رۆژنامەی ھەولێر

سەربەخۆیی كوردستان و دیوێكی تری لێدوانەكانی تۆم باراك

مەشخەڵ كەوڵۆسی
بەم دواییانە لێدوانەكانی “تۆم باراك” مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەڵبەتە سروشتی لێدوانەكان و ڕادیكاڵی بوونی نەهجی پێشكەشكردنی لێدوانەكان، خۆی لەخۆیدا جورێكی نوێ و هەڵگری خورپەبوو. بۆیە ئاساییە كاردانەوەی جۆراوجۆر و، خوێندنەوەی جۆراوجۆر بهێننە كایەوە.
ئەڵبەت لێدوان یان پەیامەكانی تۆم باراك، لێدوانی ئاسایی نین، بەڵكو كۆدی گرنگن لەچركەساتی گرنگ و چارەنوسساز و، پێویستە كۆدەكان شیبكرێنەوەو، بەشێوەی بابەتی قسەیان لەسەر بكرێت و، هەموو ڕووەكانی بخوێندرێنەوە. ئەگینا یەك دید و یەك شێوە لێفامین لەم كۆدانە، بە هەڵەی گەورەو چارەنوسسازمان دەگەیەنێت و، لەوانەیە دەرفەتی سەدەمان لەدەست بدات.
ئەوە بەو مانایە نیە كە بڵێین: بابەتەكە لەبەرژەوەندی ئێمەیە و، پێویستە بەو میتۆدە مامەڵە بكەین كە ئێمە پێمان وایە ڕێگە دروستكەیە. بەڵام دەبێ وشیاربین بەرانبەر چركەساتی لێدوانەكان و، هەروەها ئەو دەرفەتانەش كە لێی وەردەگیرێن. بۆیە من ئەوەندەی گۆشەی ڕۆژنامەیەك ڕێگە بدات، ئاماژەی كورت دەكەم بە یەكێك لەو لێدوانانەی كەپێم وایە جومگەیین و، ڕێك و ڕەوان لەبەرژەوەندی كوردستانن تاكو ڕادەی سەربەخۆیی.
تۆم باراك لە لێدوانێكیدا كۆدێكی زۆر گرنگی بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیەی پێی دەگوترێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕیدا، بەڵام وادیارە لانی كەم لای كورد، گوێی گوێگری نەبوو. یانی هیچ بایەخێك بەو كۆدە نەدرا و، خەریكە تێدەپەڕێت و، میدیاكانی ئێمە، قسەیان لەسەر نەكرد و، نەمانكردە مادەی گفتوگۆ و شیكاری.
باراك گوتی: كوردەكانی نایانەوێ تێكەڵی ڕژێمەكان ببن، نەوتیش لەژێردەستی ئەواندایە. هەروەها گوتی: نە مەركەزی ونە فیدراڵی و ئێمە ڕێز لە ئۆپشنەكانی گەلانی ناوچەكە دەگرین.
ئەم لێدوانە لەكاتێكدا بایەخی تەواوی دەردەكەوێت، كە دەیخەینە پاڵ لێدوانێكی تری، كاتێ گوتی: لەم ناوچەیەدا شتێك نیە بەناوی دەوڵەت! ئەوەی هەیە هۆز و تایفەكانن!..
باشە لێرەدا ڕاوەستین و بپرسین: لەكاتێكدا ئەمریكا لەزاری تۆم باراكەوە، دەڵێت: لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەت نیە، ئەوە بەو مانایە ئەمریكا فەراغی ستراتیژی لە بونیادی ناوچەكە دەبینێت و، سەردەم سەردەمی دەوڵەتە نەك هۆز و یەكەی ناسیاسی و ناقانونی، ئینجا دێت و دەڵێت: نە مەركەزی و نەفیدراڵی سەرنەكەوتوون. . ئەمەش نیوەبازنەی دووەمی هەرە گرنگی كۆدەكەیە و، پێویستە لەوە تێبگەین كە هەوڵەكانی پڕكردنەوەی بۆشایی نەبوونی دەوڵەت لەناوچەكەدا تاكو ئێستا “لەدیدی ئەمریكاوە” سەركەوتوو نەبوون و بۆشاییەكە هەر ماوەو، پێویستی بەدۆزینەوەی سیغەیەكی ترە.
نیوە بازنەی سێیەمی ئەم كۆدە ستراتیژییە، ئەوەیە كەبە ئاشكرا دەڵێت: كوردەكان نەوتیان لەژێردەستە و ئاسانتر دەتوانین مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین.
لەگەڵ من سەیری كۆی كۆدەكان بكە: 1- لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەت بوونی نیە و تائێستا هەر هۆز هەیە. 2- شێوازەكانی مەركەزی و فیدراڵی شكستیان هێناوە.3- كوردەكان نەوتیان لەژێردەستە و دەتوانین ئاسانتر مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین.
دەپرسم: چی لەوە ڕوونتر كاتێ زلهێزێكی وەكو ئەمریكا دەیەوێت بونیانی دەولی لەم ناوچەیە ڕێك بخاتەوەو، دەوڵەت دروستبكات؟ بەدیلەكەشت بەڕوونی پێدەڵێت و دەڵێت: كوردەكان “نەوتیان لەژێردەستەو دەتوانین ئاسانتر مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین” پێت وایە هیشتا ئەقڵێكی سەروی ئاساییمان دەوێت كەلەو لێدوانە تێبگەین و، بگەینە ئەو بڕوایەی كە كورد یەكێك لە بەدیلەكانە بۆ ئەو پرۆسەی گۆڕانكارییە؟.
هاوكات دەڵێم: لەكاتێكدا دەڵێت: نە مەركەزی و نەفیدراڵی سەركەتوو نەبوون و، ئێمە ڕێزی لە ئۆپشنەكانی گەلانی ناوچەكە دەگرین! ئایا ئەگەر كورد ئەم لێدوانە بەكاربهێنێت و، پەرلەمانی كوردستان و ئەكتیڤ بكاتەوەو، بڵێت: گەلی كورد سەربەخۆیی دەوێت، چی زیادەڕەوییەكی كردووە؟ ئەو پێت ئەڵێت فەرموو بەم ڕێگەیە داوا بكە لەكاتێكدا ئێمە دەمانەویت بۆشایی نەبوونی دەوڵەت پڕ بكەینەوە. ئیتر گڵۆپی سەوز لەمە گەشتر؟ بۆچی كورد بیر لەسەربەخۆیی ناكاتەوە لەسەردەمی تۆم باراكدا؟