فازڵ میرانی
هەندێک کۆمپانیا دەبنە دەوڵەت و هەندێک دەوڵەت دەبنە کۆمپانیا.
هەر کۆمپانیایەک خزمەتگوزاریی گرنگ و پێویست پێشکەش بکات، ئەوا وەک دەوڵەت وایە، بەڵکوو لەوانەیە بەهێزتریش بێت، بەتایبەتی ئەگەر بوونی پەیوەست بێت بە خزمەتگوزارییەک، کە کەسانی دیکە ناتوانن پێشکەشی بکەن.
دەوڵەتان ڕەنگە لەسەر کۆمپانیا بنیات نرابن. ئەمە بواری کارکردنە، کە پێویستی بە یاسادانان و مامەڵەی یاسایی نیشتمانی و ئاسانکاریی دەرەکی هەیە. بابەتێکە دەکەوێتە چەقی ئاراستەی سیاسییەوە؛ سیاسەتێک، کە ئابووری دروستی دەکات.
خۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەمیشە نموونەیی نین و لەسەر بنەمای بەهای بەرز و ئاکاری باش دانەمەزراون.
تەرازووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تەرازووی بەرژەوەندین و بەس، گرنگ نییە چەندە بە میدیای خۆگونجێن دابپۆشرێت و خۆی بە دڵسۆز و بایەخدەر پیشان بدات. چونکە دەوڵەتە زلەکان، بەدەر لەوەی قەیرانەکان بەڕێوە دەبەن چارەشی ناکەن، مەگەر بۆ بەردەوامیدان بە پلانەکانی خۆیان نەبێت، کە پێگەی ئابوورییان بەهێز دەکات، ئەوان لەو کاتەوەی چەمکی دەوڵەتیان پێش خستووە، ڕێچکەی پاراستنی هێزی خۆیان بە چەندەها ستراتیژی جۆراوجۆر گرتووەتە بەر کە زۆربەی لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە.
ئەوان بازاڕیان کردووە بە تەرازووی هێز، هەڵبەت لە ڕێگەی ئەو پێشکەوتنانەی کە دروستی دەکەن یان بەشدارن لە دروستکردنیان. ئەم هاوکێشەیە بنەمای سەرەکیی ململانێکانە و جۆر و ئاراستەشیان دیاری دەکات و لەسەر بنەمای ئەوە، نەخشەی بڕیارە سیاسییەکانیان دەنەخشێنن.
دەگەڕێمەوە و دەڵێم هەردوو بیرۆکەکە: دەوڵەتی-کۆمپانیا و کۆمپانیای-دەوڵەت لە ئارادان، بەڵام بۆ پێداویستی و ئامانجی پلاندانراو هاتوونەتە کایەوە.
بەشێک لەو دەوڵەتانەی کە زۆربەی ئابوورییەکەیان لەسەر کۆمپانیاکان وەستاوە، توانیویانە ناسنامەی نیشتمانی و ڕەگەزی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن. بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی وەک دەوڵەت وان، بەدوای بازاڕ و کڕیارەکانیاندا دەگەڕێن و کاڵا دابین دەکەن و پارەکەی وەردەگرن. ئەم کۆمپانیایانە یان بەهۆی بێلایەنیی کارە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکانیانەوە پارێزراون یان بەهۆی هێزی نێودەوڵەتییەوە کە لەگەڵیان کار دەکەن و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە.
قسەی من ئاراستەی ئەو کەسانەیە کە وێنەی دەوڵەتی بێکار گەورە دەکەن؛ ئەو دەوڵەتەی کە بڕیارەکانی بەهۆی ئایدیای سەرکردەکانی زایە دەکات.
لەسەر چەمکی دەوڵەت بخوێننەوە و بەراوردی بکەن بە واقیع، پاشان ئەگەر دەتانەوێت دەوڵەتەکەتان پێش بکەوێت، زیاتر لەوەی قسە بکەن، کار بکەن!

