوهەوای سارددا ئاستی شێ زیاد دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر شێی پێست دەبێت.
کاریگەرییەکانی کەشوهەوای زستانە کە زۆرجار لەگەڵ بای بەهێز و بارانباریندایە، دەتوانێت بەشدار بێت لە کەمبوونەوەی چەوری پێست.
حەمامی گەرم زیان بە چینی دەرەوەی پێست دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی وشکبوونەوە.
پێویستە چی بکرێت بۆ خۆپاراستن لە وشکبوونەوەی پێست؟
لە وەرزی زستاندا پێستمان زۆر بە خێرایی وشک دەبێتەوە. وشکبوونەوەی پێست درز و توێکڵی هەڵدەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی برین لەسەر دەست و قاچ. کاتێک پێستی وشک درز دەکات، ڤایرۆسەکان بە ئاسانی دەتوانن بچنە ناویەوە. ئەو میکرۆبانەی کە دەچنە ناو پێستەوە دەبنە هۆی هەوکردن.
دەتوانیت ئەم ڕێگایانە بەکار بهێنیت بۆ خۆپاراستن لە وشکبوونەوەی پێست:
*پێویستە ئاوی زۆر بخۆیتەوە.
* زوو زوو پێستت شێدار بکەرەوە بەپێی پێویست.
*ئەو شێدارکەرەوەی کە دەدرێت لە پێست پێویستە دژەئۆکسێنەرەکانی وەک ڤیتامین A و E و C لەخۆ بگرێت.
*تەواوکەری ئۆمیگا ٣ بەکار بهێنە.
*سەوزە و میوەی گونجاوی ئەم وەرزەیە بخۆ بۆنمونە پرتەقاڵ
*دانەوێڵەی تەواو بخۆ.
*ئاگاداری دەستوپلت بە، هەروەک چۆن لە مانگەکانی زستاندا گرنگی بە دەموچاوت دەدەیت، چونکە هەمان مەرجەکان بۆ ڕێگەگرتن لە درزکەوتنی دەستەکان هەیە، بۆ ئەوەی دەستوپلت نەقڵیشێت، بە بەردەوامی کرێمی دەستەکان بەکار بهێنە و دوور بکەوەرەوە لە شوشتنی دەستوپلت بە ئاوی زۆر گەرم و سابوونی توند.

