رۆژنامەی ھەولێر

چی زاخۆی گەیاندە ئەوجی وەرزشی جیهان

‎هاودەنگ فارووق
وەختێك خەڵكی كوردستان یەكدەنگ و یەك ئاڕاستە بن، یەكڕیز و سەرمەستی یەك ئامانج دەبن، وەك بینیمان لەناو هەموو جیهاندا بوونە پێشەنگ، بوونە سەرقافڵە و ڕەوتی وەرزشیان كۆنترۆڵ كرد.
هاوڕیزیی ئەو دەستكەوت و ئیلهامە گەورەیە، كە سەرجەم بیرمەندان عەوداڵی بوون، هەروەك داوایان لە كورد كردووە، ئیتفاق بكەن، یەكڕیز بن، دەست بدەنە دەستی یەكتر و لەبری یەكتر شكاندن، ڕابن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مەزنەكان.
گەیشتنی زاخۆ بەو پلە جیهانییە و ترۆپكی سێكتەری وەرزشی، ئەنجامی پشتیوانیی بهەڤڕای كوردستانیان بوو. ئەوەیشی پێگوتین: ئەوەی ڕوویدا، تێست و تاقیكردنەوەیەكی ئاشكرا بوو بۆ توانای كورد. مرۆڤی كوردیش هیچی كەمتر نییە لە نەتەوەكانی دیكە و دەتوانێت ببێتە پێشەنگ لە جیهاندا، تەنها مەرج بۆ ئەو ئامانجە، پشتیوانیی هەمووان و یەكڕیزییە.
یەكدەنگی بۆ پشتیوانیی زاخۆ وەدیهات. خەڵكی كوردستان ڕوویان كردە واژۆكردن بۆ ئەو سەركەوتنە، دواجاریش ئامانجەكە بوو بە ڕاستی و كورد لە دێرینترین ناوبانگە جیهانییەكانی وەرزشی بردەوە. ئەمەش ئەگەر وەربگێڕین بۆ سێكتەرەكانی دیكە بە هەمان شێوەیە و، ئەگەر ئێمە لە بوارەكانی پێشخستنی كوردستان و حوكمڕانیی تەندروست و پاراستنی ژینگە و پاراستنی شكۆی نەتەوەكەمان یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بین، هیچ هێزێك نییە بتوانێت لە گەیشتن بەئامانجە گەورەكان ڕامان بگرێت.