رۆژنامەی ھەولێر

پەرواز حوسێن گۆرانی ئەمن کوردم تۆمار دەکات

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ “پەرواز حوسێن” لە دوای ساڵانێک دابڕان بەهۆی نەخۆشیەکی سەختەوە و وەرگرتنی چارەسەر لە وڵاتی ئەڵمانیا ئێستا سەرقاڵی تۆمارکردنی گۆرانییەکی نوێیە بەناونیشانی “ئەمن کوردم”.

ئەو بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی “گۆران ساڵح” و دابەشکردنی موزیسیانی دیاری کورد “محەمەد یاسین”ـە و یەکێکە لەو بەرهەمە نیشتمانیانەی، کە “پەرواز حوسێن” بە تامەزرۆییەوە کاری بۆ دەکات.
“ئەمن کوردم” یەکێکە لەو تێکستانە نیشتمانیانەی هاوسەری ئەو هونەرمەندە “گۆران ساڵح” بەوپەڕی خۆشەویستیەوە بۆ نیشتمان نووسیویەتی و لە ئاخاوتنێکی تایبەتدا دەڵێت: وەک هەڵوێستێکی نیشتمانی و ئەو گەشانەوە خێرایەی لە ڕووی ئاوەدانی و سەقامگیرییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئێستا دەنگی کورد لە جیهان هێندە زوڵاڵە بووەتە سەنتەری بازرگانی و دوژمنانی کوردیش چاویان بەو پێشکەوتنە هەڵنایەت، بۆیە منیش وەک هونەرمەندێک و تاکیکی ئەو نیشتمانە و هەست کردن بە بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی سەرقاڵی تۆمارکردنی ئەو گۆرانییەم و لە دوای تەواوبوونی کارە تەکنیكەکانی دەست دەکەم بە وێنەگرتنی ئەو بەرهەمە و لە پلاتفۆرمەکانی یوتیوب و سۆشیال میدیا و تەواوی کەناڵە ئاسمانیەکان بڵاوی دەکەمەوە.